Accessibility links

یەکێتی "نوێ" دەیەوێت بە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن هاوکێشەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت


پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە چاوەڕوانی دادگای فیدراڵی عێراقدان بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵایەکی یەکێتی لەسەر سیستەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. پارتی سکاڵاکە بە نادەستوری ناودەبات و یەکێتیش چاوی لەگۆڕینی هاوسەنگی هێزە لەو ڕێگەوە.

لە دواین هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەناوچە جێناکۆکەکان، دەنگەکانی یەکیتی بەراورد بە پارتی ڕویان لە هەڵکشانکرد، یەکێتی چاوی لەوەیە لە خۆلی شەشەمی پەرلەمانی کورستان گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز دروست بکات .

یەکێتی نشتیمانی کوردستان لەڕێگەی زیاد جەبار سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان،لە ڕۆژی 2/5/2023 لە دادگای فیدراڵی عێراق، سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد، داوا دەکات کار بە هەمواری یاسای ژمارە 1ی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەکرێت و تانەی لەسەر مادەکانی 1و9 و 15 و 22 و36 ی یاساکە داوە .

حەیدەر نیعمەت بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی شارەزوری یەکێتی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " یەکێتی لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک ئەم سکاڵایەی تۆمارکردووە، بۆ ئەوەی خەڵک نوێنەرانی خۆی بناسێت. ئەگەر هەرێم کرایە چواربازنەی هەڵبژاردن، ئەوا هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت، کە کێشەی ئێستای کوردستان لاسەنگی هێزە بۆیە ئەو هەموو کێشەی موچە و بودجە هەیە".

کورسی پێکهاتەکان ١١ کورسییە و پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان و کورسییەکیش بۆ پێکھاتەی ئەرمەن دیاری کراوە خاڵی ناکۆکی یەکیتی و پارتیە، کەنزیکەی ساڵێک و 5 مانگ گفتوگۆیان لەسەر کرد و لەسەری ڕێکنەکەوتن، یەکێتی دەڵێت پارتی کوردسیەکان لەبەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت.

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکیتی دەڵێت، "یەکێتی بەڕابەرایەتی سەرۆک بافڵ یەک دەنگ و یەکڕەنگە، ئێمە سەدا سەد دەنگمان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزەکانی عێراق زیادی کردووە، سبەینێ هەڵبژاردن بکرێت ئامادەین، کاتێکیش هاوسەنگی گۆڕا کەس ناتوانێت ئاڵەنگاردروست بکات. کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمیش دڵنیاتان دەکەین، وەک ئێستا نابێت، هاوکێشەی سیاسی دەگۆڕێت. یەکێتی دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەشدا پێکهاتەکان خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، نەک هێزێکی سیاسی نوێنەریان بێت" .

پارتی دیموکراتی کوردستان، سکاڵاکەی یەکێتی بە نادەستوری دەزانێت، دەڵێن نابێت هیچ سکاڵایەک لەسەر یاسایەک ببینرێت کە کێشەی یاسایی و دەستوری نەبێت، ئەمەی ئێستا دادگای فیدڕاڵی دەیبینێت ڕەهەندی سیاسی هەیە .

هاوار محمد یوسف وتەبێژی بەشی هەڵبژادنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بەپێی ئەو دەسەلاتانەی کە لە مادەی 93 ی دەستوردا هاتووە، دادگای فیدڕاڵی ناتوانێت سکاڵایەک ببینێت کە هیچ کێشەیەکی یاسای و دەستوری نەبێت، ئەو هەنگاوانەی کەئێستا لە ئارادایە ڕەهەندی سیاسی هەیە و دواخستی دادبینیەکانیش بە دەستێک دەبینین بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ".

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاندووە، لە نێوان 19 بۆ 30ـی ئایارى 2024 دەتوانێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەرێوەبەرێت.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و کۆمسیۆنیش لە ئێستادا سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی پرسی سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمن لە لایەن دادگای فیدڕاڵی. دادگاکە بڕیار بوو 21-1-2024 دواین بڕیار لەسەر سکاڵاکە بدات بەڵام بەڵام دانیشتنی دادگا تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان بۆ 4ی 2ی 2024 دواخرا .

وتەبێژیەکەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی وتیشی، " خاڵی ناکۆکی نێوان ئێمە و یەکێتی کورسی کۆتای پێکهاتەکانە، پارتی نایەوێت هیچ هێزێکی سیاسی دەستێوەردان لەکاروباری ئەواندا بکات.ئەگەر یاساکەش هەمواربکرێتەوە، باڵانسی هێز لە ڕێگەی ئەم جۆرە ماڵە تەکنیکیانە ناگۆڕێت، جەماوەری پارتی نەگۆڕە،هەمیشەش پارتی بەشێکی سەرەکی دەبێت لە دەسەڵات لە عێراق و هەرێمیش، کورسیەکانمان زیاد دەکات".

چاودێرانی هەڵبژاردن پێیان وایە، تاوەکو سکاڵاکە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە یەکلا نەکرێتەوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ناتوانی هەنگاوی پێویست بۆ هەڵبژاردن بگرێتە بەر و گۆڕانی هاوسەنگی هێزیش پەیوەستە بە دەنگدەرانەوە.

ئارام جەمال توێژەر و شارەزایی هەڵبژاردن لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئەگەر دادگای فیدڕاڵی تانەکانی لەسەر یاسای هەڵبژاردن ڕەزامەندی لەسەردان، دواتر کۆمسیۆن دەتوانێت هەنگاو بنێت، کورسی پێکهاتەکان ژمارەیەکیان بۆ ئەو هێزە کەم دەبێتەوە کەپێشتر خراپ سودی لێ وەرگرتووە، بەڵام هاوسەنگی هێز لە ڕێگەی دەنگدەرەوە دەگۆڕێت".

شارەزاکەی هەڵبژاردن وتیشی، " ئەگەر چواربازنەی هەڵبژاردن هەبێت، ئەوکاتە بازنەکە کاندیی خۆی هەیە و قەوارەی خۆی هەیە،دەکرێت قەوارەیەک لە پارێزگایەک هەبێت و لە پارێزگایەکی دیکە نەبێت، دەبێت چوارکارتی دەنگادانیش دروست بکرێت، وەکات و تێچووی دارایشی زیاتردەبێت. ئەو داواکاریانەی کەکراون بەشێویەکی گشتی کاریگەری لەسەر یاساکە نابێت لەڕووی هاوسەنگی هێزەوە، ئەگەر دەنگدەر نەیگۆڕێت".

بەهۆی ناکۆکیەکانی یەکیتی و پارتی و پێش هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە ، یەکێتی و پارتی ڕێکەوتبوون کە یاساکە هەمواربکرێتەوە و هەرێمی کوردستان بکرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بەڵام یەكێتیی داوای كرد لە

كۆی 11 كورسی كۆتایی پێكهاتەكان (4) كورسی بدرێت بە سنوری پارێزگای سلێمانی، پارتی رەتدەكردەوە، بەوهۆیەوە هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوت.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، لەپشت سکاڵاکەی یەکێتی لە دادگای فیدڕاڵی، ئامانجی هاتنەپێشەوەی یەکێتی لە ڕووی ژمارەی دەنگ و وەرگرتنی پۆستەباڵاکان لە هەرێمی کوردستان هەیەو دەشڵێن،" پێناچێت پارتی بە گۆڕانکاریەکان لە سیستەمی یاسای هەڵبژاردن ڕەزامەندبێت".

مەنزەر عەلی چاودێری سیاسی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: " هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی وسەبازی و ئیداریشەوە دووزۆنە کە پارتی و یەکێتی دەسەڵاتی خۆیان تیایاندا هەیە، بەڵام ئەم هەنگاوەی یەکێتی دەیەوێت لە سنوری زۆنی خۆی و لە زۆنی پارتیشدا کورسی زیاتر بەدەستبهێنێت کە سیستەمی بازنەیی لە بەرژەوەندی یەکێتی یە".

مەنزەر عەلی ئەوەشی ڕوونکردەوە، " پارتی ئەوانەی دەچنە حکومەت و لە هەولێر دەمێنەوە وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، دواین بڕیاری هەر پرسێکی سیاسی و حکومی دواجار بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، بۆیە پێناچێت ڕەزامەندبێت لە ئەگەری لەدەستدانی بەشێک لەو پۆستە سیادیانەی کە پارتی ساڵانێکی زۆر خۆی بە خاوەنی دەزانێت".

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:06 0:00
XS
SM
MD
LG