بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئاینەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف نیە و ئەو قسانەی کە کردوویەتی لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا دوورە لە بە های پێکەوەژیان، چونکە هەندێک ڕستەی نەشیاوی بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز و "واجباتی تری ئاینی" بەکارهێناوە، ئاوات حسامەدنیش دەڵێت،" ژیانم لە مەترسیدایە و دەیان پەیج بەناوی منەوە نوسینیان بڵاوکردووەتەوە، لەکاتێکدا من سوکایەتیم بە ئاینی ئیسلام نەکردووە، خۆ عەیبە نیە من وتوومە نۆ جار قورئانم خوێندووەتەوە، بەڵام لێی تێنەگەشتووم."
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەر کەس باس لە مەترسی سەر ژیانی بکات، دەبێت سکاڵا تۆماربکات، ئەوکات پۆلیس و دادگا بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن."
لە ساڵی 2015 ەوە ئاوات حسامەدین بە بەردەوامی خۆی وەک نوێنەری زەردەشتیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم دەناسێنێت، بێ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف ڕەتیبکاتەوە کە نوێنەری زەردەشتیان نیە، بەڵام دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا دەردەکەوێت و لەسەر ئاینی ئیسلام قسە دەکات، وەزارەتی ئەوقاف لە بەیاننامەیەکدا بە "دەربڕێنی گوزارشتی کەسی" قسەکانی ناوزدەند دەکات.
ئاوات حسامەدین هێشتا سوورە لە سەرە ئەوەی کە نوێنەری زەردەشتیانە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من لەو چاوپێکەوتنە میدیایەدا سوکایەتیم بە ئاینی ئیسلام نەکردووە، بەڵکو وتوومە زیاد لە شەش هەزار و پێنج سەد مزگەوت لەکوردستاندا هەیە و بە دەیان ماڵە ئاوارە و ماڵی شەهید بێ ماڵ و حاڵن با دەرگای مزگەوتەکانیان بۆ بکرێتەوە، چونکە موسڵمانان ئەتوانن لە ماڵەوەش نوێژەکانیان بکەن و مەرج نیە لە مزگەوت بیکەن، هەروەها من وتوومە نۆ جار قورئانم خوێندووەتەوە و لێی تێنەگەشتووم بۆ بیکەن بە هەرا بەسەرمەوە، چونکە ڕەنگە من عەرەبیەکەم تەواو نەبێت."
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 10ی مانگی دوو لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوەکرد هاووڵاتیەک کە خۆی وەک نوێنەری ئاینی زەردەشتیان ناساندووە قسەی نەشیاوی بەرامبەر بە پیرۆزیەکانی ئاینی ئیسلام بەکارهێناوە، ئەوەش بە سوکایەتی هەژمار دەکرێ و پێچەوانەی یاسا و ڕێنمایەکانە لە هەرێمی کوردستان، چونکە نیگەرانی گەورەی لە نێو زۆرینەی موسڵمانان دورستکردووە.
لە دوابەشی بەیاننامەکدا هاتووە لە نزیکەوە چاودێری ئەو بابەتە دەکەین و لە سەر هێڵ دەبین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هەمانکاتدا داواکارین سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم ئەو کەیسە بجوڵێنێت و ڕێکاری یاسایی بگرنە بەر بەرامبەر ئەو کەسە.
لەسەر هەردوو بەیاننامەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم و دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، ئاوات حسامەدین وتیشی،" هەر کەسێک بە من بڵێت سوکایەتیکردووە بە ئاینی ئیسلام سکاڵای لەسەر تۆماردەکەم، چونکە من یەکێکم لەوانەی کە بەبەردەوامی خزمەت بە پێکەوە ژیان دەکەم و هەوڵیکی زۆرمداوە بۆ بەر قەرارکردنی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە کوردستان، بەهۆی ئەوەی نوسینێکی زۆر لە پەیجەکان بەناوی منەوە بڵاوبوەتەوە ژیانم کەوتووەتە مەترسیەوە و پێویستە گیانم بپارێزرێت."
لە دڕێژەی قسەکانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد،" بە نوسراوی فەرمی لە ساڵی 2015 ەوە نوێنەری زەردەشتیانم، ئێستا وەزارەتی ئەوقاف بۆی نیە من لابدات و من نوێنەرێک نیم ئەوان دیاریبکەن، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ بۆی نیە قسە لەسەر من بکات، چونکە ئەوان هیچ چالاکیەکیان نیە، ئێستا خێرە بەیاننامە دەردەکەن، من نە کەسم کوشتووە نە لە کەسمداوە، بۆیە وتەکانیان ڕەتدەکەمەوە."