Accessibility links

شارەزایەکی بواری سەربازی: زۆربەی سەرکردەی میلیشیاکان پێش هێرشەکانی ئەمەریکا خۆیان شاردبوویەوە


بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، هێزەکانی ئەمەریکا 85 ئامانجی لە ڕێگەی 125 موشەک و بۆمبەوە لە عێراق و سوریا کردە ئامانج کە بنکەو بارەگای میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران بوون، شارەزایەکی بواری ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت زۆربەی سەرکردەی میلیشیاکان پێشوەخت هەڵاتبوون یاخود خۆیان شاردبوویەوە.

حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە ئەمەریکا هێرشی تر بۆ سەر میلیشیا شیعەکان ئەنجام بدات، چونکە زۆربەی سەرکردەکانیان خۆیان شاردووەتەوە. شیعەی عەرەبی نەوەی ئیمام حوسێن کە وەلائی نین، هێرشەکانیان پێخۆشە و دەیانەوێت عێراق بگەڕێتەوە دۆخی جاران."

دەشڵێت،"هێرشەکانی ئەمەریکا نامەی توندبوون بۆ ئێران و میلیشیا شیعەکانی نزیکی، کە لەژێر ناوی بەرەی موقاوەمەدا هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بەوەی چیتر دەستەوەستان نابێت بەرامبەریان."

بەپێی ڕاگەیەنراوی دەستی حەشدی شەعبی، بەهۆی هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ئەمەریکاوە بۆ سەر بنکەکانیان، 16 چەکداریان کوژراون و 63 چەکداری تریشیان برینداربوون.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی لەبارەی کاریگەری هێرشەکانی ئەمەریکا لەسەر گروپە چەکدارە شیعەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گروپەکان ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمەریکا ڕاگەیاند و بنکەی هێرشەکانیشیان داخست، ئەمە واتای وەڵامدانەوەی ئەو گروپانەیە بۆ هێرشەکان."

دەشڵێت،"بەپێی زانیارییە دزە پێکراوەکان، گوایە فەرماندەی فەیلەقی قودس داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی لەگروپە چەکدارەکان کردووە، بەڵام پێناچێت ئەوە ڕاستبێت کە قائانی لەو گروپانە توڕەبووبێت بەهۆی هێرشەکانیانەوە، ڕەنگە ئەمە دروستکردنی کەشوهەوای خۆپارێزی ئێران بێت. ئێران کوژرانی سەربازی ئەمەریکی و ڕووبەڕووبوونەوەی ناوێ، بەڵکو هەراسانکردنی ئەمەریکای لەناوچەکە دەوێت."

ڕۆژی 28 ی مانگی 1 ی 2024، میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سوریا، بەهۆی هێرشەکەوە سێ سەربازی ئەمەریکا کوژران و ژمارەیەک سەربازیش برینداربوون.

لە تۆڵەی ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکە سەربازییەکەی و 3 سەربازی کوژران، ئەمەریکا هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی بۆ سەر گروپە چەکدارە نزیکەکان لە ئێران لە ناو عێراق و سوریا ئەنجامدا.

دکتۆر سەردار عەزیز پێیوایە، هێرشەکانی ئەمجارەی ئەمەریکا بەراورد بەهێرشەکانی پێشووتر جیاواز بوون، بەتایبەت لەڕووی فراوانی و بەهێزی و وردی هێرشەکان و پێکانی ئامانجەکانەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز وتی،"لەڕووی تەکنەلۆژیای سەربازییەوە گەر سەیری هێرشەکان بکەین ئەمەریکا فڕۆکەی B1 ی بەکارهێنا، ئەم فڕۆکەیە لە ئەمەریکاوە هەستاو گەڕاشەوە بێ ئەوەی هیچ بنکەیەکی ئەمەریکی لەناوچەکە بەکاربهێنێت، ئەمەریکا ئەو پەیامەی گەیاند توانای وەڵامدانەوەی هەیە بێ بەکارهێنانی کەشتی دەریایی و بنکەکانی لەکەنداو."

ئەو وتیشی،"شەڕەکە دیوی دەروونیشی هەیە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە هێرشەکانی ئەمەریکا تەواو یاخود هێرشی تریش ئەنجام دەدات، ئەمە شەڕی دەروونییە."

بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 ەوەو لەوکاتەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرساوە، نزیکەی 150 هێرش لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی ڕوونیکردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی شەمە گەڕانەوەی هەیبەتبوو، تا هیچ هێزێک نەوێرێ پەلاماری بدات و ڕووبەڕووی ببێتەوە، بەتایبەت دوای کوژرانی سێ سەربازەکەی هەستیکرد نەیارەکانی ترسیان شکاوە لێی.

دکتۆر سەردار وتی،"بۆ ئەمەریکا گرنگە لەڕووی دەروونییەوە ئەو هەستە لای نەیارەکانی دروست بکات گەر ڕووبەڕووی ببنەوە، بێ سزای گەورە دەربازیان نابێت و ئەمەریکا بە بۆردومانکردنی ئەو جێگانەی درۆنەکانیان لێوە هەستاو ئەو هێزانەی سێ سەربازەکەیان کوشت پەیامی تۆڵە کردنەوەی گەیاند."

سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا دوای ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ڕایگەیاند "هێرشەکانی ئەمڕۆ بە فەرمانی من ئەنجامدراون و لە کات و شوێنەکانی دیکەش بەردەوام دەبن، لە هەر شوێنێک بمانەوێت."

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی "ئەمەریکا بە دوای ململانێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا ناگەڕێت، بەڵام هەموو ئەوانەی بە دوای زیان گەیاندن بە خەڵکەوەن، دەبێت بزانن ئەگەر زیانێک بەر ئەمەریکاییەک بکەوێت، ئێمەش وەڵام دەدەینەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:46 0:00
XS
SM
MD
LG