Accessibility links

وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەرێم: کۆمیسیۆنی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان داوای هەماهەنگی لێنەکردووین


وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ هەماهەنگییەک لە نێوان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هیچ داوایەکی فەرمی بۆ هەماهەنگیکردن لێنەکردوون.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، خشتەیەکی کاتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە، تێیدا پێشنیاریکردووە لە ڕۆژی 30 ی مانگی 5 ی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

شێروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرچەندە یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەیە بە ئاگاداری یۆنامی، یاداشتەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراق و هەرێمەوە پەسەند کراوە، بەڵام تا ئێستا هەماهەنگییەکمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق نییە، چونکە بەفەرمی داوایان لێنەکردووین."

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 23ی مانگی 12 ی 2019، تەمەنی یاسایی بەسەرچووەو لەکاتی کارابوونی پەرلەمانی کوردستان دا، ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ڕێگربوو لە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنەکە.

بڕیارەکەی ڕۆژی 30 ی مانگی 5 ی 2023ی دادگای فیدراڵی عێراق، کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە، یەکێکیتربوو لە ڕێگرییەکانی بەردەم کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، بۆیە ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سپێردرایە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق.

شێروان زرار دەڵێت،"چاوەڕوانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دەست بەکاربوونی پەرلەمانی داهاتووی کوردستانین، تا بابەتی کۆمیسیۆن و کارا کردنەوەی یەکلایی بکاتەوە."

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان خاوەنی 4 نوسینگەیە لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک فەرمانبەر لەو نوسینگانە دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن، هەرچەندە کۆمیسیۆنی هەرێم تەمەنی یاسایی بەسەرچووە.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم دەڵێت،"کارمەندانی نوسینگەکان قەرمانبەرن و ئیش و کاری خۆیان دەکەن، ئێمە پلانی خۆمان هەیە بۆ ئیش و کارو تۆماری دەنگدەران. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بەشێوەی کاتی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم دەکات، چونکە بەپێی یاسای هەڵبژاردن کۆمیسیۆنی هەرێم بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە هەرێم."

لە ڕۆژی 16 ی مانگی 7 ی 2023، دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە.

شێروان زرار وتی،"کاتی خۆی کۆمیسیۆنی هەرێم کارا نەکرایەوە، هەرچەندە بەنوسراو داوای کارا کردنەوەی کۆمیسیۆنمان کرد، تا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکەین، بەڵام لایەنەکان ڕێکنەکەوتن و دادگای فیدراڵی عێراقیش درێژکردنەوەی پەرلەمانی ڕەتکردەوە."

XS
SM
MD
LG