Accessibility links

واشنتن و بەغدا پرۆسەیەکی نوێی هاوکاری دەستپێدەکەن


پەنتاگۆن ڕادەگەیەنێت ئەمەریکا و حکومەتی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە کۆبوونەوەی گرووپی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی هاوبەش(HMC) دەکەن، بە مەبەستی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی کە هەردوولا لە میانەی دیالۆگی هاوکاری ئاسایشی هاوبەش لە واشنتن، لە مانگی هەشتی 2023 لەسەری ڕێککەوتبوون.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە گوزارشت لە وابەستەیی قوڵی ئەمەریکا بۆ سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراق دەکات.

لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا دەڵێت، گروپی کاری کۆمسیۆنی باڵای سەربازی ڕێگە خۆش دەکات بۆ " هاوبەشییەکی ئاسایشی دوولایەنەی بەردەوام لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا، لەسەر بنەمای سەرکەوتنەکانی هەڵمەتی شکستپێهێنانی داعش لە عێراق و سوریا ."

هەروەها دەشڵێت دەستپێکردنی پرۆسەی HMC ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی پەیوەندی دوولایەنەی ئەمەریکا و عێراقە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی "و جەخت لەسەر پابەندبوونمان دەکاتەوە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییە ئاسایشییەکان بۆ پێشخستنی سەقامگیری لەناو عێراق و ناوچەکەدا."

بەیاننامەکەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندووە "بە پابەندبوون بە وابەستییە نیشتمانییەکان وهاوکات لەگەڵ زیادبوونی توانا و شارەزایی هێزەکانمان، حکومەتی عێراق بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت سەرجەم گەڕەکانی دانوستاندنی نێوان هەردوولا کە لە مانگی هەشتی 2023 دەستیانپێکرد، سەرکەوتوو بوون."

عێراق دەشڵێت ""دەست دەکرێت بە پەیوەندیی دووقۆڵیی گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان. پەیوەندییەکە سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئاسایشی و سەربازی دەبێت بە جۆرێک لەگەڵ تێڕوانینی حکومەتی عێراقدا بگونجێت، بەتایبەت رێککەوتننامەی ستراتیژی کە تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا رێکدەخات؛ رۆڵیشی دەبێت لە تۆکمەکردنی رۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتیی عێراق."

پاش پرۆسەی ئازادی عێراق لەلایەن هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 و مانەوەی هێزەکان لەوێ بۆ دامەزراندنی سیستمی دیموکراسی لەو وڵاتەدا، لە مانگی یازدەی ساڵی 2007 ڕێککەوتنێکی درێژخایانی پەیوەندی هاوکاری و دۆستایەتی نێوان ئەمەریکا و عێراق واژۆ کرا.

لە ساڵی 2011 سەرۆکی ئەوکات باراک ئۆباما بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە عێراق دا، بەڵام لە ساڵی 2014 لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش هێزی ئەمەریکا گەڕایەوە عێراق.

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە ئەم هێزانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییدان بۆ لەناوبردنی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعش، ئەرکەکەشیان مەشق و ڕاهێنانپێکردنی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە نەک شەڕکردن.

ئەم ڕاگەیاندنانەی ئەمەریکا و عێراق لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیلی هاوپەیمانی واشنتن و بزووتنەوەی حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت زیادیان کردووە و لە ماوەی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە ناو عێراق و سوریا.

زۆرێک لەو هێرشانە لەلایەن گروپی ناسراو بە مقاوەمەی ئیسلامی بەرپرسیارێتی گیراوەتە ئەستۆ، کە هاوپەیمانییەکی نزیکی گرووپەکانی پەیوەست بە ئێرانە و دژی پشتیوانی ئەمەریکایە بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەززە.

XS
SM
MD
LG