Accessibility links

قوباد تاڵەبانی لە كۆڕبەندی داهێنان لە سلێمانی: ڕەنگە ئێستا کەسانێک بڵێن، 'ئۆهۆ قوباد دیسان خەریکی چییە؟'


قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە چەندین قەیرانی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری سلێمانی یەکەم کۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازی بەسترا و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێشکەشکردنی "وتاری سەرەکی" کۆڕبەندەکە ڕایگەیاند دڵنیایە هەرێمی کوردستان سەردەکەوێت و دەتوانێت "چارەسەری زیرەک" بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە.

قوباد تاڵەبانی لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێک، لە ناوەڕاستی کۆمەڵێک بەشداربووی کۆڕبەندەکە، بە پێکەنینەوە وتی، "من دڵنیام ئێستا کە ئێمە لێرە دانیشتووین، کۆمەڵە کەسێک ڕەنگە لە ماڵەوە سەیری ئەم کۆڕبەندە بکەن و بڵێن، 'ئوهو، ئەمە چییە؟ کەی وەختی ئەوەیە؟ قوباد دیسان خەریکی چییە؟ بارودۆخی دارایی خراپە، بارودۆخی بودجەمان خراپە، بارودۆخی مووچەمان خراپە، بارودۆخی ئەمنیمان خراپە. خوا دەزانێت هەزار و یەک کێشە هەیە. کەی وەختی ئەوەیە؟'"

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سەرەکی بۆتەوە کە بەشێک لە سیاسەتوانانی هەرێم دەڵێن مەترسی ڕاستەوخۆی دروستکردووە لەسەر مانەوەی قەوارەکە.

دیارترین ڕووداوەکان کە گاریگەرییان خستۆتە سەر پێگەی هەرێم ئەمانەن: لە دوای شەڕی داعش و ڕیفراندۆمی 2017، پێشمەرگە دەستەڵاتی ناوچە جێناکۆکەکانی لەدەستدا؛ لە مانگی 3ی ساڵی ڕابردوو تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی وەستاند؛ لە مانگی 5ی ساڵی ڕابردووشدا دادگای فیدڕاڵی عیراق بڕیاری "نادەستووری" بوونی درێژکردنەوەی ژیانی پەرلەمانی کوردستانی دا و لەوکاتەوە پەرلەمان داخراوە، وە بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن تا ئێستا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێ دیارینەکراوە و یەکلاییکردنەوەی کێشەکە براوە بۆ بەردەست دادگای عێراق.

لەسەرووی هەموو کێشەکان، ئێستا حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی دارایی قوڵدایە. حکومەت مووچەی 4 مانگی ڕابردووی مووچەخۆرانی نەداوە و بەهۆیەوە مامۆستایان لە "زۆنی سەوز" بایکۆتی قوتابخانە حکومییەکانیان کردووە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە، دوای دەستپێکردنی شەڕێ نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین هێرش بووەتەوە کە دیارترینیان بریتیبوو لە هێرشە مووشەکیەکەی 15ی ئەم مانگە بۆ سەر شاری هەولێر لە لایەن ئێرانەوە کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس، لە نێوانیان کۆرپەلەیەکی تەمەن کەمتر لە یەک ساڵ.

بەڵام سەرەڕای ئەم قەیرانانە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت هێشتا دەرفەتی ئەوە ماوە گەنجان و وەبەرهێنەرانی هەرێم بیر لە داهێنان بکەنەوە.

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، "دڵنیام ئێمە زاڵدەبین بەسەر ئەو کێشە و ئاڵنگاریانەی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئێمە سەردەکەوین لەم پرۆسەیەدا. وە دڵنیاتاندەکەمەوە ئێمە ئەو ڕۆژە تیدەپەڕێنین."

سەبارەت بە چۆنیەتی زاڵبوونی هەرێم بەسەر ئەو کێشانە، جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، "ئێمه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كدا ده‌ژین كه‌ پڕه‌ له‌ ئاڵۆزیی و ململانێ و ئاڵنگاری. ئه‌گه‌ر پێمانوابێت كه‌ هێز هاوکێشەکەکان بۆ رێكده‌كاته‌وه‌ ئه‌وا هه‌ڵه‌ین. ره‌نگه‌ 20 بۆ 30 ساڵی دیكه‌ش نه‌توانین له‌ یار و نه‌یاره‌كانمان به‌هێزتربین، به‌ڵام ده‌توانین لێیان زیره‌كتر و ئاقڵتربین. ده‌بێت لێیان زیره‌كتر بین، ئاوا ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین به‌سه‌ر ئه‌و ته‌حه‌دییانه‌ی رویان له‌ ئێمه‌ كردوه‌."

ئەمە یەکەم "کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ کارسازی و داهێنان" بوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە لە بڵاوکراوەیەکیاندا دەڵێن ئامانجی ئەم کۆڕبەندە بریتییە لە پەرەپێدانی کارسازی و پشتگیریکردنی گەنجانی کارساز و داهێنەرە لە بوارە جیاجیاکاندا.

لە وتاری کۆتاییهاتنی کۆڕبەندەکەدا، قوباد تاڵەبانی شاری سلێمانی بە "سولیکۆن ڤاڵی" ناوبرد، وەک ئاماژە و لێکچواندنێک بۆ ناوچەی "سلیکۆن ڤاڵی" ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمەریکا کە بە سەنتەری داهێنانی تەکنەلۆجیا دادەندرێت لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG