ڕێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تەنها خواستی یەکێتی نییە، بەڵکو زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ گۆڕانکارین لە یاساکەدا. وتیشی، بە هۆی "عینادی سیاسی" و ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانەوە نەتوانرا گۆڕانکاریەکە لەناو پەرلەمانی هەرێم و بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی هەرێم ئەنجامبدرێت.
چۆمان محەمەد، بەرپرسی ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە بەر لە حزبەکانی تر پێمان وابووە یاساکە پێویستی بە گۆڕانکاریە، تاکە حزبین لە ماوەی یاسایی پەرلەماندا پرۆژە یاسامان پيشکەشی پەرلەمان کردوە لە ڕێکەوتی 21-3-2022، لە هەموارەکە خواستی هەموو حزبەکانی ترە جگە لە پارتی، یاساکە کەم و کوڕی زۆرە وپێویستی بە هەموارە."
وتیشی،" بەڵام بەهۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەکانەوە گرێی دەستمان خستە دانمان، پێشتر لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان دەەمانتوانی هەمواری یاساکە بکەین و بە دەستی خۆمان بوو، بەڵام بە هۆی عینادی سیاسی و ناکۆکی خۆمانەوە وایلێهات. ئەتوانرا بە کۆمسیۆنەکەی هەرێم ئەوە بکەین، ئێستا ئیشرافەکەشمان داوە بە بەغداد."
هەرچەندە وا بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە تانەکەی یەکێتی بۆ گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا بدات، بەڵام جارێکی تر بڕیارەکە دواخرا بۆ 18ی ئەم مانگە.
جگە لە گۆڕانکاری لە بازنەکانی هەڵبژاردندا، یەکێکی تر لە تەوەرە ناکۆکەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، کە سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا لە دادگای فیدڕاڵی تانەی لێداوە پرسی 11 کورسی کۆتایە.
لەو بارەیەوە، چۆمان محەمەد وتی،" بابەتی کۆتاکان لەگەڵ کەمکردنەوە و دژایەتی کردندا نین، پێم وایە بەشێکی جوانی هەرێم بوونی ئەو فرە نەتەوەیی و پێکەوە ژیانی پێکهاتانەیە و ڕووی گەشی ئێمەیە. ئێمە لەگەڵ رێکخستنەوەین، دەمانەوێت لە قەیرانی نوێنەرایەتی ڕزگاریان ببێت و نوێنەری حەقیقی خۆیان."
وتیشی،" واتە پێکهاتەکان تۆمار و دەنگدەری خۆیان هەبێت، دەبێت نمایندەی ڕاستەقینەی خۆیان بکرێت، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵین."
ئەمڕۆ 11-2-2024 وەفدی باڵای هاوبەشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە. بە پێی بەیاننامەی کۆبوونەوە هاوبەشەکە بێت. چەند تەوەرێک تاوتوێ کراوە، کە پێکهاتوون لە پرسی مووچە و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
لەو بارەیەوە، چۆمان محەمەد کە ئەندامی شاندەکەی گۆڕان بوو ڕایگەیاند،" کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کۆمەڵێک تەوەر وەک پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن. چونکە هەڵبژاردن بۆتە زەروورەتێکی حەتمی، باسی مووچە و شایستە داراییەکانی هاوڵاتیان کە بوونەتە بەرداشی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم وا بکرێت مووچە نەکرێتە کارت و مەلەفی سیاسی، هەروەها لە سلێمانی و هەڵەبجە ئیدارەی خۆجێییمان بە هاوبەشی بەڕێوە ئەبەین، نموونەیەکی باش و فۆرمێکی باشتر پێشکەش بکەین."
وتیشی،" باسی یەک لیستی و بەیەکەوە بەشداری هەڵبژاردن نەکراوە، چونکە کاتی هەڵبژاردن دیار نییە و سەرۆکایەتی هەرێم مەرسومی دەرنەکردووە."