یەکێک لەو بابەتانەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەنکەرە لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی جەختیان لێکردەوە و لەسەری ڕێککەوتن، گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی ئاسایشییە لە دژی ئەو گرووپانەی کە ئێران و تورکیا بە تێرۆریستیان ناو دەبەن.
بۆچوونی تورکیا و ئێران ساڵانێکە لە زۆر بابەتی ناوچەییدا وەک یەک نەبوون و یەکیان نەگرتووەتەوە، لە سوریاوە بگرە هەتا عێراق و قەوقازی باشوور کێشەیان لەسەر بووە و ڕێگای جیاوازیان گرتووەتەبەر، بەڵام چاودێران دەڵێن پێدەچێت لەم دواییانەدا توانیبێتیان ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن و لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێکبکەون.
هەر دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی تورکیا و سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەردۆغان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە"پێویستە پشتیوانی لە ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت."
وتیشی " دەمەوێت دووبارەی بکەمەوە و جەختیش دەکەمەوە لەوەی تورکیا پشتیوانی لە ئێران دەکات لە شەڕی دژی تێرۆریزمدا؛ وابەستەین بە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێرانی دراوسێماندا لەسەر بنچینەی متمانەی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش؛ لە کۆبوونەوەکەماندا ئەمەمان بە باشیی دووبارە کردەوە."
سەرۆکی تورکیا گوتیشی لەگەل سەرۆک کۆماری ئێران"باسمان لە بەهێزکردنی زیاتری هاوکارییەکانمان کردووە دژ بە پەکەکە و پەیەدە و یەپەگە و هەروەها پژاک کە ئاسایشی وڵاتەکانمانیان کردووەتە ئامانج لە ناوچەکەدا."
سەردانەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ئەنکەرە لە کاتێکدا بوو کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەشدا وردە وردە لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. پێشتر ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی گرووپە بە وەکالەتەکانی هێرشی دەکردە سەر ئامانجە خوازراوەکانی لە ناوچەکەدا، بەڵام هێرشە مووشەکییە نوێیەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پاکستانیش نیشانی دا کە پێدەچێت کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێوشوێنی ئاسایشی نوێی لە ناوچەکەدا گرتبێتەبەر و هەر ئەمەش گرنگی سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ ئەنکەرە زیاتر دەکات.
هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا تاکو ئێستا لە ژێر ناوی شەڕ دژی تێرۆر، ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سوریا دەستپێکردووە و وەک بانگەشەی بۆ دەکەن ئەوەش وەک کاردانەوە بووە بەرامبەر هەڕەشە ئەمنییەکانی ئەو لایەنانەی ئەوان بە دژبەر و تێرۆریست ناویان دەبەن.
لە دیدارەکەی شاندی ئێران و تورکیا هەرچەندە بەڵگەنامەی هاوکاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکانی ئابووریدا واژوو کران، بەڵام چاودێران دەڵێن ئەزموون و مێژووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەریخستووە کە نیگەرانییە ئاسایشییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە زۆربەی کاتەکاندا پێش هاوکاری ئابوورین و گرنگی زیاتریان هەیە.
سەرۆکی ئێران لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا گوتی "ئێمە سوورین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و بڕواشمان بەوەیە دەتوانین سەروسەودا لەگەڵ ئەو دیاردەیەدا بکەین کە ئەو وڵاتانەی هەژموونی خۆیان دەسەپێنن بەکاریدەهێنن و دەخوازن ئاسایش لە وڵاتان نەبێت و چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە و هەوڵی دابەشکردنی وڵاتانیش دەدەن و هەوڵی جوداییخوازی دەدەن. ئەو هەوڵانە، هەر هەمووی بە ئامانجی ناجێگیرکردنی ئاسایشی وڵاتانە، هەربۆیە ئێمە دڵنیایین لەم بارەدا تەنها هاوکاری نێوان وڵاتان دەتوانێت ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەبێت."
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ناوچەکە لە قۆناغێکی ناڕوونی سیاسی و سەربازیدایە و بەرەو گۆڕانێکی زۆر دەڕوات. دەشڵێن پێناچێت گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە بەرژەوەندی کورددا بێت.
ئێرینا سوکرمان، پسپۆڕی ئاسایشی نیشتمانی لە گفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "پێدەچێت کەس کورد نەپارێزێت؛ چونکە ئەردۆغان دەتوانێت بە پەناپارێزییەکی تەواوەتییەوە هەموو شتێک بکات."
هەر لە دوای ڕازیبوونی تورکیا بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد لەسەر فڕۆۆشتنی فڕۆکەی F16 بە تورکیا ڕازی بن. هاوکات ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز باس لەوە دەکات کەنەدا بە نیازە دەستپکاتەوە بە فرۆشتنی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە تورکیا. ئەمانەش بۆیان هەیە وابکات هێندە تر تورکیا پەرە بدات بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا.