سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە ڕایدەگەیەنێت، داوایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە پێکەوە کۆببنەوەو لەسەر ناوچەکانی کەرکوک و خانەقین و نەینەوا پێکەوە گفتووگۆبکەن، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەو حزبە دەکەن.
ڕێبوار تەها، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەنگاوی یەکەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان قسەکردن بووە لەگەڵ برایانی پارتی، تا پێکەوە قسە لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان بکەین و لە داهاتوودا پێکەوە کاربکەین."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی 5 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان لە کۆی 16 کورسی بەدەستهێناوە.
ڕێبوار تەها دەڵێت،" هەنگاویشمان بۆ گفتووگۆگردن لەگەڵ لایەنی عەرەبی و تورکمانیش دەبێت، هەوڵی جدیشمان بۆ ئەوەیە بەتەوافق بەرەو دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بڕۆین بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکانی لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگارو جێگرەکانی."
جەختیکردەوە،"دەمانەوێت ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوک بکرێت، نامانەوێت بە کێشمەکێش و ململانێ دەست پێبکەین، دەمانەوێت تەوافق هەبێت و ببێتە مایەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک."
ڕۆژی 9 ی مانگی 1 ی 2024، بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی کەرکوک کۆبوونەوەو دوای کۆبوونەوەکە، محەمەد کەمال بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ڕایگەیاند،"لەگەڵ یەکێتی پێکەوە کاردەکەین."
سەبارەت بە وەڵامی پارتی بۆ داواکارییەکەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەو پێکەوە کارکردن، ڕێبوار تەها وتی،"مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڤاڵێکی دیاریکردووە لەگەڵ برادەرانی پارتی قسە بکات، داوامانکردووە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوولا کۆبوونەوە بکرێت، تا لەسەر کەرکوک و ناوچەکانی تریش گفتووگۆ بکەین. دەمانەوێت لەگەڵ پارتی بگەینە میکانیزمێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوک، بەڵام تا ئێستا برادەرانی پارتی وەڵامیان نەبووەو چاوەڕوانی وەڵامیانین."
حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا ئامادەیە بۆ گفتووگۆ و ئێستا سەردەمی گفتووگۆو دیالۆگە."
ئەو وتیشی،"لەمەودوا گفتووگۆو دانوستانەکان چڕدەبنەوە، چونکە لایەنەکان چاوەڕوانی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بوون لەلایەن دادگاوە."
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، 29 ی مانگی 1 ی 2024، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە ژمارەیان 16 ئەندامە، لە دادگای کەرکوک ئامادەبن و سوێندنی یاسایی بخۆن.
دەربارەی ئەوەی تا ئێستا هیچ گفتووگۆیەکیان لەگەڵ عەرەب و تورکمان دا کردووە، ڕێبوار تەها دەڵێت،"مەبەستمان بوو نێو ماڵی کوردی ڕێکبخرێتەوەو حیواری کوردی-کوردی بکەین، بۆیە سەرەتای قسەکردنمان لەگەڵ پارتی بوو، دواتر بچین لەگەڵ لایەنەکانی تر قسە بکەین."
دەشڵێت،"تا ئێستا کۆبوونەوەمان لەگەڵ پێکهاتەکانی تر نەکردووە، تەنها داوای گفتووگۆمان لە پارتی کردووە بۆ قسەکردن لەسەر کەرکوک و ناوچەکانی تر، تەنها داواکاریشمان پێکەوە دانیشتن بووە."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی بەدەستهێناوە، عەرەبی سونە کە بە سێ لیست بەشداری هەڵبژاردنی کرد خاوەنی 6 کورسی و تورکمانیش 2 کورسی هەیە، لەگەڵ کورسییەکی کۆتا کە کاندیدی بزووتنەوەی بابلیون بەدەستیهێناوە.
هەرچەندە دەوترێت کاندیدەکەی بزووتنەوەی بابلیون لە یەکێتییەوە نزیکە، بەڵام سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە پێیوایە، کریستیانەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کەرکوکن و ناتوانرێت لە بری ئەوان قسە بکرێت.
ڕێبوار تەها وتی،"ئومێدەوارین نوێنەری دەرچووی کریستیانەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی تر کە بڕوایان بە پێکەوە ژیان و شەراکەتی ڕاستەقینە هەیە، هەموومان پێکەوە ڕێگری بکەین لە ململانێ و کێشمەکێش و دەست لەناو دەست پێکەوە کاربکەین."
پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە لای عەرەبی سونەیە، بەڵام یەکێتی چاوی لە وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەیەو تورکمانیش داوایدەکات، لەکاتێکدا هەوڵی عەرەبی سونە بۆ لەدەست نەدانیەتی.
ڕێبوار تەها وتی،"هەر پێکهاتەیەک داوای پۆستی پارێزگار بکات مافی خۆیەتی، بەڵام بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردن ئەو پۆستە بە مافی کورد و لە نێو کوردیشدا بە مافی یەکێتی دەزانین."