Accessibility links

گرتن و لێدانی 8 کۆڵبەری کوردی ئێران لە ناوچەی هەورامان کاردانەوەی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت


کاردانەوەکان لەسەر گرتن و لێدانی 8 کۆڵبەری کوردی ئێران لە ناوچەی هەورامان بەردەوامن و لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر گرتنی کۆڵبەرەکان پێکهێنرا. داواکاری گشتی هەڵەبجەش داوای ئەو ئەفسەر و پۆلیسانە دەکات کە کۆڵبەرەکانیان دەستگیرکردووە. پێگەی هەنگاویش دەڵێت ئەمڕۆ 3 کۆڵبەر بە گولەی هێزە ئەمنیەکان لە سنوری نەوسود- شۆشمێ کوژراو برینداربوون.

ڕۆژی یەکشەممە لە سنوری مەرزی شۆشمێ تەوێڵە 8 کۆڵبەر دەستگیرکران، دوای لێدانی توندی جەستەیی و دەستگرتن بەسەر مۆبایلەکانیان و هێشتنەوەیان بۆ ماوەی یەک شەو بەسەرتاشراوی بەرەو ئێران لە ڕێگەی نیشنگەی تەوێڵەوە ئاودیوی ئێران کرانەوە .

سەرکەوت عەلی یەکێک لە کۆڵبەرەکان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە 6 کۆڵبەری خەڵکی مەریوان و 2 کۆڵبەری جوانڕۆ بووین، چاوەڕێی هاتنی کۆڵەکانمان دەکرد لە تەوێڵەوە بیبەین بۆ دزاوەر، بەڵام کەوتینە بۆسەیەکی 2 کەسی پاسەوانی سنوری عێراقەوە، دواتر دوو ئۆتۆمبێلی چەکداریان بانگرد، بە قۆنداغی چەک و بە شەق و زلە، ئێمەیان بردە سۆسەکان، لەوێ ئازارێکی توندی جەستەییان داین".

ئەو کۆڵبەرە گوتیشی، " شەوێک لە ژوورێکی ساردا، ئێمەیان هێشتەوە دوایی ئێمەیان بردە خورماڵ و لەوێ دوامان لێ کردن کە لێتان داوین سەرمان مەتاشن بەڵام سەریان تاشین، هەموو مۆبایلەکانیان بردین کە هەندێکیان نرخیان (8 تا 10) ملیۆن تمەنی ئێرانیە، ڕێگەشمان نادەن بێینەوە بۆ تەوێڵە".

لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا ئەمڕۆ دووشەممە 22ی یەکی 2024 ژمارەیەک لە توێژە جیاجیاکانی هەڵەبجە لەبەردەم مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی پاسەوانی سنوری عێراقیانکرد بەرامبەر بە کۆڵبەرەکان .

مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " بەناوی خەڵکی هەڵەبجەوە ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی پاسەوانی سنور دەکەین، داوای لێبوردن لە دانیشتوانی پاوە و مەریوان و جوانڕۆ و تەواوی ناوچەی هەورامانات لە دیوی ئێران دەکەین، ئێمە چاکەی خەڵکی هەوراماناتمان لە کیمیاباران و ڕووداوەکانی دیکەی هەڵەبجە لە بیر ناچێتەوە کە ماڵەکانیان بۆ واڵاکردین".

دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی ئازاردانی کۆڵبەرەکان لە سۆشیاڵ میدیا، مامەڵەی پاسەوانی سنوری عێراق لەگەڵ کۆڵبەرەکان، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، لە نوێترین کاردانەوەکانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێکهێنرا.

د. موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر مامەڵەی پاسەوانی سنور لەگەڵ کۆڵبەرەکان پێکهێنراوە، لیژنەکە لە هەولێرەوە هاتوون کە سەر بە بەغدان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، ئەوان دەتوانن کۆڵبەرەکان دەستگیر بکەن و بیاندەنە دادگا نەک خۆیان لێیان بدەن و سوکایەتیان پێ بکەن، ئێمە قسەمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە دوای لێکۆڵینەوەی وردمان کردووە".

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور (حەرەس حدود)ی عێراق لە سنووری نەوسوود کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.

هەنگاو دەڵێت " کوژراوەکە ناوی هۆشیار مەحمووییە و تەمەنی 40 ساڵە و خەڵکی گوندی شمشێری سەر بە شاری پاوەیە، خێزاندارە فیشەک بەر سەری کەتووە. دوو کۆڵبەری دیکە تا ئێستا ناسنامەی یەکێکیان بە ناوی ڕزگار فەرەجی ڕوون بووەتەوە بریندارە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی نەوسوود گواستراونەتەوە".

دەستەیەکی پارێزەری خۆبەخش لە پارێزگای هەڵەبجە لە ڕێگەی داواکاری گشتی هەڵەبجەوە، لیوای 2ی پاسەوانی سنوری فەوجی بیارەیان، ئاگادارکردووەتەوە کە تۆمەتبارانی ئەو ڕووداوە بە دادگا بناسێنن".

گۆران ئەسوەد پارێزەری خۆبەخش لە کەیسەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " گرفتی سەرەکی ئێمە ئەوە بوو کۆڵبەرەکان پاسپۆڕتیان نیە، ناتوانن وەک سکاڵاکار ڕاستەوخۆ بێنە دادگای هەڵەبجە، ئێستا لە ڕێگەی داواکاری گشتیەوە داوامان لە پاسەوانی سنور کردووە زانیاری لەسەر ڕووداوەکە و تۆمەتبارەکان بدەنە دادگا، ئەگەر پاسەوانی سنور بەدەم داواکەی دادگاوە نەیەت، ئەوا ئێمە لەڕێگەی هەواڵدەرەوە، لەڕێگەی داواکاری گشتیەوە دۆسیەی سزایی لەسەر پاسەوانی سنور دەکەینەوە".

پارێزەرە خۆبەخشەکە وتیشی" لە چەند لایەنەکەوە هەوڵمان داوا کۆڵبەرەکان خۆشیان بێنە هەرێمی کوردستان و سکاڵا تۆماربکەن، ئەگەر ئەو کۆڵبەرانەش بە نایاسایی هاتبن، لە دەسەڵاتی پاسەوانی سنور نیە لێیان بدات و مۆبایلیان لێ وەربگرێت و سەریان سفر بکات".

دەنگی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندی کرد بە عەمید حەسەن حەمید فەرماندەی لیوای 21 پاسەوانی سنور، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات، ئەو وتی " خۆمان لە پەیجی ڕەسمی خۆمان ڕوونکردنەوە بڵاودەکەینەوە". بەڵام هێشتا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە

کۆڵبەرەکان ئەوەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا خستەڕوو، ئەوان پۆشاکیان پێ بووە و لە ناحیەی خۆرماڵ بە شێویەکی یاسایی کۆڵەکانیان ڕسوماتی گومرگی دراوە، ڕۆژانە تەنها 30 هەزار دیناری عێراقیان دەستدەکەوێت، لە ڕێگایەکی سەختی پڕ لە مەترسیدا هەمیشە دەبنە نێچیری کەمینەکانی هێزەکانی عێراق و ئێران.

XS
SM
MD
LG