Accessibility links

پاکستانییەکان لە هەڵبژاردنێکی مشتومڕاویدا دەنگی خۆیان دەدەن


خەڵکی لە سەرانسەری پاکستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەڵبژاردنێکی مشتومڕلەسەری پەرلەمانییەکاندا دەنگی خۆیان دەدەن.

ئەمەش پاش ئەوەی پاکستان هەموو خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و ئەنتەرنێتی لە سەرانسەری وڵاتدا پەکخست.

بەیانی زوو وەزارەتی ناوخۆ پێش کردنەوەی ناوەندەکانی دەنگدان، ڕایگەیاند کە پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆن بۆ "کەمکردنەوەی ئەگەری هەڕەشەی ئاسایش" و "پاراستنی یاسا و ڕێسا" بووە. لەو ڕاگەیاندنەدا باسی پچڕانی ئەنتەرنێت نەکراوە.

پچڕانی هێڵی ئەنتەرنێت و تەلەفۆن دوای ئەوە بوو کە ڕۆژی چوارشەممە دوو تەقینەوەی جیاجیا لە دەرەوەی ئۆفیسەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ستانی بەلوچستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕوویاندا و بەهۆیەوە 30 کەس کوژران. گرووپی توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ڕاگەیاند.

حکومەت زیاتر لە 650 هەزار سەرباز و هێزی نیمچە لەشکری و پۆلیسی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بڵاو کردووەتەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ دەیان هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری پێنجهەمین گەورەترین وڵاتی جیهان لە ڕووی دانیشتوانەوە. بە پێی زانیارییەکان لە 241 ملیۆن دانیشتووی پاکستاندا 128 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، لە تەقینەوەی بۆمبێکدا کە نۆبەداری پۆلیسی کردە ئامانج لە شارەدێی دێرا ئیسماعیل خان لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، لانیکەم پێنج ئەفسەر کوژران. هیچ گروپێک دەستبەجێ بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی نەگرتە ئەستۆ لەو ناوچەیەی کە چەکدارانی تەحریکێ تاڵیبانی پاکستان، سەرەتای ئەم هەفتەیە هێرشێکیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس و 10 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشیان کوشت.

هێزەکانی پۆلیسی پاکستان لە شاری پیشاوەر، ڕۆژی هەڵبژاردن 8ی دووی 2024
هێزەکانی پۆلیسی پاکستان لە شاری پیشاوەر، ڕۆژی هەڵبژاردن 8ی دووی 2024

بەڵام ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت تۆمەتی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە کە هەوڵێکی دیکەی حکومەتی کاتیی بە پشتیوانی لەشکری پاکستانە بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ سنووردارکردنی کاندیدەکانی سەر بە پارتەکەی عمران خان سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان کە ئێستا لە زینداندایە.

نێتبلۆکس کە ڕێکخراوێکی چاودێری سەربەخۆیە و چاودێری ئاسایشی ئەلیکترۆنی جیهانی و حوکمڕانی ئینتەرنێت دەکات، ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردنی لەسەر ئاستی وڵات پشتڕاستکردەوە.

خان، بەناوبانگترین سیاسەتمەداری نەتەوەیی تەمەن 71ساڵە، لە پێش دەنگدانەکەدا بە تۆمەتی گەندەڵی زۆر ناکۆکی لەسەر و تۆمەتەکانی دیکە سزا دراوە و سزای زیندانی درێژخایەنی بەسەردا سەپێنراوە..

پارتەکەی خانی پاڵەوانی پێشووی کریکێت، بە ناوی تەحرێکێ ئینساف، یان PTI، بۆ ماوەی چەندین مانگ ڕووبەڕووی بەربەستبووەتەوە و سەدان ئەندام و کاندید بەبێ تۆمەت دەستگیرکراون و تەنها بە مەرجی وازهێنان لە پارتەکە یان کشانەوە لە هەڵبژاردنەکان ئازادکراون.

بیلاوال بوتۆ زەرداری، کوڕی بێنەزیر بوتۆ کاندیدی سەرۆک وەزیران، ڕەخنەی توندی لە ڕاگرتنی خزمەتگوزاری مۆبایل دەربڕی.

زەرداری لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "دەبێت خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل دەستبەجێ لە سەرانسەری وڵاتدا بگەڕێندرێتەوە، داوام لە پارتەکەم کردووە بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بە هەردوو ECP و دادگاکانەوە بکات".

چاودێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە پاکستان پێشتر لە ژێر ئاستەنگی زیاتری ئاسایشی و تیرۆر هەڵبژاردنەکانی ئەنجامداوە بەڵام خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکانی نەبڕیوە.

مستەفا نەواز خۆکار، کاندیدی سەربەخۆ بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی، خانەی خواری پەرلەمان ، لە ئیسلام ئاباد وتی " داخستنی تۆڕە مۆبایلەکان لە ڕۆژی دەنگدان سەرەتای ساختەکاری ڕۆژی هەڵبژاردنە."

بەهۆی ئەوەی خان لە کێبڕکێکە دوورخراوەتەوە، شرۆڤەکاران دەڵێن، پێشبینی دەکرێت لە دەنگدانی پێنجشەممەدا، موسلم لیگ-نەواز، یان PML-N، کە لەلایەن لەشکرەوە پەسەند کراوە، بیباتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەرکردە دێرینە تەمەن 74 ساڵەکەی پاکستان نەواز شەریف کە سێ جار سەرۆک وەزیران بووە بگەڕێتەوە بۆ سەر دەسەڵات.

ئۆفیسی تەحریکێ ئینساف لە پاکستان، ڕۆژی هەڵبژاردن 8ی مانگی دووی 2024
ئۆفیسی تەحریکێ ئینساف لە پاکستان، ڕۆژی هەڵبژاردن 8ی مانگی دووی 2024

مایکڵ کوگڵمان بەڕیوەبەری بەشی باشووری ئاسیا لە سەنتەری وێڵسن دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی لە زینداندایە، بەڵام خان وەک کەسایەتییەکی ناوەندی لە هەڵبژاردنەکاندا دەمێنێتەوە. ئەو بنکەیەکی گەورەی جەماوەری هەیە کە دەیەوێت دەنگ بەو کاندیدە سەربەخۆیانە بدەن کە پارتەکەی پشتیوانیان لێدەکات."

زیاتر لە 5 هەزار کاندید ڕکابەری لەسەر 266 کورسی گشتی لە ئەنجومەنی نشتمانی 342 ئەندامیدا دەکەن و نزیکەی 12 هەزار و 600 کاندید لە 4 ستانی پاکستاندا ڕکابەری لەسەر کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ستانەکان دەکەن.

XS
SM
MD
LG