هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ڕۆژی شەممە لە ئوردن سێ سەربازی ئەمەریکایی تێدا کوژران، بووە هۆی مشتومڕ لە کۆنگرێس سەبارەت بە باشترین ڕێڕەوی کارکردن دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزاکانی بەسەر هەندێک لەو لایەنانەی کە بەرپرسیار بوون ڕاگەیاند.
هێرشەکە لەلایەن گروپە ملیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناو عێراق و سوریا ئەنجام درابوو، کە بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکای لە نزیک سنووری سوریا کردە ئامانج.
نێوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە کە بنکەکانیان لە عێراق و سوریایە و تیایدا بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکایی لە نزیک سنووری سوریا کراوەتە ئامانج کە سەرنجی هەماهەنگی هەوڵەکانە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و لەناوبرد نی گروپی تیرۆریستی داعش.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی ڕەتکردەوە لەو هێرشەدا.
ئەندامانی کۆنگرێس لە کاتێکدا یەکگرتوو بوون لە خواستی ناردنی پەیامێک بۆ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە، بەڵام لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەیان ناکۆک بوون.
ئەندامی کۆنگرێس ڕاجا کریشنامورتی بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، سزاکان "هەنگاوی یەکەمە"، بەڵام پێویستە بژاردەی زیاتر لەبەرچاو بگیرێت بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە.
کرشنامورتی ئەندامی کۆنگرێس، نوێنەری ویلایەتی ئیلنۆی کە نوێنەرێکی دیموکراتە گوتیشی "پێم وابێت دەزانن ئێمە پەیامێکی بەهێز دەنێرین و بەڵێ ئێمە پەیامێکی بەهێز دەنێرین. گرنگترین شت ئەوەیە کە ئیدارەی بایدن توانای هەیە، ئەو توانایە بەکاردەهێنێت، بەڵام ئێمە بڕیار دەدەین کەی و لە کوێ ئەو توانایە بەکاردەهێنین."
هەندێکی دیکە لە کۆنگرێس لەگەڵ نوێنەر مایک گالاگەر هاوڕا بوون بۆ وەڵامێکی توندتر و وەڵامدانەوەیان تەنها بە ڕێگای سزاکان خستە ژێر پرسیارەوە.
مایک گاڵەگەری کۆماری نوێنەری ویسکانسن دەڵێت " سزاکان بە تەنها ڕێگە لە هیچ شتێک ناگرن." لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا گوتیشی " تەنها کردەی سەربازی دەتوانێت ئەم کارە بکات،جا سزاکان دەتوانن پشتگیری لەو هەوڵە بکەن، بەڵام تا ئەو کاتەی ستراتیژییەکی یەکگرتووی ناوچەییمان نەبێت بۆ ڕێگری کردن لە هەژموونی ئێران و لێدانی ئامانجەکانی ئێران دوای کوشتنی ئەمەریکاییەکان؛ ئەوا پێموانییە سزاکان بە تەنها کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت."
لە کاتێکدا هەندێک لە یاسادانەران بانگەشەیان بۆ سزا یان کردەوەی سەربازی دەکرد، هەندێکی دیکە هەوڵیان دا سەرنجیان بخەنە سەر ئەوەی کە بە نەبوونی کردەوەی پێشوەختە لەلایەن کۆشکی سپییەوە دەیبینن. ئەم هێرشە بووە هۆی یەکەم کوژرانی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە نێوان ئەمەریکا و گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەززە پەرەی سەندووە.