Accessibility links

داوای لایەنە شیعەکان بۆ کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق


دووبارە مشتومڕی داوای دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق کەوتووەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق. بەشی زۆری لایەنە شیعەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەم داوایایەیان کردەوە و ڕۆژی شەممەش پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجام دا لەسەر ئەو بابەتە، گەرمبوونەوەی ئەو مشتومڕانەش دوای کوژرانی دوو سەرکردەی دیاری بەرەی گروپی مقاومەی ئیسلامی دێت کە لەلایەن ئەمەریکاوە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ناوەڕاستی بەغداد کرانە ئامانج، هەرچی لایەنی کوردیشە هەتا دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە فەرمی بۆچوونی نەدەزانرا لەسەر ئەو پرسە هەتا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ئەمەریکایی داوای هاوکاری زیاتری لە ئەمەریکییەکان کرد سەرەڕای داوای مانەوە و پشتیوانی زیاتر، چونکە بە وتەی سەرۆکی حکومەت لە ئێستادا هەڕەشەکانی تیرۆریزم لە ناوچەکە لە هەڕەشەکانی داعش زیاترن .

دەپرسین:

ئەو هەڕەشانە چین کە لە ئێستادا لەسەر هەرێم و عێراق هەن و مەبەستی سەرۆکی حکومەت چ هەڕەشەیەکە؟

چارەنووسی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق چی دەبێت؟ ئەو هێزانە دەکەونە ژێر داوای لایەنە شیعەکان و حکومەتی عێراقی؟

عێراق دەتوانێت تاک لایەنانە لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێوەدەوڵەتی بکشێتەوە و ئەو هێزانە لە عێراق دەرچن؟

ئایا داواکەی سەرۆکی حکومەت داوای هەموو لایەنە کوردییەکانە؟ ئەمە چ ناکۆکیەکی تر لەگەڵ ولاتانی دراوسێ و عێراق دروست دەکات؟ ئایا ئەمەریکا دەتوانێت بەدەم ئەو داوایەوە بێت ئەگەر لە عێراقیش بکشێتەوە لە هەرێم بمێنێتەوە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:

جەمال مورتکە، بەرپرسی لەشکری هەولێر لە سوپای دوو.

فەریق جەبار یاوەر، شارەزای بواری سەربازی.

نیعمەت عەبدوڵا، سەرۆکی پێشووی یەکێتی پەرلەمانتاران و پەرلەمانتاری خولی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 1:00:53 0:00

جەمال مورتکە

دەبوایە ئەمەریکا پێش تەداخولکردنی لە عێراق بیری لە پێداچونەوە بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بکردایەوە، خودی سوپای عێراقی لەسەر بنەمایەک پێکنەهاتووە کە بڵێیین لەسەر بنەمای پارێزگاری بۆ گەل و نیشتمانی عێراق پێکدێت، ئێستا ئەگەر ئەمەریکا لەم حاڵەتەدا بکشێتەوە لە عێراق، لەبەرئەوەی عێراق ئێستا عەرەب حوکمی ناکات، بەڵکو لایەنی شیعە کە ئێران ڕابەرایەتی دەکات لە ناوچەکە حوکمی دەکات، ئەو نەخشەیەی عێراق هەیەتی و دەستوری ئێستا و تەنانەت فیدراڵی هەرێمیش وەک خۆی نامێنێتەوە، هاوشێوەی 16ی ئۆکتۆبەر هێزە چەکدارە شیعەکان پەلاماری کوردستان دەدەنەوە بەدڵنیایی، هەرچەندە من بڕواناکەم ئەمەریکا بکشێتەوە چونکە ئەمە بۆ سومعەی ئەمەریکا لە ناوچەکە باش نابێت و هەڵەیەکی هاوشێوەی ئەوەی ئەفغانستان دووبارە ناکاتەوە، بەڵام خۆ ئەمڕۆش نەبێت دە ساڵی تریش بێت ئەمەریکا هەردەبێت بکشێتەوە و پێویستە پێش کشانەوە ئەمەریکا گەرەنتی پاراستنی مافی هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق بکات و بە مافی خۆی بگات.

