ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسی کورد بە ناوی یوسف ئەحمەدی کە خەڵکی بانەیە و لە زیندانی سنەدایە، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری سنەوە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و "بەشداری لە کوشتنی دوو ئەندامی سوپاسی پاسداران" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەغی تۆمەتێکی ئاسایشی و ئەمنییە و بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزاکەی لە سێدارەدان دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو، یوسف ئەحمەدی، هاووڵاتییەکی تەمەن 38 ساڵەی خەڵکی بانەیە کە لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی محەمەد کەریمی، باسیت کەریمی و محەمەد فەیزی، مانگی چواری ساڵی 2020 لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی لە شاری بانە دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرگەی ئەو دامەزراوە ئەمنیەتییە لە شاری سنە.
ئەو رێکخراوانە بڵاویانکردوەتەوە ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەربوونیاندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە، خراونەتە ژێر ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی زۆر و هەروەها بۆ ماوەی چەند مانگێک لە مافی پەیوەندیکردن و بینی خێزانەکانیان بێبەش کراون.
جگە لە دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ یوسف ئەحمەدی، بۆ 3 تۆمەتبارەکەی دیکەی ئەو دۆسیەیە، سزای زیندانیکردن درێژخایەن دەرچووە و محەمەد کەریمی بە 25 ساڵ، باسیت کەریمی 20 ساڵ و محەمەد فەیزی 20 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی یوسف ئەحمەدی لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە لە کاتێکدایە کە لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی، دوو زیندانیی سیاسی دیکە کە ڕۆژی سێشەممە لەسێدارەدران، شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزاییەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ورووژاندووە و بەکارهێنەرانی تۆڕەکان دەڵێن لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانە، تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامییە لە خەڵکی ئێران بەهۆی "کوشتنی تیرۆریستەکانی لە ناوچەکەدا."
کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی بەرچاوی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەربڕیوە و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(Human Rights Watch)یش بۆ شەرەمەزارکردنی سزای لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی بەیاننامەیەکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خێراییەکی ترسناک، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان چڕتر کردووەتەوە و 11 کەسی دیکەش لە ئێستادا لە ئێران مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.