Accessibility links

لە ماوەی 24 کاتژمێردا مامۆستایەکی ئایینی کورد و گەنجێک لە ئێران لە سێدارە دەدرێن


محەممەد قوبادلوو
محەممەد قوبادلوو

لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا گەنجێکی خەڵکی پەرەندی تاران و مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی سەقز لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کرا، لە کاتێکدا ئێران دەستی نەپاراستووە لە لەسێدارەدانی مامۆستایانی ئایینی و گەنجان دوای زیندانیکردنیان بە تۆمەتی جیاجیا.

محەممەد قوبادلوو، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ دوای دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ناسراو بە 'ژن،ژیان،ئازادی" ڕۆژی سێشەممە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا، سەرەڕای ئەوەی قوبادلوو تووشبوویی نەخۆشی دەروونی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، سزای لە سێدارەدانی محەممەد قوبادلوو، کە گەنجێکی شاری پەرەندی تاران بوو لە بەندیخانەی قەزڵحەسەری شاری کەرەج جێبەجێ کراوە.

هەنگاو ئاماژە بەوە دەکات بەبێ لەبارچاوگرتنی باری دەروونی ئەو گەنجە زیندانیکراوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکراوە، هەنگاو دەڵێت "ئەمە کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاساکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت یاساکانی خودی ئێرانیشی دەزانێت."

هەروەها بە گوێرەی ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، هەمان ڕۆژ مامۆستایەکی ئایینی سونی تەمەن 43 ساڵی خەڵکی سەقز بەناوی فەرهاد سەلیمی دوای 14 ساڵ زیندانیکردن بە تۆمەتی "جودابیری ئایینیەوە" لە زیندانی قەزڵحەسەر لە شاری کەرەج لەسێدارە دراوە. لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بووە و ڕێگە بە کەسوکارەکەشی نەدراوە بەر لە سێدارەدانی چاویان پێی بکەوێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان فەرهاد سەلیمی لەگەڵ سێ زیندانی دیکەی تۆمەتبار لە کەیسی هاوشێوەدا بە ناوەکانی کامەران شێخە، خوسرەو بەشارەت و ئەنوەر خوسری، پێشتر وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی داود عەبدوڵڵاهی مانیان لە خواردن گرتبوو .

سەرەڕای هەوڵی بنەماڵەکانیان و گوشارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سزای لەسێدارەدانی سێ کەیسی دیکەی هاوشێوەی ئەم زیندانییە بە ناوەکانی قاسم عەباستە، ئەیوب کەریمی و داود عەبدوڵڵاهی جێبەجێ کراون .

فەرهاد سەلیمی، لە ناوەڕاستی ساڵی 2010 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیش بووەتەوە.

سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی زیندانیانی کورد کە بە تۆمەتی جیاجیا تۆمەتبار کراون، لە نێویاندا ئەو کەسانەی بەشداریان کردووە لە ناڕەزاییەتییەکانی ناسراو بە "ژن،ژیان،ئازادی' کە لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. بەشێک لەو سزایانەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی ئەو کەسانە لە ڕووی دەروونی و تەمەن و تەندروستییەوە جێبەجێ کراون.

XS
SM
MD
LG