بەرپرسانی لایەنە شیعەکانی عێراق هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حەشدی شەعبی بە "پێشێلکردنی" سەروەری عێراق وەسف دەکەن و ئاماژەبەوەدەکەن، هێرشەکان چوارچێوەی ململانێکان لەسەر خاکی عێراق فراوانتر دەکەن.
دکتۆر ئەحمەد کەهیە، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانێتی فەتح، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێرشەکان ئەنجامی خراپ و نەرێنییان دەبێت و پەرچەکرداریان بەدوادا دێت، چوارچێوەی ململانێ و ئامانج گیرییەکان لەسەر خاکی عێراق فراوانتر دەکەن. حکومەتی عێراق بەرامبەر گەلەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەهۆی ئەو ململانێیەی لەسەر خاکەکەی دروستبووە توشی ئیحراجی بووە."
هەروەها وتیشی،"ململانێ و هێرشەکان زیان بە سەقامگیری سیاسی عێراق دەگەیەنن و کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی دوای سەرکەوتن بەسەر داعش دا بەدەست هاتووە."
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، هێزەکانی ئەمەریکا 85 ئامانجی لە ڕێگەی 125 موشەک و بۆمبەوە لە عێراق و سوریا کردە ئامانج کە بنکەو بارەگای میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران بوون. بە پێی ڕاگەیەنراوی دەستەی حەشدی شەعبی، بەهۆی هێرشەکانەوە 16 چەکداریان لێکوژراوەو 36 چەکداریشیان برینداربوون.
دکتۆر ئەحمەد کەهیە دەڵێت،"گەر قەیرانەکان قوڵتر ببنەوەو دۆخەکە خراپتر بێت، هەموو لایەنەکان زەرەرمەند دەبن. بەرپرسیارێتی کوتلە سیاسییەکانە گفتووگۆ لەسەر پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمەریکا، عێراق و وڵاتانی دراوسێ بکەن و لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاربدەن."
هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکەی هێزە نزیکەکان لە ئێران، بە وەڵامی ئەمەریکا دادەنرێت بۆ هێرشێکی درۆنی ئەو هێزانە بۆ سەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی تری ئەمەریکی.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، هێرشەکانی ئەمەریکای بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق وەسفکرد و ئاماژەی بەوەکرد هێرشەکان هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی عێراق بۆ نێو شەڕی لایەنداری.
سەعد مەتڵەبی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی بنکە سەربازییەکەی ئەمەریکا لە ئوردن لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بۆردومانکرابێت."
کاتێک لە ڕۆژی 8 ی مانگی 12ی 2023، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بە دوو موشەک هێرشی کرایە سەر و هەمان ڕۆژیش باڵەخانەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق هێرشیکرایە سەر، نوسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند،"گروپە لەیاسا دەرچووەکان نوێنەرایەتی گەلی عێراق ناکەن."
بەڵام سەعد مەتڵەبی پێیوایە، ئەو هێزانەی لەلایەن ئەمەریکاوە کراونەتە ئامانج لە ژێر چەتری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دا کاردەکەن و موچە لەدەوڵەتی عێراق وەردەگرن، بۆیە هێرشەکان دەستدرێژی بوون بۆ سەر بنکە عێراقییەکان.
سەرۆکایەتی کۆمارو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران، هێرشەکانیشیان بەپێشێلکردنی سەروەری عێراق ناوبرد.
دکتۆر محەمەد حسام، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێرشەکان پێویستیان بە هەڵوێستی حکومەتە، بەپێویستی نازانم قسەی لەسەر بکەین."
سەرۆکی ئەمەریکا، جۆوبایدن لە ڕاگەیەنراوێکدا دوای ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ڕایگەیاند،"ئەمەریکا بەدوای ململانێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان ناگەڕێت، بەڵام ئەوانەی بەدوای زیان گەیاندن بەخەڵکەوەن، دەبێت بزانن گەر زیان بەر ئەمەریکاییەک بکەوێت، ئێمەش وەڵام دەدەینەوە."