Accessibility links

کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بەردەوامە


دوابەدوای هێرشە سەربازییەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بۆسەر بەشێک لە بنکەکانی هێزە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا و عێراق، کاردانەوەکان بەرامبەر بەو هێرشانە بەردەوامن.

کاردانەوەی بەریتانیا
بەریتانیا پشتیوانی لە مافەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ وەڵامدانەوەی کوشتنی سێ سەربازەکەی و بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بەریتانیا و ئەمەریکا هاوپەیمانی سەرسەختن " و " ئێمە هیچ لێدوانێک لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان نادەین، بەڵکو پشتگیری لە مافەکانیان دەکەین بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان". گوتەبێژەکەی حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە " بەریتانیا له مێژه چالاکییه ناسەقامگیرکەرەکانی ئێرانی لە سەرتاسەری ناوچەکە له نێویاندا پاڵپشتی سیاسی و دارایی و سەربازییەکانی بۆ ژمارەیەک گرووپی چەکدار سەرکۆنە کردووه."

ئوسترالیا
ئوسترالیا گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند " مەبەستی ئەمەریکا لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانەدا ڕوونە ". گوتەبێژی حکومەتی ئوسترالیا گوتی " ئوسترالیا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەو گروپە میلیشیایانە دەکات کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن " و جەختیشی لەوە کردەوە کە " ئەمەریکا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشانەی لە وەڵامی کوشتنی سەربازە ئەمەریکاییەکانیدا ئەنجامداوە " و گوتی " دەزانین کە حکومەتی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆرە بووە بە هێزێکی تێکدەر لە ناوچەکەدا، لەوانەش بە پشتیوانیکردنی لە حەماس و تیرۆریستانی دیکە."

پۆڵەندا
پۆڵەندا ڕایگەیاندووە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئامانجەکانی پەیوەست بە حکومەتی ئێران لە عێراق و سوریا، لە ئەنجامی "یاریکردن بە ئاگر" لەلایەن هێزە بە وەکالەتەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە بووە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕادێک سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا کاتێک گەیشتە شوێنی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوتاکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " پرۆکسییەکانی حکومەتی ئێران چەند مانگ و ساڵێکە یاری بە ئاگر دەکەن، ئێستاش هەمان ئاگر دەیانسوتێنێت."

ئێران
ئێران گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە هێرشەکانی ئەمەریکا "هەڵەیەکی سەرکێشی و ستراتیژی دیکەی ئەمەریکان کە تەنها دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچە ناجێگیرەکەدا."
کەنعانی گوتی هێرشەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەک دیزاین کراون تاوەکو " تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە بشارنەوە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئێران وەڵام دەداتەوە یاخود نا.

عێراق
عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە و گوتی بوونەتە هۆی کوژرانی 16 کەس کە هاووڵاتییانی سڤیلیشییان تێدا بووە. حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە بۆردومان کراون ئەو شوێنانەشییان تێدا بووە کە هێزەکانی ئاسایشی عێراقییان تێدا جێگیرکراوە و لە نزیک شوێنە مەدەنییەکانەوە بوون. وتی 23 کەس بریندار بوون و 16 کەسی تر کوژراون. کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو ئەمەریکا پێشوەخت عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لە هێرشەکان. دواتر بەغداد ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندن و وتی بانگەشەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا کردووە " بێ بنەمایە."

سوریا
وەزارەتی دەرەوەی سوریا وتی ئەمەریکا " بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار " سوتەمەنی دەکات بە ئاگری ناوچەکەدا. بەگوێرەی ئاماری سوپای سوریا، لە هێرشەکانی ئەمەریکا کە بەشێک لە سوریایان کردە ئامانج، هاوڵاتی مەدەنی و کارمەندانی سەربازی کوژران و "زیانێکی بەرچاو"ی لێکەوتوەتەوە.

ڕووسیا
ڕووسیا ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی "ئاژاوە و کاولکاری" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاردانەوە بە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گروپەکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق.

سێرگی لاڤرۆڤ ڕۆژی شەممە سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا گوتی "واشنتن تۆوی ئاژاوە و وێرانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەچێنێت." هاوکات هۆشداریشی دا لە مەترسی ڕاستەقینەی فەروانتربوونی ناسەقامگیرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە بەرەبەیانی شەممەوە بەکاتی ناوخۆ، ئەمەریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوەند و بنکەی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی لە هێرشی چەکدارانی سەر بە ئێران لە ئوردن.

هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمەریکا دوای چەند کاتژمێرێک لە گەیشتنی تەرمی سێ سەربازە کوژراوەکە بۆ ئەمەریکا دەستیپێکرد. لە مەراسیمی گەیشتنی تەرمی ئەو سەربازانە لە فڕۆکەخانەی سەربازی نزیک واشنتن دی سی، سەرۆکی ئەمەریکا و هاوسەرەکەی و وەزیری بەرگری و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە ئامادەبوون.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG