Accessibility links

دوو سەرچاوەی پارێزگای دیالە: فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا خرایە خوارەوە


فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی MQ-9
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی MQ-9

دوو سەرچاوەی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای دیالە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستیانکردەوە کە شەوی پێنجشەممە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا لە پارێزگای دیالە لەلایەن هێزە شیعەکانەوە کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای دیالە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتژمێر 6:30ی شەوی پێنجشەممە، لە قەزای شارەبانی پارێزگای دیالە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا کراوەتە ئامانج."

بە پێی وتەی سەرچاوەکە، ئەو ناوچەی کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی لێوە کراوەتە ئامانج، ناوچەیەکی سەربازی نزیک لە شارەبانە و بە "فەیلەق" ناسراوە. ئەو ناوچە سەربازییە هێزەکانی بەدری شیعە و گومانی بوونی هێزی ئێرانیشی تێدا دەکرێت.

سەرچاوەکە وتی، "فڕۆکەکە لە فەیلەقەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام لە ناوچەی ئیمام وەیس و بەدیاریکراوی لە نزیک گوندی عەمبەگی کەوتووەتە خوارەوە."

بەپێی وتەی میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی، فڕۆکە ئەمەریکییەکە فڕۆکەی چاودێری بووە و چەند کاتژمێرێک پێشتر لە وڵاتی کوێتەوە هەستاوە، بەڵام کاتێک گەیشتووەتە ئاسمانی قەزای شارەبان کراوەتە ئامانج.

میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی ئاماژەشیان بەوەکردووە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە بە موشەکی جۆری سەقەر 358ی دروستکراوەی ئێران کراوەتە ئامانج و تێکشکێنراوە.

سەرچاوەیەکی تری ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای دیالە بە ئامانجکردنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند، "لیژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی شارەبانیان کرد بۆ هەڵگرتنەوەی پاشماوەی فڕۆکەکە، بەڵام پێشتر هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێکی زۆری پاشماوەی فڕۆکەکەیان بردبوو."

قەزای شارەبانی پارێزگای دیالە هەرچەندە ناوچەیەکی سوننەیە بەڵام میلیشیا شیعەکان تێیدا باڵادەستن.

لە دوێنێ شەوەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی خستنەخوارەوەی فرۆکە بێ بڕۆکەوانەکە بڵاوکراوەتەوە.

کاربەدەستێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەواڵی کەوتنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکای بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە و وتی "کاتژمێر 7:20 ی شەوی پێنجشەممە فڕۆکەیەکی فی فڕۆکەوانی جۆری UAV لە نزیک بنکەی ئاسمانی بەلەدی عێراق. هێزەکانی ئاسایشی عێراق پارچەکانی فڕۆکەکەیان کۆکردووەتەوە. باس لە هیچ زیانی گیانی نەکراوە. لێکۆڵینەوەیەک لە ئارادایە سەبارەت بە هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە."

بە گوێرەی پەیامنێری ئاژانسی فاکس نیوزی ئەمەریکا، لوکاس تۆملینسن، فڕۆکەکە لە جۆری MQ-9 ڕیپەرە و بەهاکەی 32 ملیۆن دۆلارە. ڕۆژنامەنووسەکە دەڵێت لە مانگی یازدەی ساڵێ ڕابردووەوە ئەمە دووەمجارە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران ئەمجۆرە لە فرۆکەی ئەمەریکا دەخەنە خوارەوە.

XS
SM
MD
LG