Accessibility links

ڕوانگەی سوریا: لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا ئێرانییەک و دوو کەسی دیکە کوژراون


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت ئێرانییەک و عێراقییەک و کەسێکی سێیەم کە هەتا ئێستا ناسنامەکەی نادیارە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە هێرشێکی ئیسرائیل کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریا ڕایگەیاند لە هێرشێکدا بۆ سەر کێڵگەیەک لەسەر ڕێگای عەقرەبە بەرەو ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشوری دیمەشقی پایتەخت ئەو 3 کەسە کوژران. هەروەها ئیسرائیل هێرشێکی دیکەی ئەنجامداوە بۆ سەر کێڵگەیەکی تر لەسەر ڕێگای غەزلانییە لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی، بەڵام لەم هێرشەدا زیانی گیانی نەبووە. دەشڵێت دیارە ئیسرائیل زانیاری هەواڵگری هەبووە کە جموجۆڵی سەربازی لە ناو ئەو کێڵگانەدا هەن."

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری گوتیشی " بەهۆی ترس لە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا، فەرماندە باڵاکانی ئێران لە دێرەزۆر و ناوچەکە کشاونەتەوە و ئێران سەرکردایەتی ئەو ناوچەیەی ڕادەستی حزبوڵڵای لوبنان و لیوای فاتمیونی ئەفغانی کردووە، بەڵام هەتا ئێستا ڕاوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێران لە دیمەشق و ناوچە گوندییەکانی دیمەشق و حەما و حەلەب و لازقیە بوونیان هەیە."

میدیاکانی ئێران سەبارەت بەم هەواڵە ڕایانگەیاندووە کە ئەندامێکی سوپای پاسداران کە "چالاکی ڕاوێژکاری"ی لە سوریا هەبووە، لە هێرشێکی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ئیسرائیلدا کوژراوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئەو کەسە، نووسیوێتی ناوی ئەو کەسە سەعید عەلیدادی بووە و ڕاوێژکاری سەربازیی سوپای پاسداران لە سوریا بووە.

کوژرانی ئەو ئەندامەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژێک دوای ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دێت کە لە زاری پێنج سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو سوپای پاسدارانی ئێران لە دوای زنجیرە هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل، جێگیرکردنی فەرماندە باڵاکانی لە سوریا کەمکردووەتەوە و لەو شوێنانە زیاتر پشت بە میلیشیا بە وەکالەتەکانی دەبەستێت.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕەزی موسەوی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی سوپای پاسداران و پاشان پێنج فەرماندەی هێزی دیکەی سوپای پاسداران لە نێویاندا سدیق ئومێدزادە، لەو هێرشانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئیسرائیل لە ناوچەی زەینەب لە نزیک دیمەشق کوژران.

ڕەزی موسەوی زیاتر لە 30 ساڵ بەرپرسی لۆجستیکی هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران بوو لە سوریا و لوبنان، وە سادق ئومێدزادەش جێگری سوپای قودسی سوپای پاسداران بوو لە کاروباری هەواڵگری ناوچەیی. هەردووکیان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ قاسم سولەیمانیدا هەبووە.

دوابەدوای هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی گرووپە هاوپەیمانەکانی تاران لە ناوچەکەدا، هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانی سەر بە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەرچەندە هەتا ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوەکان: ڕوانگەی سوری/ میدیا نێوخۆییەکانی ئێران

XS
SM
MD
LG