Accessibility links

چوار گەنجی کورد لە ئێران لە سێدارە دەدرێن


ڕۆژی دووشەممە، چوار زیندانی کورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج لەسێدارە دران. ڕێکخراوەکانی کە پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن ڕایانگەیاند سزای لەسێدارەدانی موحسن مەزڵوومی، محەمەد فەرامەرزی، پژمان فاتیحی و وەفا ئازەربار لە کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی 29ی مانگی 1ی 2024 ئەنجام دراوە.

ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەزگای دادوەری ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەر چوار کەسەکەی کە لەسێدارە دراون تەمەنیان لە 30 کەمتر بووە. بە پێی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ موحسن مەزڵوومی تەمەن 27 ساڵ خەڵکی شاری مهاباد، پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵ خەڵکی شاری کامێران، وەفا ئازەرباری تەمەن 26 ساڵ خەڵکی شاری بۆکان و محەمەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی دێولان، ڕۆژی یەکشەممە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان لە دوای هەژدە مانگی زیندانیکردنیان لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج. هەر لە ڕۆژی یەکشەممە لە زیندانی ئێڤین چاویان بۆ دواجار چاویان بە کەسوکاریان کەوتبوو.

ڕێکخراوی هەنگاو دەڵێت تەنانەت بە پێی پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش ئەم چوار کەسە "کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا ڕەچاو نەکراوە. پرۆسەی پێڕاگەیشەن بە دۆسیەی ئەو چوار چالاکە کوردە بەتەواوەتی ناڕوون بووە و لەکاتێکدا سزای سێدارەی داسەپاو بەسەر ئەو چوار بەندکراوە سیاسییەدا لەلایەن دادگای باڵا پەسەند و پشتڕاست کراوەتەوە کە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنیشیان لەگەڵ نەبووە."

ئەو چوار کەسە لە مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن لقی 26ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی " افساد فی الارض" (بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی) لە ڕێگای هاوکاری و سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سپێندرا و لە هەفتەی ڕابردوودا ئەم سزایە لەلایەن لقی 9ی دیوانی باڵای وڵاتەکەوە پەسەند کرا.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران لە سەرەتاوە بڵاویان کردەوە هەر چوار کەسەکە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بوون، کە لە ساڵی 2022 لە گوندی یەنگەجە لە نزیک ناوچەی سۆمای برادۆستی پارێزگای ئومییە دەستگیرکرابوون، بەڵام پاشان کۆمەڵە لە ڕاپۆرتێکدا ئەمەی بە چاوەشاکاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوزەد کرد و گوتی " ئەم سیناریۆیە بۆ سەرکوتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و خۆپیشاندەرانە."

XS
SM
MD
LG