Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بلینکن دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


بەرپرسێکی ئەمەریکایی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەم زووانە دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەکاتێکدا دانوستانەکان گەرمتر دەبن لەسەر پێشنیارێک بۆ وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی بارمتە دەستبەسەرکراوەکانی لای حەماس.

ئەو بەرپرسەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بەبێ ئەوەی شوێنی مەبەست و بەروارەکانی دیاری بکات، وتی "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا" بلینکن دەگەڕێتەوە ناوچەکە.

ئەمە پێنجهەمین گەشتی بلینکن دەبێت بۆ ناوچەکە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە، کاتێک چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بێ پێشینەیان لەناو خاکی ئیسرائیل ئەنجام دا، کە بە هەڵمەتێکی سەربازیی بێوچان لە کەرتی غەززە کە لە ژێر دەسەڵاتی حەماسدایە لەلایەن ئیسرائیلەوە وەڵام درایەوە.

بلینکن لە هەموو گەشتەکانیدا هەم سەردانی ئیسرئیل و هەم سەردانی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی کردووە.

دوایین گەشتەکە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و حەماس تاوتوێی پێشنیارێک دەکەن کە شەڕەکە ڕادەگرێت لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان.

بلینکن ڕۆژی دووشەممە وتی "هیوایەکی ڕاستەقینە" هەیە بۆ ئەوەی کە ناوی لێنا "پێشنیارێکی باش و بەهێز" کە لە ڕێگەی قەتەرەوە نێوەندگیری دەکرێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت هەر لە ڕۆژی چوارشەممە جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە واشنتۆن لەگەڵ ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل کۆببێتەوە کە هاوپەیمانی نزیکی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG