Accessibility links

حکومەتی هەرێم دەڵێت پابەندییەکانی خۆی"بە زیادەوە" جێبەجێکردووە، پارەکە لە بەغداوە هێشتا نەگەیشتووە


هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممەی بە هەواڵی گەیشتن و نەگەیشتنی بڕی 618 ملیار دینار لە بەغداوە بەڕێکرد بۆ دابینکردنی پارەی مووچەخۆرانی کە چوار مانگە هیچ مووچەیەکییان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت چاوەڕواندەکات سبەینێ پێنجشەممە ئەو بودجەیە بخرێتە سەر هەژماری دارایی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (31-1-2024) کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و لە ڕاگەیێندراوێکیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد "هەرچی زووە" ڕێککەوتنەکانیان لەسەر پرسی مووچە و بودجە جێبەجێبکات "تاکوو چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەکەوێت."

ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی عێراق کردووە "چارەسەرێکی بنەڕەتی" بۆ پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بکات ڕایگەیاندووە، "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە بە زیادەوە جێبەجێ کراوە چ لە پێشکەشکردنی زانیاری لەسەر میلاکی گشتی و داهات و خەرجییەکانی هەرێم و واڵاکردنی دەرگا و تۆماری دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وردبینیى چاودێریى دارایی فیدراڵ، بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوەته‌وه‌ بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیاريه‌تی خۆی لە بەرانبەر دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووردا جێگیر کراوە."

لە ڕۆژی 14 ی مانگی 1ی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکاندا کۆبووەوە، هەمان ڕۆژ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی بودجەیەکی 618 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دەرکرد، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو بودجەیە نەنێردراوە.

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان "بەپەلە" هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە گوایە وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و بڕارە لە بەیانییەوە دەستبەدابەشکردنی مووچە بکرێت.

بەڵام وەزارەتی دارایی لە ڕوونکردنەوەیەکیدا ئەو هەواڵەی پشتڕاستنەکردەوە.

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، "چاوەڕوانین لە سبەینێوە ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت و لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕادەگەیەنرێت."

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا پارەی چوار مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و بەهۆیەوە مامۆستایان لە "زۆنی سەوز" بەرەوە 5 مانگ دەچێت خوێندنی قوتابخانە حکومییەکانیان ڕاگرتووە. هاوکات، مەترسی بایکۆتی فەرمانبەرانی کەرتی پزیشکی هەیە بەم هۆیەوە.

ئەمڕۆ وەزیری دارایی ئاوات شێخ جەناب لە شاری سلێمانی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا "هەرچی لە تواناماندا هەبوو" بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە کردوویانە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا کە چەندین دەزگای هەواڵی ئامادەیبوون، وەزیری دارایی ئامادەنەبوو هیچ پرسیارێکی ڕۆژنامەوانان لەسەر پرسی گەرمی مووچە وەربگرێت. کاتێک ڕۆژنامەوانان پاڵەپەستۆیانبوو بۆ وەرگرتنی لێدوانی زیاتر، وەزیری دارایی دووجار پێیوتن "کوێرم مەکەن، وە "پرسیار و شتم لێمەکەن."

لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری دارایی تەنها وتی، "هەرچی بەربەستێک لە بەردەمی حکومەتی هەرێم هەیە هەموویمان تێپەڕاندووە. هەر قسە و باسێک لە بارەی هەبوونی کوموکوری هیچی ڕاست نەبوو. ئێمە هەرچی بیانووە بڕیومانە. چاوەڕوانی ئەوە دەکەین لە سبەینێوە ئەو پارەیەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر داوە بخرێتە سەر حسابی حکومەتی هەرێم و ئێمە دەستبەدابەشکردنی مووچە بکەین."

لە ڕۆژی 14ی مانگی 9 ی 2023 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمدا خۆیان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکاندا کۆبونەوە. ئەنجامی سەردانەکەشیان ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی بۆ ناردنی تەنها سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بە قەرز بۆ هەرێم لێکەوتەوە.

ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییە، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ مووچەی مانگەکانی حەوت، هەشت و نۆی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان خەرخ کرا، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی دە و یازدەی و دوازدەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مانگی یەکی ئەمساڵ خەرج نەکراوە.

XS
SM
MD
LG