سەرۆکی ئنستتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکایی_کوردی ڕایدەگەیەنێت، گەر میلیشیا شیعەکان کاردانەوەی توندیان بەرامبەر هێرشەکانی ئەمەریکا هەبێت و هێرش بکەنە سەر بنکە سەربازی و ناوەندە دپلۆماسییەکان، ڕەنگە سەرکردە پلە یەکەکانی هێزە شیعەکان ئامانجی داهاتووی ئەمەریکا بن.
کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئنستتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکایی_کوردی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێناچێت میلیشیا شیعەکان بەرامبەر هێرشەکانی ئەمەریکا بێدەنگ بن، هەرچەندە ترساون و ئەو توانایانەیان نەماوە هێڵی سوری ئەمەریکا ببەزێنن، بەڵام گەر لەلایەن ئێرانەوە فەرمانی هێرش کردنیان پێبکرێت، کاردانەوەی داهاتووی ئەمەریکا قورس دەبێت."
شەوی 7ی مانگی 2 ی 2024، ئۆتۆمبێلی دوو سەرکردەی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکاوە لەشاری بەغدا کرانە ئامانج، هەریەک لە ئەبوباقر ساعدی و ئەرکان عەلیاوی کوژران.
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ئۆتۆمبێلی دوو سەرکردەکەی حزبوڵا لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی 3 ی مانگی 2 ی 2024، ئەمەریکا 85 ئامانجی لە ڕێگەی 125 موشەک و بۆمبەوە لە عێراق و سوریا کردە ئامانج کە بنکەو بارەگای میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران بوون. بەهۆی هێرشەکانەوە 16 چەکداری حەشدی شەعبی لە عێراق کوژران و 36 چەکداری تریشیان برینداربوون.
کاروخ خۆشناو دەڵێت،"گروپە شیعەکان ترساون و حزبوڵا پێش زنجیرە هێرشەکانی ئەمەریکا ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕاگەیاند، بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت گروپەکان بەتەواوەتی لەپەل وپۆ بخات. بۆیە دوای هێرشەکانی بۆ سەر ژێر خانی سەربازی و توانا لۆجستییەکانیان ئێستا سەرکردەکانیشیان دەکاتە ئامانج."
هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران دوای هێرشێکی ئەو گروپانە دێت بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەو وڵاتە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، کە بووە کوژرانی 3 سەربازی ئەمەریکی و برینداربوونی زیاتر لە 30 سەربازی تر.
دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکاو کوژرانی دوو سەرکردەکەی حزبوڵای عێراقی، لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند،"سوپای ئەمەریکا بەشێوەی نابەرپرسیارانە هێرشەکان دووبارە دەکاتەوە، کە دەبێتە مایەی لەبار بردنی لێکتێگەیشتنەکان و دەستکردن بە گفتووگۆ دوو قۆڵییەکان."
کاتێک لە ڕۆژی 8 ی مانگی 12 ی 2023، باڵیۆزخانەی ئەمەریکاو باڵەخانەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەبەغدا کرانە ئامانج و هێرشیانکرایە سەر، نوسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند،"گروپە لەیاسا دەرچووەکان نوێنەرایەتی گەلی عێراق ناکەن."
سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی_کوردی پێیوایە، ئەوەی ئێستا ئەمەریکا بەرامبەر میلیشیا شیعەکان دەیکات، دەبووایە حکومەتی عێراق خۆی بیکردایە، کاتێک ئەو گروپانە هێرشیانکردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بەتایبەت ئەو گروپانە بەشێکن لە سستمی سەربازی عێراق.
کاروخ خۆشناو دەڵێت،"کاتێک حکومەتی عێراق نەیتوانی گروپەکان کۆنترۆڵ بکات و سێ سەربازی ئەمەریکایان کوشت، ئەمەریکا خۆی بە ئەرکی نینۆک کردنی گروپەکان هەڵدەستێت."
ئەو زنجیرە هێرشانەی ئەمەریکا دژی میلیشیا شیعەکان دەستیپێکردووە لەدوای بە ئامانج گرتنی بنکە سەربازییەکەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، هێشتا ڕوون نییە تاکەی درێژەیان دەبێت، بەڵام چاودێران پێیانوایە بەردەوامی هێرشەکان گرێدراون بە کاردانەوەی میلیشیاکانەوە.
کاروخ خۆشناو وتی،"هێرشەکان وادەکات گروپە شیعەکان بیر لە بەزاندنی هێڵی سوری ئەمەریکا نەکەنەوە، بەتایبەت هێرشەکان توانای لۆجستی ئەو گروپانەی لاوازکردووە."
دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە مانگی 10 ی ساڵی 2023، ململانێی نێوان میلیشیا شیعەکان و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا چووە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە، بەتایبەت میلیشیاکان بنکەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج و تۆمەتباری دەکەن بە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.