سکرتێری حزبی شیوعی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵدەدرێت هەرێمی کوردستان لە ململانێ ئیقلیمییەکانەوە تێوەبگلێنرێت و زۆر "پاکتاوکردن" هەیە کە لەسەر زەوی هەرێم ئەنجام دەدرێت.
رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو زنجیرە تیرۆرو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر بەشێکن لە ململانێ ئیقلیمییەکان، بە پێی قسەی حکومەتی عێراق و هەرێمیش پاساوەکان دروست نین."
لە 15 ی مانگی 1 ی 2024، ئێران بە موشەکی جۆری بالیستی هێرشیکردە سەر ماڵی سەرمایەدارێکی دیاری هەولێرو بەوهۆیەوە خۆی و کچێکی و دوو کەسی تر کوژران. هاوکات تورکیاش بە بیانووی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە ناو بەناو هێرش دەکاتە سەر ناوچە جیاوازەکانی سلێمانی.
سکرتێری حزبی شیوعی عێراق وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، هێرشەکانی بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق وەسفکرد و ڕایگەیاند،"ناکرێت وڵاتان کێشەی ناوخۆیی خۆیان بگوێزنەوە بۆ وڵاتی تر و تێیدا پاکتاوی حساباتی خۆیان بکەن و خەڵکی مەدەنی بکەنە ئامانج، ئەمە کارێکی ڕێگەپێنەدراوە."
جەختیشیکردەوە،"وڵاتانی ئیقلیمی پێشێلکردنی سەروەری عێراقییان بۆ خۆیان حەڵاڵ کردووە بێ ئەوەی هیچ بەرەنگارییەک هەبێت لە بەردەمیان، ئەوان سود لە دۆخی لاوازی عێراق دەبینن.دەبێت پێکەوە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بەهێز بکەین و بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوبەشی نێوان عێراق و هەرێمە چونکە خەمەکە هاوبەشە."
رائید فەهمی دەڵێت،"دەبێت هەرێم و بەغدا پێکەوە و بەیەک هێزو ئیرادە دژ بە ئاڵەنگارییەکان بوەستنەوە، ڕێگای دپلۆماسی و سیاسی بگرنە بەر بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان، چونکە لێدان لە هەرێم لێدانە لە عێراق، ئەمە زیان بە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەگەیەنێت."
جیاواز لەو هێرشانەی لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە سەر شاری هەولێر، هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی قوڵبووەتەوە بەهۆی ناکۆکی نێوانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق.
سکرتێری حزبی شیوعی عێراق پێیوایە، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی دەسەڵاتەکان و جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان دەبێت لە ڕێگەی گفتووگۆوە هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، هەر لایەنێکیش خۆی لە بەرپرسیارێتی لابدات زەرەر دەکات و دۆڕاوە.
رائید فەهمی دەڵێت،"مەترسی ئەوەی ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا دەگوزەرێت ئەوەیە تەنها ناکۆکی سیاسی نییە، بەڵکو بووەتە هۆی بارگرانی بۆ سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕووی داراییەوە. ئەمەش بابەتێکی مەترسیدارەو پەیوەستە بە مافی هاوڵاتییەوە کە هاوڵاتی کوردستان دواجار هاوڵاتی عێراقە."
دەشڵێت،"حکومەتی هەرێم و سەرکردەکان پێشوازی لە هەڵوێستەکانی سودانی دەکەن، کەواتە فشارەکانی سەر هەرێم لە کام لایەنەوەیە جێی پرسیارە، دیارە فشارەکان لەهەندێک هێزی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانەوەن و ئەمە کێشەی بونیادی فیدراڵی دێنێتە ئاراوە. دەبێت هەرێم و بەغدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن، لێدوانی ئەرێنی لەمبارەیەوە دەبیستین، بەڵام پێدەچێت ئیرادەیەک هەبێت کێشەکان زەق بکاتەوە."
لە مانگی 5 ی ساڵی 2021، جنین پلاسخارت نێردەی سەرۆکی نەتەوەیە یەکگرتووەکان لە عێراق، هۆشداری دایە بەرپرسانی کوردو لایەنە سیاسییەکان لە بارەی داهاتووی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند،"پێتانوانەبێت ئەو ئۆتۆنۆمییەی هەتانە هەروا بە مسۆگەری و هەتا هەتایی بمێنێتەوە، یەکڕیزی لایەنەکان بۆ مانەوەی قەوارەکە گرنگە."
بەئامانج گرتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمی و فشارە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، وایکردووە بەشێک لە بەرپرسانی کورد مەترسی خۆیان لە داهاتووی قەوارەی هەرێم نەشارنەوە.
سکرتێری حزبی شیوعی عێراق لەو بارەیەوە وتی، "لەگەڵ برایانی کورد قسەم کردووەو وتوومە سیستەمی فیدراڵی بابەتێکی گرنگە بۆ گەلی کوردستان، بۆیە پارێزگاری لێکردنی و هێشتنەوەی لەسەر بنەمایەکی ساغڵەم ئەرکێکی گرنگە. دەبێت بزانین هەموو ئەوانەی واژویان لەسەر دەستور کردووەو دەنگیان پێداوە، باوەڕی تەواویان بە هەرێمی کوردستان و بونیادی فیدراڵی نییە، ئەمە جگە لەوەی هەرێم فشاری ئیقلیمیشی لەسەرە."
ئەو وتیشی،"هاوڕام کە ئاڵەنگاری زۆر هەیە لەسەر بونیادی فیدراڵی لە عێراقدا، بەڵام لە ناوەندی عێراقی و قوڵایی کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕایەکی زۆر باشیش هەیە لەسەر فیدراڵییەت و بوونی هەرێمی کوردستان، زۆرێکیش دڵخۆشن بە بەرەوپێشچوونەکانی هەرێم. پێویستە کورد لەڕووی جەماوەری و سیاسی کار لەسەر ئەم پرسە بکات، ڕاستە مەترسی هەیە، بوونی مەترسیش بە واتای بەدیهاتنی نایەت."
لە مانگی 2 ی ساڵی 2023، ئەوکاتەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بەتەواوەتی قوڵتربوویەوە، رائید فەهمی وەکو سکرتێری حزبی شیوعی عێراق سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کرد. ئەوکات میدیاکان وا بڵاویانکردەوە گوایە نێوەنگیری لەنێوان ئەو دوو حزبەدا کردووە.
لەوبارەیەوە، رائید فەهمی وتی،"ئەو مەسەلانەی پەیوەندیدارن بە ڕەهەندی نەتەوەیی و تایبەتن بە گەلی کوردستانەوە، پێویستە لایەنەکان یەک هەڵوێست بن لەسەر مافە ڕەواو نەتەوەییەکانیان کە لەدەستوردا چەسپیووە."
ئەو وتیشی،"ناکۆکی نێوان لایەنەکان حاڵەتێکی ئاساییە، گەر ناکۆکییەکان هەنگاوە لە پێشینەکان هەڵبوەشێننەوەو ببنە هۆی تێکدانی دەستکەوت و هاوبەشییەکان، ئەمە هەرێم و هەڵوێستی کوردستانی لاواز دەکات. نابێت ناکۆکییەکان سنورێکی دیاریکراو تێپەڕێنن، چونکە ئەمە لەلایەن لایەنگەلێکەوە دەقۆزرێتەوە کە چاویان بە ئەزموونی هەرێم هەڵنایەت."