Accessibility links

شێخ محەمەد شاکەلی: گەر لەو هەلومەرجەی ناوچەکەی گرتووەتەوە بە سەلامەتی دەربچین دەستکەوتێکی گەورەیە


شێخ محەمەد شاکەلی
شێخ محەمەد شاکەلی

ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گەر هەرێمی کوردستان لەو هەلومەرجەی ناوچەکەی گرتووەتەوە "بەسەلامەتی" دەربچێت دەستکەوتێکی گەورەیە، بەتایبەت ناکۆکی نێوان حزبەکان وایکردووە ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان وڵاتاندا ئاسان نەبێت.

شێخ محەمەد شاکەلی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و وەزیری پێشووی ئەوقافی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەست بە دڵە ڕاوکێیەکی زۆر دەکرێت بەرامبەر دۆخی هەرێم و ئەو هەل و مەرجەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ڕاگرتنی باڵانس و تێکەڵاونەبوون بەو گرفتانەی لەناوچەکە دروستبووە کارێکی ئاسان نییە. گەر بتوانرێت بەسەلامەتی دەرچین کارێکی باشە، بەڵام هەست بە دڵەڕاوکێی زۆر دەکرێت لەم دۆخەدا."

لەکاتێکدا بەردەوام میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران شاری هەولێر بۆردومان دەکەن بە بیانووی بوونی بنکەی سەربازی ئەمەریکا لەو شارەو تورکیاش بەبیانووی پەکەکە ناوچەکانی سلێمانی بۆمباران دەکات، بەڵام یەکێتی و پارتی دوو حزبە حوکمڕانەکەی هەرێم "یەکدەنگ" نین.

شێخ محەمەد شاکەلی پێیوایە، هۆکار زۆرن بۆ هەبوونی ترس لە بەسەلامەتی دەرنەچوونی هەرێم لەو بارودۆخەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، سەرەکیترینیان نەبوونی دەوڵەت و لاوازی توانای بەرگری لەخۆ کردنی هەرێمە.

ئەو دەڵێت،"هەرێم لەناو بازنەی بەرژەوەندی هێزە گەورەکاندا نییە و ناشتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین، دەبێت هەرێم بەجۆرێک مامەڵە بکات خۆی بگونجێنێت، ئەوەش نەکراوە تا ئێستا."

سەبارەت بەهۆکاری لاوازی توانای هەرێم بۆ خۆپاراستن و خۆگونجاندنی لەگەڵ ئەو هەل و مەرجەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، شێخ محەمەد شاکەلی وتی،"یەکڕیزو یەکدەنگ نین لەکاتێکدا مەترسی لەسەر قەوارەکە دروستبووە، یەکڕیزنەبوون دەرفەتی زیاتری بۆ

دەستوەردانی دەرەکی ڕەخساندووە. هەر لایەنەو بەرژەوەندی خۆی دەوێ نەک بەرژەوەندی گشتی، تا دۆخەکە وایلێهاتووە کە دەیبینین."

شەوی 15 ی 1 ی 2024، لەیەککاتدا بەچەندین موشەکی بالیستی و درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، بەهۆی هێرشەکانەوە سەرمایەدارێکی دیاری هەولێرو منداڵێکی ساوای و دوو کەسی تر کوژران. دواتر ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاندو هۆکارەکەی بۆ بوونی چالاکی دەزگای هەواڵگیری ئیسرائیل لەو شارە گێڕایەوە.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، تورکیاش چەندین هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی سلێمانی، بە پاساوی جم و جۆڵی چەکدارانی پەکەکە لەناوچە جیاجیاکانی ئەو پارێزگایە.

شێخ محەمەد شاکەلی دەڵێت،"گەر دۆخەکە بە خواستی خۆیان نەبێت، هەر وڵاتەو بە مەجالی خۆی دەزانێت زەبرو زەنگ پیشان بدات و ئیرادەی خۆی فەرز بکات، تەنها چارەسەریش یەکدەنگی و یەکڕیزییە."

هەروەها وتیشی،"لایەنەکان بەدرێژایی مێژوو یەکدەنگ نەبوون و نەیاران سودیان لەمە بینیووە. گەر کورد یەکدەنگ بێت و هەر بڕیارێک بدات، بڕیارو هەڵوێستەکانی حسابی بۆ دەکراو بەهێز دەبوو، بەڵام هەڵوێستی تاکلایەنە سودێکی وای نییەو کەم حسابی بۆ دەکرێت."

لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 ەوە، میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران چەندین هێرشیانکردووەتە سەر شاری هەولێر بە بیانووی بوونی بنکەی سەربازی ئەمەریکا لەوشارە.

هێرشی میلیشیاکان تەنها شاری هەولێری نەگرتووەتەوە، بەڵکو چەندین جار هێرشیانکردووەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە سەرچاوەی سەرەکی کارەبای هەرێمی کوردستانە، دوا هێرشیان بۆ سەر ئەو کێڵگەیە لە ڕۆژی 25 ی مانگی 1 ی 2024 ئەنجامدا.

شێخ محەمەد شاکەلی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و وەزیری پێشووی ئەوقافی حکومەتی هەرێم ڕوونیکردەوە، بەغدا کێشەی زۆرە، بەڵام سود لە پەرتەوازەیی و دۆخی هەرێم دەبینێت و کێشەکانی خۆی فڕێ دەداتە هەرێم.

دەشڵێت،"بەغدا لە جێگەی ترەوە ئازار دەدرێت، کەچی پەلاماری هەولێرو کۆرمۆر دەدات، ئەمە دوورخستنەوەی کێشەکان و فڕێ دانیەتی بۆ هەرێم."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:51 0:00
XS
SM
MD
LG