Accessibility links

بەشێک لە کاردانەوەکان بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد


دوابەدوای لەسێدارەدانی پژمان فاتحی، موحسین مەزلوم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لەدژی لەسێدارەدانی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت دژی لەسێدارەدانی ئەو چوار لاوە کوردە دەستی پێکردووە.

موتەلێب ئەحمەدییان، لە زیندانی ئێڤین و سەکینە پەروانە لە زیندانی مەشهەد دوو لەو بەندکراوە کوردانەن کە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای ڕاگەیاندنی مانگرتنی ئەو زیندانییە کوردانە، نووسیوێتی سەکینە پەروانە، زیندانی سیاسی کوردی قووچان کە لە بەشی ژنانی زیندانی ناوەندیی مەشهەد خەریکی تێپەڕاندنی سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانیکردنەکەیەتی، لەگەڵ موتەلێب ئەحمەدییان کە لە زیندانی ئێڤین خەریکی تێپەڕاندی سزای 30 ساڵ زیندانیکردنییەتی، لەکاردانەوەی بە لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە کوردە، دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن.

جگە لە مانگرتنی ئەو دوو بەندکراوە کوردە، چەندین بەندکراوی سیاسی لە زیندانی قزڵحەسار و هەروەها ژنانی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین دژی لەسێدارەدانی چوار لاوی کورد، دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن.

لە ڕاگەیاندڕاوێکدا کە ڕۆژی سێشەممە، 30ی مانگی یەک لە هەژماری ئینستاگرامی نێرگس محەممەدی زیندانی سیاسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڵاو کراوەتەوە، هاتووە "سەرجەم ژنانی بەندکراوی زیندانی ئێڤین وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی وەفا ئازەربار، محەمەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی و موحسین مەزلوم بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی دەیان زیندانی دیکە، دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن."

کاردانەوەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بەردەوامە و سەرکۆنەی ئەو لەسێدارەدانانە دەکەن.

گەوهەر ئەشقی، دایکی ڕەخنەگرێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانی ئێران گیانی لەدەست دا، لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسی کورد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوێتی"نەفرەتت لێبێت خامنەیی! جاران دوعای ئەوەم دەکرد کە بمریت، ئێستا دەڵێم کوڕەکانت بە هەڵواسراوی ببینیت."

هەر لەم چوارچێوەیەدا عەبدوڵڵا موهتەدی،سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە "دڵنیاتان دەکەمەوە کە کوردستان لە بەرامبەر کوشتنی منداڵەکانیدا بێدەنگ نابێت."

سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لە تۆڕی ئیکس سەرەڕای دەستخۆشیکردنی لەخەڵک کورد بۆ مانگرتنی گشتی دژی لەسێدارەدانی ئەو چوار لاوە، نووسیوێتی "مانگرتنی گشتی لە هەموو شارەکانی کوردستان بە سەرکەوتووی بەڕێوەچوو و خەڵکی کوردستان لە نمایشێکی گەورەدا ڕێزیان لە منداڵە شەهیدەکانیان گرت."

هەروەها حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرکۆنەکردنی لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە کوردە، لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێ شەممە بڵاویکردووەتەوە نووسیوێتی "بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانینە مانگرتنەکانی ئەمڕۆی شارەکانی کوردستان و لەوە دڵنیاین کە سیاسەتی سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامی کار لە سەر ئیرادەی مافخوازانەی تێکۆشەرانی کورد ناکات."

هەروەها پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلانی کوردستانی تورکیا (DEM Parti) لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی کە سیاسەتی دوژمنایەتی و کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد بە دڵنیاییەوە تێکدەشکێت.

پژاکیش وێڕای شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانەکان لەلایەن ئێرانەوە، لە بانگەوازیکدا بڵاویکردووەتەوە " لە گەلەکەمان و چالاکوانان و توێژ و بەشەکانی جڤاک و جەماوەر داوا دەکەین وەڵامێکی گونجاوی کۆماری سێدارە بدەنەوە."

محەممەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی دێولانی پارێزگای کوردستان و موحسین مەزلوم تەمەن 27 ساڵ خەڵکی مەهاباد و وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ خەڵکی بوکان و پژمان فاتحی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی کامیاران بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لە سێدارەدران.

XS
SM
MD
LG