Accessibility links

ستراتیژی پارتی دەم لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تورکیادا


پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان دەم (DEM)، لە شارە کوردییەکانی تورکیادا ستراتیجی خۆی ڕوون کردەوە و لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووشدا، هەڵبژاردنی بەرایی خۆی بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدەکانی لە هەموو ئەو شار و شارۆچکانە تەواو کرد.

ئێستا سەرنجی حکومەتی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنیش لەسەر پارتی دەمە، تا بزانن لە شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا چی دەکات؟

ئایشەگوڵ دۆغان، سەرۆکی پارتی دەم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، لە 35 شار و شارۆچکەی تورکیا، لەنێویاندا ئانکەرە و ئەنتاڵیاش بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.

بەڵام پارتی دەم هیچ شتێکی بە ڕوونی بۆ ئەستەنبوڵ ڕانەگەیاندووە.

ڕۆژ ئەسیر گیراسون، سەرۆکی توێژینەوەی ڕاوەست و مەهمەت عەلی کولات، سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەی ماک، بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی 31ی سێ و پارتی دەم بۆ دەنگی ئەمەریکا لێدوانیان دا.

ڕۆژ ئەسیر گیراسون گوتی، "پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پێویستیان بە پارتی دەم هەیە."

گیراسون ئەوەشی خستە ڕوو کە چاوەڕوانی ئاکەپە ئەوەیە کە پارتی دەم لە ئەستەنبوڵ و زۆرێک لە شارەکان کاندید دیاری بکات.

کۆبوونەوەکانی نێوان جەهەپە و دەم بەردەوامە. تا ئێستا هیچ لایەک هیچ شتێکی ڕوونیان ڕانەگەیاندووە. کاتێک گیراسون باس لە داواکارییەکانی ئاکەپە و جەهەپە لە دەم دەکات دەڵێت "داواکارییەکانی ئاکەپە و جەهەپە لە پارتی پاتی دەم وەک یەک نین، جیاوازن. بەڕای من تا ئێستا جەهەپە داواکارییەکانی خۆی ڕوون نەکردووەتەوە. جەهەپە دەیەوێت پارتی دەم کاندیدێکی لاواز لە ئەستەنبوڵ کاندید بکات یان کاندیدێک کاندید نەکات و ڕاستەوخۆ پاڵپشتی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو بکات، بەڵام ئاکەپە دەیەوێت پارتی دەم کاندیدێکی بەهێز لە ئەستەنبوڵ هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی دەنگیان بۆ جەهەپە نەچێت."

مەهمەت عەلی کولات دەڵێت پارتی دەم لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا گیری خواردووە، "ئەم شتە ئێستا تاوتوێدەکرێت. ئەگەر حکومەت ڕاستەوخۆش نەیڵێت، بە پارتی دەم دەڵێت، ئەگەر ناتەوێت نوێنەری حکومەت (قەیوم) نەمێنێت پشتگیری جەهەپە مەکە یان پشتگیری ئێمە بکە. لە ڕاستیدا دەنگدەرانی پارتی دەم بە چ جۆرێک پشتیوانی ئاکەپە دەکەن، بابەتێکی ئاڵۆزە."

کولات ڕادەگەیەنێت بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان ئاکەپە لەم دواییانەدا کەمێک پێشکەوتووە. دەشڵێت ژمارەی دەنگدەرانی پارتی دەم لە ئەستەنبوڵ زیاترە لە سەدا 10، بۆیە ئەگەر دەم هاوکاری جەهەپە نەکات، ئەستەمە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە ئەستەنبوڵ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

شایانی باسە، تولای هاتیمئۆگولاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم، ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ جەهەپە لەسەر ئەستەنبوڵ نەکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:38 0:00

XS
SM
MD
LG