Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیدەکاتەوە منداڵێک لە هێرشەکەی سوپای پاسداراندا بۆ سەر هەولێر کوژرابێت


وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ڕەخنەکان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و کوشتنی منداڵێکی ساوا، ڕایگەیاند " هیچ بەڵگەنامەیەک لەبەردەستماندا نییە کە منداڵێک لە عێراق کوژرابێت".

بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای 'ئیسنا'، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هانێکە بروینز سلۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، " منداڵکوژ "ی کۆماری ئیسلامی لە هەرێم ڕەتکردوەتەوە و ڕایگەیاندووە "ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرانەی تیرۆر بووە و لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکان و بەرگری شەرعی و ڕەوادا بووە."

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ڕۆژی هەینی 19ی ئەم مانگە ڕایگەیاند بە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێکی هۆڵەندی تەمەن چەند مانگێک لە هێرشی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەولێر، باڵیوزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەو وڵاتە بانگهێشت کردووە. هانێکە بروینز سلۆت لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر نووسیبووی " مردنی منداڵێکی بچووک کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێکە بە ڕاستی دڵتەزێنە. هاوسۆزی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە خەمبارەکەی و قوربانیانی دیکەی ئەو هێرشە دەکەین."

هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی توندی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها وڵاتانی ڕۆژئاوای لێکەوتەوە.

دوابەدوای هێرشی سوپای پاسداران بۆسەر هەرسێ وڵاتی عێراق، سوریا و پاکستان، بەرپرسانی ئەمەریکایی نیگەرانی خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە دەربڕی.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە دیدارێکدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، جەختی لە سەر سەرکۆنەکردنی هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەولێر لە لایەن ئەمەریکاوە کردەوە.

هەروەها مەتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەم چوارچێوەیەدا گوتی "ئێمە دژی هێرشە مووشەکییە بێ هۆکارەکانی ئێرانین کە سەقامگیری عێراق تێکدەدەن، هەروەها پاڵپشتی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلەکەیان."

شەوی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بە فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ماڵی پێشڕەو دزەیی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کرایە ئامانج و لەو هێرشەدا، پێشڕەو دزەیی لەگەڵ ژینای کچی و هاوڕێیەکی بازەرگانی و کارگوزارێکی ماڵەکەی کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
لە هەواڵەکاندا تەمەنی کچەکەی پێشڕەو دزەیی بە 11 مانگ ئاماژەی پێکراوە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG