Accessibility links

کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەکوژرێت


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن کۆڵبەرێک کە لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار کرابوو، دوای دوو ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کۆڵبەرێک بە ناوی جەبار وەیسی کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان گولەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەر پشتی سەری کەوتبوو، ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری کرماشان گیانی لەدەستداوە.

جەبار وەیسی تەمەن 30 ساڵ، خەڵکی گوندێکی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشانە و بە گوێرەی هەواڵەکان لە مەودای نزیکەوە تەقەی لێکرابوو.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەگەڵ جەبار وەیسی، دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی بەرزان و یەزدان بە تەقەی هێزەکانی سنوور بریندار بوون.
هەروەها ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوزیش دەڵێت ئەو کۆڵبەرە لە کاتێکدا تەقەی لێکراوە کە هیچ بارێکی پێنەبووە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی هەنگاو، لە ساڵی 2012 تا 2023 زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆڵبەر لە کوردستان بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون یان بریندار بوون.

هەروەها ڕاپۆرتێکی کۆڵبەر نیوز باس لەوە دەکات تەنها لە ساڵی 2023دا، 299 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەستداوە کە لە نێو ئەو ژمارەیەدا، 267 حاڵەتی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنووری ئێرانەوە بووە.

کۆڵبەران لە شارە کوردنشینەکانەوە ئەو کەلوپەلانەی کە بە کاڵای قاچاخ پێناسە دەکرێن، لە ڕێگای چیا و شاخە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای ئێرانەوە لە ژێر تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەگوازنەوە بۆ ناو ئێران. بازرگانانی کورد و عەرەب و فارس کە بە گشتی خاون کاڵاکانن، بە پارەیەکی کەمی گومرگی کەلوپەلی جۆراوجۆر هاوردەی عێراق دەکەن و دواتر سەرمایەدارەکان کە لە کەناڵە فەرمییەکانەوە بە هۆکاری جیاواز ناتوانن بەرهەمەکان بۆ ناو ئێران بگوازنەوە، بە شێوەی قاچاغ و لە ڕێگەی ناوچە سنوورییەکانەوە، کاڵاکانیان لە ڕێگەی کۆڵبەرانی کوردەوە دەگوازنەوە بۆناو ئێران.

تێپەڕین بە ڕێگا قورسەکاندا و کەوتنەخوارەوە لە شاخەکان، تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق و ڕەقبوونەوە لە سەرمای زستان، تەنها بەشێکن لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی کۆڵبەران، بەڵام تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنووری ئێران و سوپای پاسداران و لەم دواییانەشدا تەقەی هێزەکانی پاسەوانی عێراق(حەرەس حدود) بوون بە بەشی سەرەکی ئەو هەڕەشانەی ژیانی کۆڵبەران دەخاتە مەترسییەوە.

XS
SM
MD
LG