ڕێکنەکەوتنی لایەنە سونەکان لەسەر کاندیدی نوێی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سکاڵاکانی بەردەم دادگای فیدراڵی عێراق، ڕێگرن لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
ئەمڕۆ شەممە، 27 ی مانگی 1ی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوەو یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆتایی پێهێنرا.
ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لایەنە سونەکان لەسەر کاندیدێک بۆ جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی ڕێکنەکەوتوون، هەندێک لایەن کاندیدی حەلبوسییان قەبوڵ نییە. شیعەکانیش حەزەکەن کەسێکی نزیک لە خۆیان پۆستەکە وەربگرێت."
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، تورکیا دەیەوێت کاندیدی هاوپەیمانی سیادەی سەربە خەمیس خەنجەر ببێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شیعەکانیش "یاری" دەکەن و دەیانەوێت دۆخی ئێستای پەرلەمان بەردەوامی هەبێت.
ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت،"تورکیا برادەری خەمیس خەنجەرەو ڕەنگە پشتگیری کاندیدەکەی بکات."
حزبی تەقەدوم و سیادە، دوو هێزی گەورەی سونەکانی عێراقن و کێبەرکێ لە نێوانیاندا هەیە. تەقەدوم لەلایەن محەمەد حەلبوسی و سیادەش لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. هاوپەیمانی عەزمی موسەنا سامەرائیش هێزێکی تری سونەکانەو بە نزیک لە هێزە شیعەکان دادەنرێت.
ڕۆژی 13 ی مانگی 1 ی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوەو پرۆسەی دەنگدان بۆ چەند کاندیدێک بەڕێوەچوو، بەڵام هیچکام لە کاندیدەکان نەیانتوانی نیوە کۆ یەکی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دا، شەعلان کرەیم کاندیدی حزبی تەقەدوم 152 دەنگ، سالم عیساوی کاندیدی سیادە 97 دەنگ و مەحمود مەشهەدانی کاندیدی هاوپەیمانی عەزم 49 دەنگیان لە کۆی دەنگی 314 پەرلەمانتاری بەشداربووی دانیشتنەکە بەدەستهێنا.
کەریم شکور، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناکۆکی نێوخۆیی لایەنە سونەکان لەسەر کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆکاری یەکلایی نەبوونەوەی مەسەلەکەیە."
دانیشتنی ڕۆژی 13 ی مانگی 1 ی 2024 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نەک نەبووە هۆی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵکو کێشەی یاسایی بەدوای خۆشیدا هێنا.
پەرلەمانتارە شیعەکان سێ سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر شەعلان کرەیم ی کاندیدی حەلبوسی بە تۆمەتی "پیا هەڵدان" بە حزبی بەعس و حزبی تەقەدومیش سکاڵایەکی لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمار کردووە.
ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پەرلەمان ناوێرێت سەرۆکی نوێ هەڵبژێرێت بەهۆی ئەو سکاڵایانەی لە دادگای فیدراڵین، چونکە ڕەنگە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی دانیشتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکانە."
ئەو وتیشی،"بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبووایە لە یەکەم دانیشتن دا سەرۆک هەڵبژێردرێت، بەڵام هیچکام لە کاندیدەکان نەیانتوانی 50 کۆ یەکی دەنگەکان بهێنێت. دەبووایە لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردن دا کێبەرکێ لە نێوان کاندیدی یەکەم و دووەم بایە، بەڵام شیعەکان ترسان لەدەرچوونی کاندیدەکەی حەلبوسی و پەنایان بۆ دادگا برد، سونەکانیش نیگەرانن لەوەی دانیشتنەکە دواخرا."
ئەمین بەکر جەختیکردەوە،"بەپێی ڕێککەوتنی نێوانیان دەبووایە کاندیدەکەی خەنجەر تەنازولی بۆ کاندیدی حەلبوسی کردبا بەو پێیەی زۆرترین دەنگی هێنا، بەڵام کەشی ناو پەرلەمان و دژایەتی شیعەکان بۆ کاندیدەکەی حەلبوسی وایکرد ئەم ڕێککەوتنە سەرنەگرێت."
لە ڕۆژی 14 ی مانگی 11 ی 2023، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخرایەوە، لەوکاتەوە تا ئێستا پۆستەکە بە وەکالەت لەلایەن محسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبرێت.