Accessibility links

ڕەوشی ئاسایشی ناو شاری بەغدا ئاڵۆز و ناجێگیرە


ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت ئەو هێرشەی درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی مەشتەل لە بەغدا ژمارەیەک میلیشیای سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی تیادابوون.

دووان لە سەرکردەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا لەو ئۆتۆمبێلەدا بوون بە ناوەکانی، ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعەلیاوی.
سەرچاوەکان لە بەغداوە ئاماژە دەکەن بەوەی چوار کەس لەو ئۆتۆمبێلەدا بوون، بەڵام هێشتا ئەو زانیارییە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دکتۆر تاریق ئەلزوبەیدی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دەڵێت "حکومەت لە هەوڵدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوشەکە و وەک بارێکی ئاسایی دەستکراوە بە داخستنی بەشێکی زۆری ڕێگەوبانەکان و هەروەها زۆنی سەوزیش بە تەواوەتی داخراوە، هەرچەندە دەڵێن هاتوچۆیەکی کەم هەیە؛ ئەڵبەت ئەم ڕێوشوێنانەی حکومەت و هێزە ئاسایشییەکان گرتویانەتە بەر، وەک ئامادەکارییەکی پێشوەختە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو."

ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی حەشدی شەعبی، کە کەتائیبی حزبوڵا یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشد، لە چواردەوری مەیدانی ئەلحەسەنەین، لە ناوچەی جادرییە گردبوونەتەوە، وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بەو مەرجەی ناوی ئاشکرا نەکرێت.

(سێنتتکۆم) سەرکردایەتی ناوەندی هێزە لەشکرییەکانی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت لەو هێرشەدا ئەو سەرکردەیەی کەتائیبی حزبوڵڵا کوژراوە کە بەرپرسیارە لە پیلان داڕشتنی ڕاستەوخۆ و بەشداریکردنیش لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

ئەبو باقر ئەلساعدی، ڕاوێژکاریش بووە لە ئەنجومەنی حەشدی شەعبی.

وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەبو باقر ئەلساعدی تیادابوو
وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەبو باقر ئەلساعدی تیادابوو

دوابەدوای هێرشەکە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، باری ئاگاهی لەناو باڵیۆزخانەکەدا بەرزدەکاتەوە بۆ بەرزترین ئاست. ئەمەش وەها لێکدەدرایەوە کە دەشێت لە تۆڵەی هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەمەی ئەمەریکا لە بەغدا، میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەکە.

سەرچاوەکە بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "میدیاکانی هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی و هەروەها هێزە میلیشیاییەکانیش کەوتوونەتە هاندان بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا."

سەرمەد ئەلبەیاتی، شیکەرەوەی لەشکریی و ئاسایشیی دەڵێت "ڕاستە ڕەوشەکە لە ناو بەغدا ئاڵۆزیی و شپرزەیی پێوە دیارە و لەو بڕوایەشدام مەترسییەکی ئەوتۆ لەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا نییە، چونکە لە زۆنی سەوزی بەغدادایە و هێزەکانی دامەزراوە ئاسایشییەکان بە مەبەستی پاراستنی باڵیۆزخانەکە، چواردەوری باڵەخانەکەیان گرتووە و گرین زۆنیش بە تەواوەتی داخراوە و تەنها بۆ ئەوانە کراوەیە کە ناسنامەی تایبەتی هاتوچۆیان هەیە بۆ گرین زۆن، بەڵام دەشڵێم کە هەموو ئەگەرێکیش کراوەیە چونکە نازانرێت پاش کەمێکی تر چی ڕوودەدات."

بەڕێز ئەلبەیاتی دەڵێت "ئەو هێرشە بە موشەک کرابێت یان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هیچ شتێک ناگۆڕێت لەو ڕاستییە کە زۆر زیرەک بووە، بە ئەندازەیەک، بێ لە ئۆتۆمبێلەکەی بە ئامانج گیرابوو، هیچ ئۆتۆمبێلێکی تر و هیچ باڵەخانەیەکیش لە شوێنی هێرشەکەی مەشتەل، زیانی بەرنەکەوتووە."

سەرمەد ئەلبەیاتی، سەبارەت بە ئەگەر و نەگەری کاردانەوەکانیش دەڵێت "ئەبو باقر بەو پێیەی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی حەشد بووە، واتە ڕێک پەیوەندی هەیە بە سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە (موحەمەد شییاع ئەلسودانی- سەرەک وەزیری عێراق) هەربۆیە دەشێت کاردانەوە هەبێت و لەوانەشە پاش مەڕاسیمی ناشتنەکەی بێت."

دکتۆر تاریق ئەلزوبەیدی دەڵێت لەو بڕوایەدایە، ئەو هێرشانەی ئەمەریکا دەیانکاتە سەر میلیشیاکان ڕەنگدانەوەیشی دەبێت لەسەر هەڵسوکەوت و هەڵوێستی حکومەتی عێراق و پەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئەمەریکادا، دەشڵێت "لە بیرمان نەچێت ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق لەلایەن هەموو ئەو هێزە سیاسیانەوە پشتیوانی دەکرێت کە نوێنەرایەتییەکی ئاشکرایان هەیە لە پەرلەمانی عێراقدا و زۆربەشیان لەگەڵ بیرۆکەکانی دژایەتی کردنی ئەمەریکادان، ئەگەر خۆشیان خاوەنی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە نەبن. لەوانەشە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا حکومەتی عێراق ڕاگەیەندراوی هەبێت و بە دوریشی نازانم لەسەر ئاستی پەیوندییەکانی بەغدا و واشنتۆن شێوە زمانێک بەکاربهێنرێت کە کەلێنی گەورە لە پەیوەندییەکاندا دروست بکات و لەوانەشە بگاتە ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا بکات."

دکتۆر ئەلزوبەیدی دەشڵێت هیوادارە حکومەتی عێراق ئەو جۆرە هەڵوێستە وەرنەگرێت چونکە "لێکەوتەی کارەساتباری دەبێت لە ئایندەدا و ئەمەریکا کارتی فشاری گەورە و زۆریشی لە دەستدایە کە کاریگەرییی ئابوری و سیاسی و ئاسایشیشی هەن و بێگومان وەک دەشزانین ئەو کارتانەش ئێجگار کاریگەر دەبن بەسەر ڕەوشی وڵاتەوە چونکە لە ئێستادا عێراق ئەو ئیرادە بەهێزەی نییە تا بتوانێت سەرەوکاری ئەو دۆسێ گرنگانە بکات یان بەڕێوەیان بەرێت."

حکومەتی عێراق و حکومەتی ئەمەریکا لە وتووێژدابوون لەسەر ئایندەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراقدا.

دکتۆر ئەلزوبەیدی گەشبین نییە بەو وتووێژانە و دەڵێت "بە لەبارچوویی دەستی پێکرا چونکە هەر لە یەکەم ڕۆژی وتووێژەکانەوە نە ڕێککەوتن لە ئارادا بووە و نە سروشتی ئەگەری ئەو ڕێککەوتنەش زانراوە؛ ئەمەریکا دەڵێت بۆ کشانەوە نییە، بەغداش دەڵێت بۆ دانانی وادەیەکی دیاریکراوە بۆ کشانەوەیەکی تەواوەتی، هەرچۆنێک بێت ئەمە تائێستا دیارنییە، بەڵام ئەوەی دیار و ئاشکرایە ئەوەیە کە کشانەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، لێکەوتەی خراپی دەبێت بەسەر ئێستا و ئایندەی عێراقەوە."

XS
SM
MD
LG