Accessibility links

دانیشتوویەکی کوردی گەڕەکی عەرەفەی کەرکوک: بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 40 خاوەن ماڵ دەرچووە


لەکاتێکدا کێشەی نێوان بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک و سوپای عێراق لەسەر خاوەندارێتیکردنی خانووەکانیان چارەسەر نەکراوە، کۆمپانیای نەوتی باکور سکاڵای تۆمارکردووەو دەیەوێت 40 خانوو بە دانیشتوانەکانیان چۆڵ بکات.

ئەو 40 خانووەی کۆمپانیای نەوتی باکور داوای چۆڵکردنیان لە دانیشتوانەکانیان دەکات دەکەونە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکوک و گوایە لە بنەڕەتدا موڵکی کۆمپانیاکەن. بەڵام ئەو خێزانانە کە زۆرینەیان کوردن چۆڵکردنی خانووەکان ڕەتدەکەنەوەو خێوەتیان هەڵداوەو ناڕەزایەتییان دەستپێکردووە.

کارزان کەرکوکی، یەکێک لەو کەسانەی کۆمپانیای نەوتی باکور داوای چۆڵکردنی خانووەکەی لێدەکات، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"نزیکەی 70 خێزان لەو 40 خانووەدا نیشتەجێن، چونکە خانوو هەیە دوو کوڕو باوکێکی تێدایە. لە ساڵی 2003 کاتێک خانووەکان هەیکەل بوون لە بەرپرسێکی کورد کڕدراون و خۆمان نۆژەنمان کردوونەتەوە."

ئەو وتیشی،"کۆمپانیای نەوتی باکور سکاڵای تۆمارکردووەو بڕیاری گرتن بۆ هەموو ئەو کەسانە دەرچووە لەو 40 خانووەدان، داوای کرێشمان لێدەکات لە ساڵی 2003 ەوە تا ئێستا. ئێمە خانووەکان چۆڵ ناکەین و بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی دەربڕین."

فشارەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور بۆ چۆڵکردنی ئەو 40 خانووە بە دانیشتوانەکانیان لە کاتێکدایە، هێشتا کێشەی نێوان سوپای عێراق و بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز چارەسەرنەکراوە.

سوپای عێراق دەیەوێت دەست بەسەر 122 خانووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوکدا بگرێت، بەبیانووی ئەوەی ئەو خانووانە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ پلەدارو ئەفسەران دروستکراون و موڵکی وەزارەتی بەرگرین.

ئەو ماڵانەی کە لە دوای ساڵی 2003 لەو خانووانەدا نیشتەجێبوون، چۆڵکردنی خانووەکان ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش وایکرد بارگرژی لەنێوان سوپا و ئەو خێزانانەدا دروست ببێت و پۆلیس نێوەنگیرییان بکات.

سوپا دەستی بەسەر 5 خانوو لەو 122 خانووەدا گرتووەو هێزی تێدا جێگیرکردووە، کاتێک خاوەنەکانیان بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە چۆڵیان کردبوون، دانیشتوانی گەڕەکەکەش بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سوپاو پۆلیسیش هێزی لە گەڕەکەکە جێگیرکردووە.

فەرمان محەمەد، یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە خێوەتەکە لانابەین و بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی دەربڕین، تا ئەوکاتەی کێشەکەمان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت و سوپا لە گەڕەکەکە دەکشێتەوە."

هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان سوپای عێراق و دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک کە داوای چۆڵکردنی خانووەکانیان لێدەکرێت بەردەوامن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرکوک کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەوڵەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق چڕکراونەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزو ئومێدی چارەسەرکردنی کێشەکە هەیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:43 0:00

XS
SM
MD
LG