بە کشانەوەی ئەمەریکییەکان لەم کاتەدا کێشە و ململانێیەکی گەورە لە عێراقدا دروست دەبێت بە کوردستانیشەوە، دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەمەریکا و بەریتانیا و تەنانەت چین و ڕووسیاش، لە ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێکی تایبەت بە پاراستنی عێراق دەربکرێت چونکە عێراق وەک سوریا و لوبنان یەمەن نیە، شەڕی ناوخۆ تێدا ڕووبدات زۆر سەختر دەبێت، جگە لە مەترسییە دەرەکیەکانی تر لەسەری کە تائێستاش تورکیا ویلایەتی موسڵ بەهی خۆی دەزانێت و دەستوەردان لە کەرکوک و تەنانەت کوردستانیش دەکات، هەروەها شیعە و سوننەش هەروا.

ئەگەر بۆ قۆناغی داهاتوو زۆر نەتەوەییانە و دوربین و وردبینانەتر نەڕوانین ئەوا هەمان ڕووداوەکانی 1943-1946 دووبارە دەبنەوە بەخراپتر کە بەپشتیوانی بەریتانیەکان شکستییان بە شۆڕشی بارزان هێنا بە دەستی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق لە1945، وە لە 1946 یش کۆماری مهاباد ڕوخێنرا، وە دواتر بە لەسێدارەدانی شێخ ئەحمەدی بارزان و ئەفسەران و قازی محەمەد و دورخستنەوەی بارزانی بۆ سۆڤیەت کۆتایی پێهات، بۆیە ئێستاش هەمان شت ڕوودەدات ئەگەر ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زامنی مافی هەموو پێکهاتەکان لەپێشدا کورد نەکەن کە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی بن، ئەگەرنا هەرئەوەندەش نا دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانیش دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەمەریکا لەم کاتەدا لە عێراق بکشێتەوە ئەوەی لە 1945لە شکستی شۆڕشی بارزان و دواتر ڕوخانی کۆماری مهاباددا هات خراپتر بەسەر کورددا دێت ئەوە واقیعیەتە بۆیە دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خاوەندارێتیمان بکات، ئەگەرنا دەبێت نەک هەر کوردستان بەڵکو دەبێت دەست لە کەنداو و دەریای سوریش بەتەواوەتی بشۆن.

فەریق جەبار یاوەر

هێشتا مەترسی داعش ماوە و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، هێشتا فکرەی داعش ماوە، جگە لەو داعشانەی لە سوریا هەن بە تایبەت کەمپی هۆڵ و بونی دەیان هەزار سەرکردەی داعش لەناو زیندانەکان، کە ئەمەش وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوە، دوای ئەوە دۆخی عێراق کە ئێستا بووەتە چەقی ململانێیکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، هەروەها دوو بلۆکی ڕانەگەیەنراو.

سەبارەت بە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێڕاق، من بۆچوونی سەربازی و یاسایی خۆم دەدەم نەک سیاسی، یەکەم، ئەو هاوپەیمانێتیە کاتی بوو بەمەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی داعش واتە تا قیامەت نامێنێ،دووەم، کاتی خۆی عێراق خۆی بڤەفەرمی داوای لەو هێزانە کرد هاوکاری بکەن ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەوجۆرە بێت کە عێراق مافی خۆی بێت لە حاڵەتی پێویست نەبونی داوای دەرچونی ئەو هێزانە بکات ئەوە مافی خۆیەتی، داخەکە ئەوەیە ئێمە وەک هەرێم دەبێت لە ڕێگای عێراقەوە داوای مانەوەی ئەو هێزانە بکەین، چونکە ئێمە هەرێمێکی فیدراڵین لە عێراقدا و لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیە ڕێککەوتننامە سەربازی و هەر بابەتێکی لەوجۆرە ئەوە پەیوەندی هەیە بەلایەنی سیادەی عێراقەوە کەمن لەو بڕوایەدام ئێمە داواش بکەین عێراق ڕازی نابێت، هەر لەم ڕۆژانەدا خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ڕوونی و ئاشکرایی وتی، ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بچنە دەر دەبێت لەهەموو عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بچنە دەرەوە، بەڵام لێرەدا شتێک هەیە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق لە دەرگاوە بچێتە دەرەوە لە پەنجەرەوە دێتەوە ژوورەوە لەبەر ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر هەیبوو لەگەڵ عێراق، هەروەها ئەمەریکا لەگەڵ ئەو تیمەی ناتۆدا هەیە کە ئێستا لەبەغدان و بارەگایان هەیە.

ئێمە دەبێت بزانین و تێبگەین بوونی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە لەبەرچاوی جوانی کورد و بەرژەوەندییەکانی کورد نیە، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆیەتی لە ناوچەکە، ئەمەریکا بەڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق هاتووە و بەڕێککەوتنیش لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڕوات، ڕاستە ئێمە مافی خۆمانە وەک کورد داوای گەرەنتی پاراستنمان بکەین، بەڵام ئەوەی لەم کاتەدا گەرەنتی مانەوە و پاراستنی کورد دەکات، یەکەم، وەلاخستنی ناکۆکیەکە ناوخۆییەکان بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی، دووەم، ئامادەکردنی پەیماننامە یا پڕۆژەیەکی نیشتمانی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسیە ناوخۆییەکان بۆچۆنیەتی مامەڵەکردن لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی نەبینە لایەن لە هیچ کام لەو دووبەرە ڕانەگەیەنراوە، ئەگەر کورد بووە لایەن لەو ململانێیەی ئێستا هەیە لە ناوچەکە ئەوە بەدڵنیایی لەناو دەچین، ئەو خاڵانە گەرەنتی پاراستنی کورد دەکات نەک ئەوەی خۆمان هەڵواسین بە ئەمەریکا، یا ئێران یا تورکیادا.

نیعمەت عەبدوڵا

هەرێمی کوردستان ئەگەر پێویستیشی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەبێت، ئەو هێزانە ناتوانن لەسەر داوای هەرێم بمێننەوە بەڵکو لەسەر داوای عێراق دەبێت بمێننەوە، عێراقیش لەسەر داوای پەرلەمان دەمێنێتەوە ئەگەر پەرلەمانیش داوای کرد ئەوکات ئەمەریکا و ئەو هێزانە دەبێت بکشێننەوە چونکە ئەگەر نەکشێنەوە ئەوا دەبنە داگیرکار، بەڵام دەبێت بە ڕەزامەندی و قۆناغ بەندی بکشێتەوە، بەڵام ئەوە نیە بڵێین ناکشێتەوە بۆنا وا یۆنامیش دەکشێتەوە، بەڵام داوای مانەوەی ئەمەریکا داوایەکی عاقڵانەیە چونکە تائێستا دەیان کێشە هەیە، بۆیە مانەوەی ئەمەریکا زیاتر دڵنیاییە بۆ خەڵک وەک لەحکومەت، بەڵام مانەوە و نەمانەوەی ئاڵۆزە چونکە نەک عێراق بەڵکو ڕەزامەندی ئێران و تورکیا و وڵاتانی تریشی دەوێت.

نەک هەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەڵکو هەموو تاکێکی کورد لە دڵەوە حەزدەکات ئەمەریکا لە عێراق و کوردستان بمێنێتەوە، بەدەر لەو مەترسییانەی سەرۆکی حکومەت باسی کرد، بەکشانەوەی ئەمەریکا، تورکیا ئێستا ڕۆژانە پەلاماری هەرێم دەدات ئەوکات زیاتر دێتە ناوەوەی کوردستان و ئێرانیش زیاتر دێت، بۆیە ئەگەرچی ژمارەیان کەم بێت هەربوونی ئەمەریکا وەک لایەنی مەعنەوی گرنگە و لەم کاتەدا کشانەوەی ئەمەریکا گونجاو نیە.

XS
SM
MD
LG