Accessibility links

پارتی دەم داوا دەکات لە تورکیا پەروەردە بە زمانی دایک بێت


گوڵستان کلچ کۆچیگیت، جێگری سەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ناسراو بە پارتی دەم (DEM ) و ئەندامی پەرلەمانی تورکیا، لە دانیشتنێکی پەرلەماندا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، 20 ملیۆن کورد لەو ڵاتەکەدا هەن و پێویستە پەرلەمان مافەکانیان بۆ زمانی دایکیان بپارێزێت.

کۆچیگیت باسی لەوە کرد کە وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی تورکیادا زمانێکی بژاردەیە و ئاماژەی بەوە کرد پێویستە پەروەردە بە زمانی دایک بێت.

گوتیشی "کوردی زمانی دایکە و ئەم زمانە نابێت بچێتە خانەی زمانی بژاردەوە. کاتێک زمانێک بیانی بێت، دەکرێت وەک زمانێکی دڵخواز هەڵیبژێریت، بۆ نمونە ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی، بەڵام ناتوانین زمانی دایکی خۆمان بکەینە زمانی بژاردە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک پارتی DEM دەخوازن پەروەردە بە زمانی دایک بێت.

کۆچیگیت ڕایگەیاند هەندێک کەس کە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) کاردەکەن دەڵێن کێشەی کورد لە تورکیادا نییە، بەڵام گوتی " ئەوان هەڵەن."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی DEM، داوای لەو کەسانە کرد کە بە 3 وشەی کوردی لەناو پەرلەماندا قسە بکەن بۆ ئەوەی بزانن زمانی کوردی ئازادە یان نا.

پارتی دۆزی ئازاد ناسراو بە (هودا پار) کە هاوپەیمانی ئاکەپەیە ، هەفتەی ڕابردوو داوای هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی بنەڕەتی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، ئەگەر لانیکەم 10 قوتابی وانەی کوردی لە قوتابخانەیەکدا هەڵبژێرن، ئەوا وانەی کوردی لەو قوتابخانەیە دەوترێتەوە.

سەرچاوە: ئێکس، ئاژانسی میزۆپۆتامیا

XS
SM
MD
LG