Accessibility links

لێکدانەوەکان بۆ دواخستنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەمەڕ سکاڵای پەیوەست بە پێکهاتەکان


نزیکەی هەشت مانگە سکاڵایەکی یەکێتی و پێکهاتەی مەسیحییەکان لە بەردەم دادگای فیدراڵی عێراقە، ناوەرۆکی سکاڵاکە بریتییە لە تانەدان لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، بەڵام بۆ جاری شەشەم ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر سکاڵاکە دواخست بۆ چواری مانگی داهاتوو، هەندێک کەس دواخستنی بڕیاردانی دادگا بە ئاسایی و ڕێکارەکانی پێویست و پەیوەست بە دادگا دەبینن، بەڵام لای هەندێکی دیکە جێی گومانە و پێییان وایە مەبەستی زیاتر دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە کە مانگی شەش جارێکی تر وادەی کۆمسیۆن بەسەر دەچێتەوە و دووبارە پێویستی بە درێژکردنەوەی ماوەی کاریان دەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:57:08 0:00

دەپرسین:

دواخستنی ئەو هەموو جارەی بڕیاردان لەسەر سکاڵای تانەدان لە یاسای هەڵبژاردنەکان، ئاساییە و هۆکاری تەکنیکیە؟یان بۆچی دادگا بڕیار نادات؟

کێ داوای دواخستن و مۆڵەت لە دادگا دەکات بۆ دواخستنی بڕیار؟

لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی هۆکارەکانی دواخستنی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە تانەدان لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکەین بەمیوانداری بەڕێزان

١-محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی

٢-د.ئەمین بەکر، شارەزای یاسایی و ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق

٣-دەریا محمەد، مامۆستای بەشی یاسا لە زانکۆی کۆیە

محەمەد ئیلخانی

ئەم هەموو دواخستنەی بڕیاردان لەسەر تانەدان لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جێی گومانە و یاسایی نیە، دادگای فیدراڵی دەیتوانی بە دوو-سێ دانیشتن سکاڵاکە یەکلایی بکاتەوە، هەرچەندە ئەو سکاڵایە کاری دادگای فیدراڵی نیە و دەبوو هەر لەسەرەتاوە ڕەتیبکردایەتەوە.

حزبە کوردییەکان دەیانەوێ پێکهاتەکان دابەش بکەن بەسەر خۆیاندا، ئەگەر بەوجۆرەش بڕوات پێکهاتەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان نامێنێ، بۆ پارێزگای دهۆک دوو کورسی بۆ تورکمان دانراوە کە تورکمانی نەک هەر لێ نیە، بەڵکو ڕەنگە تەنانەت تورکمانێکیش نەدۆزنەوە بیکەن بەکاندید، هەندێک لە حزبە ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنەکانیش کەیفییان بەو پێشهاتە دێت.

ئەگەر هەڵوێستی حزبە سیاسییە کوردستانیەکانی دیکە و هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بەمشێوە بەردەوام بێت ئەوان وادەکەن کە تورکمانەکان هاوپەیمانێتییان لەگەڵ پارتی بەردەوام بێت.

تورکمان هیچی نەکردووە بۆ پارتی، ئێمەش تەنها داوامان کردووە کە پاڵپشتی ئێمەبن لەو پڕۆژە یاسایانەی پێشکەشمان کردووە لەبەرژەوەندی ئێمە دەنگبدەن، واتە ٤٥ ئەندام پەرلەمانی پارتی پاڵپشتی ئێمە بوون، ئێستا کامە لایەن لەگەڵ کام لایەن بووە ئەسڵەن پارتی پاڵپشتی ئێمە بوون ئێمە لەگەڵ ئەوان نەبووین، پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەبابەتی گەورەی وەک پێکهێنانی حکومەت هاوپەیمانن و دەنگدەدەن و ڕێکدەکەون کەچی بەئێمە دەڵێن لەگەڵ پارتی ڕێککەوتون و هاوهەڵوێستن، پارتی تاکە حزبە کە هەمیشە پاڵپشتمان بووە شتێکی باشی کردووە کە دەبوو هەموو لایەنەکانیش بیانکردایە،بەداخەوە ئەوان حیزبییانە بیردەکەنەوە بڕوایان بەپێکهاتەکان نیە.

دوای ئەو هەموو ڕەخنەیەی لێمان دەگرن کە ئێمە هاوپەیمانی پارتین، هەرئێستا نەک لە داهاتوو کام حزبەی تر، یەکێتی، گۆڕان هەرلایەنێکی تر پاڵپشتی ئێمە بکات وەک تورکمان ئەوا چۆن پاڵپشتی پارتی بوین و لەهەموو پرسەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی کاردەکەین ئەوا لەگەڵ ئەو حزبانەی تر دە قات زیاتر دەکەین، بەڵام نەمانبینیووە تا ئێستا.

دکتۆر ئەمین بەکر

بینینی سکاڵای تانەدان لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم،بەتەواوی لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی عێراقە، لەسەر بنەمای بڕگەی(ب)ماددەی (٢)ی دەستوری عێراق، ئەم جۆرە سکاڵایەش بۆ دادگای فیدراڵی نامۆ نیە و پێشتر پێکهاتەی تورکمان و ئێزیدییەکانی تری بۆ پەرلەمانی عێراق ڕەتکردەوە.

دواخستنی بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەش بەشێکی سیاسییە و بەشێکیشی ڕێکارەکانی دادگایە کە پێویستی بەکاتە.

سەبارەت بەپێکهاتەی تورکمانەکانیش پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆی پشتیوانیان لێدەکات تا وەک کورسی مسۆگەر بۆ تەواوکردنی نیسابی دەنگدان و کۆبوونەوە بەکارییان بهێنێت لەبەرژەوەندی خۆیان، پێویستە پێکهاتەکان خۆیان ڕێگە بەو بەکارهێنانە نەدەن، ئەگەر بەکارهێنان نیە پارتی بۆ پشتیوانی تورکمانەکانی کەرکوک ناکات خۆ لەوێش تورکمان هەیە ئەگەر بابەتەکە بڕوابوونە بەجپێکهاتەکان و پێکەوە ژیان!

مامۆستا دەریا محەمەد

دواکەوتنی بڕیاردان لەسەر سکاڵاکە بۆخۆی گومان دروست دەکات، بەڵام من ناتوانم بڵێم چیە چونکە نازانم لەپشت پەردەوە چی دەگوزەرێت، بەڵام گومانی ئەوەمان لادروست دەکات کە ئەم دادگایە لەژێر فشاردایە و موماتەڵە بەکاتەوە دەکات، ئامانجەکەش دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە، سەرەڕای تێبینییەکانی تریش لەسەری.

وابڕیاربوو زیاد جەبار یەکێک لە سکاڵاکاران بەشدار بێت لەم بەرنامە بەڵام لە پێش ئەم بەرنامەکە ئاگاداری کردینەوە کە بەهۆی ئیلتیزامێکەوە ناتوانێت بەشدار بێت.

XS
SM
MD
LG