Accessibility links

ئۆتۆمبێلێکی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە بەغدا دەکرێتە ئامانج


ئۆتۆمبێلێک لە بەغدای پایتەختی عێراق ئێوارەی چوارشەممە بوو بە ئامانجی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و لە هەمان کاتیشدا چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی تایبەت بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری بەغدا بۆردومان کران.

گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی ناسنامەی دوو کەسی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی بڵاو کردووەتەوە.

گروپەکە دەڵێت ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا کراوەتە ئامانج دوو سەرکردەی کەتایب حزبوڵای عێراقی، ئەبو باقر ساعدی و ئەرکان عەلیاوی تێدا بووە.

هەندێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان دەڵێن ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدا بووە.

ئەم هێرشە چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی سوپای ئەمەریکایە بۆ سەر دەیان ئامانجی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناو عێراق و سوریا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە کۆتایی مانگی یەکدا سێ سەربازی ئەمەریکایی لە ئوردن تێدا کوژران.

ئەمەریکا مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە هاوپەیمانێکی نزیکی سەر بە ئێرانە، بە هۆکاری هێرشەکەی ئوردن دەزانێت و بەرپرسانیش ڕایانگەیاندووە کە گومانیان هەیە کە حزبوڵڵای لوبنان بە تایبەتی سەرکردایەتی بکات.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەرپرسانی ئەمەریکا لە بارەی ئەم هێرشەوە هیچ ڕاگەیاندنێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG