Accessibility links

هەتا کەی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت؟


شرۆڤەکارانی سیاسی پێشبینی دەکەن هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سوریا بۆ ماوەیەکی زۆر بەو شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت و هۆشداری دەدەن لەوەی کە نەبوونی هەڵوێستێکی پتەوی ئەمەریکا لەم بارەیەوە کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات.

لە ڕووداوێکی ئەم دواییانەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە باڵەخانەیەکی شاری قامیشلۆی کردە ئامانج. لە ئەنجامدا دوو ژنە چەکداری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەو بینایەی کە لە هێرشەکەی تورکیادا کراوەتە ئامانج، ناوەندێکی تەندروستییە بۆ ئەو چەکدارە کوردانەی کە لە شەڕی داعشدا برینداربوون.

ڕۆژی دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە کە تورکیا دەیەوێت چەکدارانی داعش دووبارە بەهێز ببنەوە.

تورکیا دەڵێت ئامانجی هێرشەکانی لەناوبردنی چەکدارانی کورد و سەرچاوەی داهاتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. ئانکەرە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزە کوردییەکانی دیکە بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت لە کاتێکدا بەرپرسە کوردەکان لە سوریا بەردەوام ئەو بانگەشانە ڕەتدەکەنەوە.

نیکۆلاس هێراس، پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئینستیتیوتی نیولاینز
نیکۆلاس هێراس، پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئینستیتیوتی نیولاینز

نیکۆلاس هێراس، پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئینستیتیوتی نیولاینز لە واشنتۆن دەڵێت، لە ساڵی 2019ەوە ستراتیژی تورکیا بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی بووە بۆ ئەوەی لەسەرخۆ و بە دڵنیاییەوە ژێرخانی مەدەنی و سەربازی کوردی سوریا لەناوببات.

هێراس لە وتووێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی "ڕوون و ئاشکرایە کە تورکیا ڕەزامەندییەکی ناڕاستەوخۆی لە ئەمەریکا وەرگرتووە کە ڕێگە بە سوپای تورکیا دەدات هێرشی بێسنوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام بدات، بە مەرجێک ئەمەریکییەکان لەم هێرشانەی تورکیادا نەکوژرێن و بریندار نەبن."

لە کۆتایی ساڵی 2023ەوە هێرشەکانی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو ژێرخانی مەدەنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە دەکەنە ئامانج. جگە لە کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگەکان، شوێنەکانی دیکەی وەک وێستگەکانی ئاو و کارەبا، نەخۆشخانە و ئاشی گەنم بوونەتە ئامانجی ئەو هێرشانە.

چاودێران دەڵێن، بەئامانجگرتنی ئەو شوێنە ستراتیجیانە زیانی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵکی سڤیل لە ڕۆژئاوا گەیاندووە.

ئیڤان حەسیب، ڕۆژنامەوان
ئیڤان حەسیب، ڕۆژنامەوان

ڕۆژنامەنووس ئیڤان حەسیب، کە لە شاری قامیشلۆ نیشتەجێیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەو کاتەوەی ئاستی ئەو هێرشانە زیادیانکردووە، کارەبا و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانی ڕۆژانەیان نییە".

دەشڵێت "بۆ نمونە نرخی غازی چێشت لێنان 10 هێندە بەرزبووەتەوە، چونکە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی لەلایەن تورکەکانەوە وێرانکراون. جگە لەوەش مرۆڤەکان ڕۆژانە لە ترسدا دەژین. ئەمەش وایکردووە جوڵەی بازاڕ کەمببێتەوە و وەبەرهێنانەکان بوەستن. ئێستا کۆچبەری زیادی کردووە."

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر بەم هێرشانەی تورکیا، شرۆڤەکار هێراس ڕایگەیاند درەنجامی ئەم کارە لە درێژخایەندا لە بەرژەوەندیی هەسەدەدا نابێت.

گوتیشی " لە کۆتاییدا ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ڕژێمی ئەسەد و ئێران، چونکە کاتێک هەسەدە بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز ببێت، ناتوانێت بەرەنگاری ئەوان ببێتەوە."

حکومەتی ئەمەریکا پێشتر چەند جارێک ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قبوڵ ناکات.

XS
SM
MD
LG