وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت لە ماوەی ڕابردوو هاوکاربوون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەندی عێراق لە بارەی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە بابەتی نوێ دەوروژێنرێن کە وەک وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت بە جۆرێک لە گێچەڵی دەزانن بە ئامانجی تەگەرەخستنە بەردەم پێدانی موچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
دەپرسین:
1- ئەو بابەتە نوێیانە چین کە ئێستا حکومەتی ناوەندی لە هەرێمی کوردستانی دەوێت؟
2- ئایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بە تەواوی لەم بارەیەوە هاوکاربووە؟
3- ناکرێت لایەنێکی سێهەم، بۆ نمونە یۆنامی، بێتە نێوانەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە؟
4- ئەگەر ئەم گرفتە هەروا بەردەوامبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کارتێکی فشاری بەدەستە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
١-دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق
٢-دکتۆر ئەیوب سماقەیی، پسپۆڕی ئابوری و مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین
٣-محەمەد حسێن، توێژەری ئابوری وزە و ئەندامی دەستەی کارگێڕی تۆڕی ئابوری ناسانی عێراق
دکتۆر فازڵ نەبی:
من پێشتریش لەبابەتی بودجە وتومە بەغداد دەیەوێت قەوارەی هەرێم بچوک بکاتەوە، بەداخەوە برادەرانی ئێمەش سەرکەوتوو نەبوون لەبودجە، ئێستاش کێشەکە لەوەدایە بەغداد دەیەوێت خۆی ڕاستەوخۆ لەوەزارەتی دارایی خۆیەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، بەڵام هەرێمیش دەڵێت، دوای هەموواری یاسای بودجە دەبێت پارە بێتە هەرێم و خۆم موچە دابەش بکەم، جا بەغداد ئێستا داوای وردەکاری سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دەکات نەک تەنها ناوەکان، بەڵام هەرێم ڕەنگە ئامادە نەبێت وردەکاری و ناوی هێزە ئەمنیەوکان بدات کەر ئەمەش پێشتر ئێمە لە وەزارەتی دارایی بوینه هەمان شت ڕویدا دەزگا ئەمنیەکانی عێراق ئامادەنەبوون ناو و وردەکاری خۆیان بدەن بەئێمە کەوەزارەتی دارایی بوین
پێشتر کە قسەم دەکرد ڕەنگە هەرێم گوناهی زۆرتر بوبێت لەو کێشانەی نێوان هەرێم و بەغداد، بەڵام لەم فەترەیەی ئێستا هەرێمیش ئیشکالیەتی هەیە بەڵام بەغداد گوناهی زیاتری هەیە و شەڕ بە هەرێم دەفرۆشێت، سەرەڕای ئەوە هەرێم و بەغداد متمانەیان بە یەکتر نیە، لە هەموو حاڵەتەکاندا کێشەکان ئاسانن و ئەگەر بیانەوێ چارەسەر دەکرێت.
کێشەی ئێستای نێوان هەرێم و بەغداد زۆر زۆر ئاسانە ئەگەر بیانەوێ چارەسەری بکەن، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگای پێدانی موچەی ڕاستەوخۆ ب ەفەرمانبەرانی هەرێم دەسەڵاتی خۆی بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە، بەڵام مومکینە هەرێم قبوڵی نەکات کە عێراق ڕاستەوخۆ موچە بداتە فەرمانبەرانی هەرێم چونکە ئەوە کاریگەری دەبێت لەسەر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم ئەگەر هاتوو موچە ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە خەرج بکرێت.
ئێمە دە ساڵ ل ەبەغداد بوین هیچ کات ڕێگەمان نەداوە نە ئەمەریکا و نە هیچ لایەنی سێهەم دەست وەربدەنە کاروباری دارایی ڕەنگە بۆ سیاسی ئاسایی بێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی من عێراق ڕێگەنادات لایەنی سێییەم دەستوەردان بکات لە چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان هەرێم و بەغداد، ڕەنگە هەرێم پێی خۆش بێت، بەڵام عێراق ڕێگا نادات.
بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، گوێم لە هەندێک لە سیاسیەکان دەبێت باسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکەن وەک پێشتر کە دەفرۆشرا لە ڕێگای تورکیاوە، جا لەمنی وەرگرن هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێناکاتەوە، لەبەر دوو لایەن، لایەنی سیاسی، ئێران کە هەژموونی بەسەر عێراقدا هەیە زۆری پێناخۆشە و ئەو نەوتە لە ڕێگای تورکیاوە بفرۆشرێت و ئەمەشی بە حکومەتی عێراقی وتووە کە نایەوێت جارێکی تر نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە بفرۆشرێت و ماوەیەکیش لەوەوپێش هەوڵیدا بۆرییەک لە ڕێگای بەندەر عەباسەوە نەوتی هەرێم ڕەوانەی دەرەوە بکرێت ئەوە ویستی ئێرانە، لایەنی دووەمیش تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمە کە لە یاسای بودجە دیاریکراوە، هەرێمیش ناتوانێت بڵێ من نەوتی خۆم لە ڕێگای تورکیاوە دەفرۆشم ئەوە موستەحیلە جارێکی تر، بۆیە کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وەک جاران کێشەیەکە مەگەر تەنها خوای گەورە بتوانێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە و چارەسەری بکات ئەگەرنا چارەسەرکردنی موستەحیلە، هەرچەندە ئەگەر بیانەوێت چارەسەری دەکەن، هەرچەندە بەمەحاڵی دەبینم.
من ئومێدەوارم کێشەی موچە چارەسەر ببێت چونکە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەبووە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران ئەگەر وەک ئەو چەند ڕۆژەی پێشوو گرفتی تر دروست نەکەن، ئەمە چارەسەر دەبێت، بەڵام بوترێت کێشەی هەموو بە سێ بودجەی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وا ئاسانی نابینم.
دکتۆر ئەیوب سماقەیی:
بەغداد دەیەوێت بە پارەی خۆی سیادەی خۆی بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە، واتە خۆی ڕاستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکات، بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە لەم قۆناغەدا لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی بەو زانیاری و شێوازە ڕادەست بکات بەبەغداد تا فەرمانبەرانی مەدەنی زیاتر نەبنە قوربانی ئەو توندوتیژییە ئابورییەی کەتەنها هەرێمی کوردستان خۆی لێی بەرپرسە کەبەرامبەر فەرمانبەرانی خۆی چەند وەختە دەیکات.
ئەگەر لەم قۆناغەدا هەرێم بەتەنها لیستی زانیاری فەرمانبەرانی مەدەنی بە زانیاری موچەخۆرانی دەزگا ئەمنییەکان بدات بەبەغداد پێموایە بەغداد قبوڵی دەکات، چونکە وەک وتم بۆ بەغداد گرنگە ئەو سیادەیەی خۆی بەپارەی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم لەڕێگای دابەشکردنی موجێی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەبەغدادەوە.
وەزیری دارایی ئێستا تەنها دەسەڵاتی بەیاننامە دەرکردنی هەیە، من بم ئەو وەزارەتەم ناوێ، وەزیری دارایی دەبێت دەسەڵاتی داهات کۆکردنەوە و خەرجکردنی پارەی هەبێت، دەسەڵاتی (ئەمر کردن بە خەرجکردنی پارەی هەبێت) بەڵام ئێستا ئەوەی ئێمە دەزانین سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران لەزۆنی زەرد دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی هەیە، لە سلێمانیش جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەو دەسەڵاتەی هەیە، دەبێت وەزیر ڕاستەقینە بێت و دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی هەبێ.
محەمەد حسێن:
دواین کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد سەبارەت بە زانیاری و لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم داتابەیسەکانی بەڕاستی کێشەیەکی زۆر ئاسانە و بە ئێکسڵ شیتێک چارەسەر دەبێت کە خوێندکارێکی پۆلی نۆ فێری ئەوەکراوە کە ئێکشل بەکاربهێنێت و وردەکاری و زانیارییەکانی تێدا داخڵ بکات، ئەمەش پەیوەندی بەو سیستەمە دواکەوتووە ئیدارییەوە هەیە کە لەعێراق و کوردستانیش هەیە، یانی کێ بڕوا دەکات بەرپرسەکانمان ئایفۆن ١٥ و ئۆتۆمبێلی ٢٠٢٤ییان پێبێت کەچی نەتوانن بەرنامەیەکی ئێکسڵ بەکاربهێنن بۆ لیستی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەش پەیوەندیدارە بە چینی گەندەڵی فەرمانڕەوایان کە نایەنەوێ ئەمە بەکاربهێنن.
ئەمە داواکاری نوێ نیە و ئاسانیشە ئەگەر نەیکەنە کێشەی سیاسی بەیەک ئێکسڵ شیت چارەسەر دەبێت و مەعقولیش نیە بە بێ داتابەیس و زانیاری فەرمانبەران بە وردی بەغداد یا هەرکەس پارە بدات.