Accessibility links

هەرێمی کوردستان و تورکیا جەخت لەسەر گرنگی هاریکاری هاوبەش دەکەنەوە


وەزیری بەرگری تورکیا یەشار گویلەر، ڕۆژی چوارشەممە لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانیدا کۆبووەوە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكاريى هاوبه‌شى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ و پاراستنى ئاسايشى سنووره‌كان، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستى و هه‌وڵدانى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ ڕێگريكردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى ئاڵۆزييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و لێكه‌وته‌كانى. "

وەزارەتی بەرگری تورکیاش دەڵێت لە میانەی گفتوگۆکاندا " بیروڕا لە بارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و بە تایبەتی شەڕی تیرۆر ئاڵوگۆڕ کرا."

دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، گویلەر لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانیدا کۆبووەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش کراوە لە پێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا.

حکومەتی هەرێم بارزانی "خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیى هاوبەش دووپات کردەوە.
گوتیشی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانمان."

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات "گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو."

ڕێککەوتنی شەنگال ڕێککەوتنێکە کە لە ساڵی 2020 لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم واژۆ کراوە و کە لە بڕگەی ئاسایشی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە دەبێت بوونی پەکەکە لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری نەمێنێت و هیچ ڕۆڵێکی لە ناوچەکەدا نەبێت.

یەشار گویلەر ڕۆژی سێشەممە لە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراودا گەیشتە بەغدا لەوێ بێجگە لە کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق ثابت محمەد ئەلعەباسی لەگەڵ سەرۆکی عێراق لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانیدا گفتوگۆی کرد و بە گوێرەی وەزارەتی بەرگری عێراق باس لە پەرەپێدانی پەیوەندی لەشکری نێوان عێراق و تورکیا کراوە.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا باس لە ئاسیشی عێراق و سوریاش کراوە.

لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار هێرشەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق، لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە سەرکۆنە کراوە، لە کاتێکدا تورکیا دەڵێت هێرشەکانی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستانە کە تورکیا بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG