Accessibility links

حامیدی حاجی غالی زانیاری لەبارەی "کۆنترۆڵکردنی" سەنتەرەکەیان لەلایەن کۆماندۆی یەکێتییەوە ئاشکرا دەکات


حامیدی حاجی غالی، سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف
حامیدی حاجی غالی، سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف

سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف ڕایدەگەیەنێت، خۆی و بەشێک لە ستافی سەنتەرەکەی لەگەڵ ئەوەدان لە ژێر چەتری یەکێتی دا ئیش و کارەکانیان ڕاپەڕێنن، بەڵام هەریەک لە مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا و چەند کەسێکی تر ڕای جیاوازیان هەیە.

حامیدی حاجی غالی، سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لەم سنورەداین و لە ژێر چەتری یەکێتیداین، من بە بێ یەکێتی ئیش لەو سەنتەرەدا ناکەم. گەر یەکێتی هاوکاری کردین، ئیش دەکەم، هاوکاری نەکردین، لێی دەردەچم و ڕادەستی ئەوانی تری دەکەم."

مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوون، بەڵام بەشداری کۆنگرەی پێنجی یەکێتییان نەکرد و لە ئێستادا هیچ پۆستێکی حزبی فەرمییان لەنێو ئەو حزبەدا نەماوە.

حامیدی حاجی غالی وتیشی، "لەبارەی بوونی سەنتەرەکە لە ژێر چەتری یەکێتی دا، ئەوان ڕایەکی تریان هەیە و ڕاکەیان جیاوازە لە من."

سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف لە ساڵانی 2000 بۆ 2001 لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی نێو یەکێتی و کۆمەڵێک کەسایەتییەوە دامەزرێنراوە. ساڵانە لەناوچەی قەرەداغ ڤیستیڤاڵی کلتوری ئەنجام دەدەن.

دوێنێ یەکشەممە، میدیاکانی هەرێمی کوردستان هەواڵی کۆنترۆڵکردنی سەنتەرەکەیان لەلایەن هێزێکی کۆماندۆی یەکێتی لەشاری سلێمانی بڵاو کردەوە، گوایە هێزەکە لەسەر داوای حامیدی حاجی غالی و بەبڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەنتەرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

حامیدی حاجی غالی دەڵێت، "سەنتەری ئێل بەگی جاف لە بینایەکی کۆندا بوو، من بینایەکی تازەم بۆ سەنتەرەکە گرتووە کە هەرگیز سەنتەرەکە بینای وای نەبووە. بافڵ تاڵەبانی پاڵپشتی کردین و هەموو کەرەستەی تازەی بۆ بینا تازەکە دابینکرد."

هەروەها وتیشی، "بینا کۆنەکە پێشتر نەخۆشخانەی چەمی ڕێزانی تێدابوو، وتم کاک بافڵ ماڵتان ئاوا بێت و بینا کۆنەکە جێدەهێڵین و دەچینە بینا تازەکە، ئەوانیش ڕۆیشتوونەتە بینا کۆنەکە و 5 خولەکیان پێچووە بۆ ئەوەی سەیری بکەن و دواتر ڕۆیشتوون، وەڵاهی ئەو هاتوهاوارەی بڵاو بووەتەوە ڕاست نەبوو."

جەختیشیکردەوە، "بافڵ پێیوتم، 'ئەو سەنتەرە کاتی خۆی باوکم دروستیکردووە، هەموو پاڵپشتییەکتان دەکەم.'"

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندیکرد بە بە مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا بەڵام پەیوەندییەکانیان بەردەستنەبوون.

چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا بڵاویانکردووەتەوە، ئەو دوو سەرکردەیەی پێشتری یەکێتی پەیوەندییان بە سەنتەرەکەوە نەماوە و چەند ساڵێکیش نەڕۆیشتوونەتە سەنتەرەکە.

سەبارەت بە هەبوونی کێشەی لەگەڵ مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا لەسەر بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە، حامیدی حاجی غالی وتی، "کێشەشمان هەبێت باسی ناکەم، بەڵام ڕای جیاوازمان هەبووە."

هۆزی جاف بە یەکێکە لە هۆزە گەورەکانی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران دادەنرێت و دەیان تیرەی جیاواز لە خۆ دەگرێت، پێکهاتەی ئەو هۆزەش بەسەر حزب و لایەنە سیاسییەکاندا دابەشبووە.

سەبارەت بەوەی تا چەند تیرەکانی جاف ڕازین بەوەی ئەوان نوێنەرایەتییان بکەن و سەنتەریان بەناوەوە دابمەزرێنن، حامیدی حاجی غالی سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف وتی، "خەڵک لەناو خێزانەکەی خۆشی هەمووی لێی ڕازی نییە، بەڵام تا ئێستا ناڕەزایەتیم نەبیستووە. بەهەموو ستافی سەنتەرەوە چیمان پێکرا بێت کردوومانە و کەموکوڕیشمان هەبووە، هەرکەس ئیش بکات باشە و کەموکوڕیشی هەیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:15 0:00

XS
SM
MD
LG