Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر چەک و چالاکییە ئەلیکترۆنیەکانی ئێراندا دەسەپێنێت


نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا (OFAC) ڕایگەیاند سزای بەسەر تۆڕێکی سەرەکی یارمەتیدەر لە دابینکەری بەرهەمهێنەری کەرەستە و تەکنەلۆژیای هەستیاری بۆ بەرنامەکانی مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و هەروەها چەند کەسێک کە چالاکن لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا سەپاندووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی،2ی مانگی دوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سزای بەسەر کۆمپانیایەک کە بنکەکەی لە ئێرانە و چوار کۆمپانیای بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگ بەهۆی دابینکردنی کەرەستە و تەکنەلۆژیا بۆ بەرنامەکانی مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران سەپاندووە.

هەروەها کۆمپانیایەک کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگ بووە بەهۆی ئامادەکردنی گرێبەست و فرۆشتنی سەدان ملیۆن دۆلار کەلوپەلی ئێرانی بۆ بەرپرسانی سوپای قودسی سوپای پاسداران سزای بەسەردا سەپێندرا.

وەزارەتەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە سزای بەسەر6 بەرپرسی سەرەکی هێرشی ئەلیکترۆنیی و سایبەری سوپای پاسدارانی ئێراندا بەهۆی چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکان لە دژی ژێرخانی گرنگ لە ئەمەریکا و شوێنەکانی دیکە سەپاندووە. حەمید هۆمایونفال، حەمیدڕەزا لەشگەریان، مێهدی لەشگەریان، میلاد مەنسووری، محەممەد ئەمین سابریانی و محمد باقر شیرین کار کە سەر بە فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێرانن، ئەو شەش کەسەن کە بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕۆژی چوارشەممەش وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای دیکەی بەسەر تۆڕێکی دابینکەری داراییدا سەپاند کە لەلایەن هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنانەوە بەکاردێت.

لە ئەنجامی ئەم سزایانەدا، هەموو موڵک و ماڵی ئەو لایەن و کەسانەی کە لە ئەمەریکان یان دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکاوە، سڕ دەکرێن و وەک یاسایەکی گشتی، کەسانێک یان کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان ڕێگرییان لێدەکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

XS
SM
MD
LG