Accessibility links

کونسوڵى فیلیپین لە هەولێر: هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و هەزاران هاوڵاتیمان لەوێ کاردەکەن


دوای هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر کە بووە هۆی کوژرانی 4 کەس و لە نیوانیان هاوڵاتییەکی فیلیپینی هەبوو، کونسوڵی فەخری ئەو وڵاتە لە هەولێر دەڵێت ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە گشتی لەبارە و هەزاران هاوڵاتییان لە چەند ساڵی ڕابردوو هاتوونەتە هەرێمەوە بۆ کارکردن.

کونسوڵی فەخری فیلیپین بۆ هەرێمی کوردستان، فەلاح ئەنوەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو هێرشانەی کەکراون سەربازی بوون و غەدرێکی زۆریان لێکردوین، دەنا لە سۆنگەی ئاسایش و ئارامیەوە، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و نزیکەی 2 بۆ 3 هەزار هاوڵاتی فلیپینی لە هەرێمی کوردستان لەناو ماڵان و لەنێو بازاڕ کاردەکەن."

وتیشی، " لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین تاوەکو ڕێگری بکرێت لە هێنانی هاوڵاتیانی فیلیپین بەشێوەی قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان، زۆربەیان بەڕێگەی فیزای گەشتیاری دێنە هەرێمی کوردستان دەنا ئەوان بە شێوەی ڕەسمی ناتوانن بێنە عێراق و هەرێمەوە. لێرە لە بەر ئەوەی لەو ماڵانەدا کاردەکەن کە دۆخی ئابوریان باشە، بڕەپارەیەکی باشیان دەستدەکەوێت".

نزیکی کاتژمێر 11:30ی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین موشەکی بالستی هێرشیکردە سەر هەولێر و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکە برینداربوون.

لە نێو قوربانییەکان، هاوڵاتییەکی فیلیپینی بە ناوی میشێل میندۆزا گیانیلەدەستداوە و دوو فیلیپینی تریش برینداربوون.

هەرسێک لە هاوڵاتییە فیلیپینییەکان وەک کارگوزار لە ماڵی سەرمایەداری شاری هەولێر پێشڕەو دزەیی کاریاندەکرد، کە ئەویش لەگەڵ منداڵێکی ساوای خۆی و سەرمایەدارێکی میوانی گیانیلەدەستدا.

تیمەکانی پشکنین و فریاگوزاری لە هەولێر دەڵێن هێشتا تەرمی میشێل میندۆزای تەمەن 41 ساڵ لە ژێر پاشماوەی هێرشەکان نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، میشێل میندۆزا نزیکی 7 ساڵ لەمەوبەر هاتۆتە هەرێمی کوردستان بەدوای هەلی کاردا و لە چەند مانگی ڕابردوو وەک دایەنی کچەکەی پێشڕەو دزەیی کاریکردووە، کە ئەویش تەمەنی کەمتربوو لە ساڵێک و لە هێرشەکە کوژرا.

کەسوکاری میشێل لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی فیلیپینەوە داوای "بەڵگەی ڕوون" دەکەن لەسەر گیانلەدەستدانی.

کونسوڵی فەخری فیلیپین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە تیمەکانی پشکنین دڵنیاییان داوە لەوەی کە میشێل لە کاتی هێرشەکەدا لەناو ماڵی پێشڕەو دزەیی بووە. تیمەکان بەشێک لە جەستەی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە، وە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجامی پشکنینەکانی پزیشکی دادی ڕادەگەیەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەکەی.

فەلاح ئەنوەر وتی، "ڕۆژی یەکشەممە یان دووشەممە پشکنینەکانی ئەو جەستەیە تەواودەبن. ئێمە چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ دیاری کردنی چارەنوسی ئەو هاوڵاتیە."

دەشڵێت وەزارەتی دەرەوەی فیلیپین چاوەڕوانی ڕاپۆرتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر هێرشەکە و دوای ئەوە هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت.

لەدوای هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە، باڵیوزخانەی فیلیپین لە عێراق لە ڕێنماییەکیدا سەرجەم هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە لە عێراق کاردەکەن ئاگادارکردەوە بەوەی هاتووچۆیان لە شوێنە گشتییەکان کەمبکەنەوە و خۆیان بەدوربگرن لەو شوێنانەی کە کۆبوونەوەی گشتیییان تێدا ئەنجامدەدرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:06 0:00
XS
SM
MD
LG