Accessibility links

سەرکردەیەکی تورکمان: پێناچێت عەرەب و تورکمان لەگەڵ کورد ڕێکبکەون و ڕەنگە مەسەلەی کەرکوک بڕواتە دادگای فیدراڵی


سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پێناچێت هیچکام لە لایەنی عەرەبی و تورکمانی لەگەڵ کورد "تەنازول" بۆ یەکتری بکەن، ڕەنگە لەداهاتوودا دۆسیەی کەرکوک لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە یەکلایی بکرێتەوە.

نەجات حوسێن، کەسایەتی سیاسی تورکمانی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەب داوای پۆستی پارێزگار دەکات و لەگەڵ تورکمان پێکەوە ڕێککەوتنیان هەیە، کوردیش داوای هەمان پۆست دەکات."

دەشڵێت،"کورد و برا کریستیانەکان خاوەنی 8 کورسی ئەنجومەنن و عەرەب و تورکمانیش بەهەمانشێوە 8 کورسییان هەیە، بۆیە هیچ لایەک تەنازول بۆ لاکەی تر ناکات، مەگەر جیابوونەوە لەنێو بەرەیەکیاندا ڕووبدات."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.

ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کوردو ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

نەجات حسێن دەڵێت،"ڕەنگە عەرەب و تورکمان بەشداری دانیشتنی ئەنجومەن نەکەن و دواتر مەسەلەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەکلایی بکرێتەوە، بەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە یاخود بڕیاری تر دەربکرێت."

لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکوک لای ڕاکان جبوری سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبییە، بەڵام کورد دەیەوێت بەسود وەرگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن ئەو پۆستە بەدەست بهێنێتەوە و پێگەی خۆی بەهێز بکاتەوە، لەکاتێکدا عەرەبی سونە نایەوێت دەستبەرداری بێت.

مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سونە لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پۆستی پارێزگار خواستی عەرەبی سونەیە و لایەنەکان گفتووگۆ هەیە لەنێوانیان، هەرلایەنەو هەوڵدەدات زۆرترین دەنگ لە نێو ئەنجومەن کۆبکاتەوەو نیوە کۆ یەک تێپەڕێنێت."

هەروەها وتیشی،"لایەن و کوتلەکان جوڵەیان هەیە تا بگەنە ئەنجام و ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت."

ڕۆژی 4 ی مانگی 2 ی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە، بە پێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

حەسەن مەجید، سەرۆکی کوتلەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کورد مافی خۆیەتی کەسێکی پرۆفیشناڵ بکاتە پارێزگار و خزمەتی تەواوی نەتەوەکان بکات."

ئەو وتیشی،"عەرەب و تورکمان بایکۆتی دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کرد. نەمبیستووە هیچ جۆرە دەستپێشخەرییەک هەبێت لەلایەن ئەو دوو پێکهاتەوەو ئەمەش ناکاتە ئەوەی گەشتبینە بنبەست، چونکە هیچ ڕێگەیەکی تر لەبەردەممان نییە جگە لە گفتووگۆو دانیشتن."

ململانێی پێکهاتەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەکاتێکدایە، دروشمی کورد لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا بەدەستهێنانی ئەو پۆستەو بەهێزکردنەوەی پێگەی بوو، دروشمی عەرەبیش لەدەست نەدانی پۆستەکەو خۆ بەهێزکردنی زیاتربوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:52 0:00

XS
SM
MD
LG