Accessibility links

سەعدی پیرە: هەر هێزێک جیاوازی لە نێوان شارەکاندا بکات جگە لە بچوککردنەوە ی قەوارەی هەرێم و خۆی هیچی تر نییە


سەعدی پیرە
سەعدی پیرە

وتەبێژی یەکێتی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بەشە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێم موڵکی هەموومانە و هەر هێزێک جیاوازی لە نێوان شارەکاندا بکات، جگە لە خۆ بچوککردنەوە و لێدان لە قەوارەکە هیچی تر نییە، چونکە هەموو هێرشەکان ئامانج لێی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوهێرشانەی دەکرێتە سەر کوردستان، ئەو هەڕەشانەی کە هەن چی بۆردومانەکانی هەولێر، چی مەتاری عەربەت، چی هێرشە درۆنیەکان، هەوڵی کەمکردنەوەی ستافی دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆتاییهێنان بە مانەوەی تیمی ڕاهێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان هەمووی بە یەکەوە هەوڵێکە ئامانج لێی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەن لەسەر هەرێم."

وتیشی،" ئیتر دەبێت ئێمەش هەموو هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسیەکان بخەینە گەڕ بۆ بە گژداچوونەوەی ئەم هەوڵ و تەقەللا نەزۆکانە وە هەوڵوێستی یەکگرتومان هەبێت."

لە دوای هێرشەکەی 15ی ئەم مانگەی ئێران بۆسەر هەولێر و بەردەوامی هێرشە درۆنیەکان بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانان، شەوی 26ی مانگی 1یش هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرۆمۆر لە سنوری چەمچەماڵ و هێرشەکەش ڕاستەوخۆ بە هێرش بۆسەر کەرتی کارەبا و وزەی هەرێم لێکدرایەوە.

وتەبێژی یەکێتی دەڵێت،" هەر لایەنێکی سیاسی لە هەرێم پێ وابێت جیاوازی شارێک و شارێک هەیە، بۆ نموونە پارتی پێی وابێت سلێمانی پەیوەندی بە ئەوەوە نییە و حکومەت حەقی نییە، وە یەکێتی پێ وابیت هەولێر پەیوەندی بە ئەوەوە نییە ئەمە هەم خۆ بچووکردنەوەیەو هەم قەوارەی هەرێمیش بچووک دەبێتەوە."

وتیشی،" دەبێت ئەوە بزانین هەموو لایەکمان بەرپرسین و بەیەکەوە دەبێت بەرگری لە قەوارەکە بکەین و داوا لە دۆستەکانیشمان بکەین لە هەرکوێ بن هاوکاریمان بکەن."

ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان، گەشتۆتە ئاستی تۆمەتبارکردنی یەکتری، بەشیک لە چاودێران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی بە دابەشبوون بەسەر سیاسەتی ناوچەیی تۆمەتبار دەکەن، دوێنێش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، لە بەیاننامەیەکدا هێڕشی کردە سەر "خائین و خۆفرۆشان و کۆیلەی ناحەزان"بە بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێکی دیاریکراو بهێنێت.

سەعدی پیرە، پێی وایە لە هەرێمی کوردستان سیستەمی سیاسی فرەیی هەیە و دەبێت ڕێز لەو فرەیی و کاری پێکەوەیی بگیرێت.

سەعدی پیرە وتی،" ئێمە هەموو هێزی جیاجیاین هەموومان هەوڵ دەدەین سیستەمێکی پەرلەمانی فرەحزبی فیدرال پیادە بکەین، لە هەرێم لە چوارچێوەی عێراق کە باسی فرەیی دەکەین واتە فرە حزبی واتە بەرنامەی سیاسی و ئابوری و کەلتوری جیا جیا و هەر کەس بەرنامەی خۆی هەیە، هەر کەس کێ بڕکێیەتی لەسەر زۆرترین دەنگ و کورسی و هەبوونی زۆرترین دەسەڵات."

وتیشی،" ئەگەر یەکتری تۆمەتبار بکەین بە ناپاک و خائین پێم وایە خۆمان بچوک دەکەینەوە، بەم نەفەسە کورتە ناتوانین باسی فرە حزبی بکەین، فرەیی ئەو کاتە واتای هەیە کە مەجالێکمان بۆ کاریی فرەیی و یەکتر قبوڵکردن هێشتەوە بۆ یەکتر."

XS
SM
MD
LG