لە پاش کەیسێکی سەرانە وەرگرتن لە سلێمانی، پەردە لەسەر دیاردەی سەرانە وەرگرتن لە سەرمایەدار و کاسبکاران لە هەرێمی کوردستان لادرا کە بۆ چەندین ساڵە خەڵکێکی زۆر بەدەستییەوە دەناڵێنن. وەک ژمارەیەک سەرمایەدار کە لێدوانیان بۆ دەنگی ئەمەریکا داوە و لەبەر سەلامەتی خۆیان داویان کرد ناویان ئاشکرا نەکرێت، دەڵێن تەنیا سەرانە وەرگرتن نییە، بەڵکو داوای پشک لە کۆمپانیا و پرۆژەکانیش دەکرێت و تەنانەت کەسان هەن داوادەکەن دەبێت مانگانە بڕە پارەیەکیان بدرێتێ، ئیدی سەرمایەدارەکە قازانج یان زەرەر بکات، دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات.
دەپرسین:
حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەکات بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە؟
ئایا ئەو کەس و گروپانە هێندە بەهێزن کە پۆلیس و ئاسایش و دادگا ناتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن؟
هەتا چەند ئەم دیاردەیە کاری کردووەتە سەر گەشەکردنی ئابوری لە هەرێمی کوردستان؟
چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان بنبڕبکرێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ ئەم پرسە تاووتوێ کرا بە میوانداری:
1 -عوسمان شێخ سدیق، پارێزەری ڕاوێژکار.
2- شەماڵ نوری، ئابوریناس و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان.
3- بەختیار سەعید، ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی.
دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا لەگەڵ چەندین سەرمایەدار و کاسبکاری قوربانی ئەم دیاردەیە بەشداری لە بەرنامەکەدا بکەن، بەڵام لەبەر سەلامەتی خۆیان کەسیان ئامادە نەبوون بەشداربن.
عوسمان شێخ سدیق
بەدڵنیاییەوە سەرانە وەرگرتن ئێستا لەهەرێمی کوردستان لەلایەن کەسانی حزبی و سەربازی و چەکدارەکان و تەنانەت هەندێک حزبەوە بووەتە دیاردە، نەک هەر سەرانە بەڵکو دوای هاوپشکی و هاوبەشی دەکەن، هیچ کەسێک ناتوانێت پارەیەک بە بڕێکی زۆر بخاتە بواری وەبەرهێنان تەنها دەبێت سەرانە بدات و وە یا حزب و بەرپرسێک بکات بەهاوبەش، کە بەداخەوە هەر ئەمەش هۆکاری وشکبوونی بازاڕی هەرێم و سلێمانی بووە، سەرانە سەندن و داوای هاوبەشی پێکردن و چەندین شتی تر کە هەمووی لەلایەن خەڵکانی حزبی و چەکدارەکانیان دەکرێت نەک خەڵکی ئاسایی هۆکاری سەروەری نەبوونی یاسایە، دەبینین هەرکەسە و هەڵدەستێ کۆمەڵە گەنجێک دوای خۆی دەخات بەچەکەوە و خۆی عەرزدەکات بۆ چاوترساندنی خەڵک کە ئەمانە هەمووی خۆیان کوڕی حزبن، ئیتر کە حزب ئیشی پێییان نەما یا تەسفیەیان دەکات یا ئیتر ئیشی پێیان نامێنێ یاخود بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بێ دێت لەناوی دەبات ئەگەرنا ئەمە یەک و دووان نین و چەندانن.
هیوادارم ئەو بڕیارەی سەبارەت بەو کەسەی درا لەسەر سەرانە وەرگرتن بە تەنها ئەو نەبێت و بەردەوام بێت هەموو بەرپرس و کەسە عەسکەرییە سەرانە سێنەکانی تر بگرێتەوە، وە هەموو ئەو ماڵ و موڵکە گشتییانەی کە هەر لەتەنیشت کەسی یەکەمی ئەم دەڤەرە کە شاخیان داگیرکردووە کۆمپانیایە یا هەرکەسە بەشێوازی یاسایی بڕیاریش دژی ئەوانە دەرچێت.
سەرمایەدار و کەسانی بازرگان بە دوای شوێن و ئارامی و ئاسایش بۆ خۆیان و سامانەکانیان دەگەڕێن، نایەنەوێ سکاڵا تۆمار بکەن یا دەنگ هەڵبڕن و بێن قسە بۆ ڕاگەیاندن بکەن سبەی کێشە بۆخۆیان دروست بکەن، من لەکەیسێکدا بەشذاربووم، کابرای سەرانە سێن دەستگیرکرابوو، کەلەبچە کرابووە دەستی لەناو قەفەزدا، ئاسایش داوای دەکرد کە ئەوانەی سەرانەیان لێ وەرگیراوە بێن سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن، کەس نەیدەوێرا بێت بەئاسایشییان دەوت سبەی کە بەربوو ئێوە دێن بە دیار ماڵ و شوێنەکانمان پاسەوان بن تا خراپترمان بەرامبەر نەکاتەوە؟! ئەو سەرانە سەندنە و گەندەڵی سەری خۆیان و هەرێمەکەش دەخوات، ئێمە کەرتی تایبەتمان نیە، ئەوە کەرتی حزبیە هەیە، تا حزب پشتیوانت نەبێ هیچ وەبەرهێن و کەسێک پڕۆژەیەک وەرناگرێ، ئێمە نەدامەزراوە نە حکومەتمان نیە، ئێمە دوو دەسەڵاتمان هەیە لە دوو زۆندا، لەناو حزبەکانیشدا یەک کەس، خۆ بینیمان دادوەر شار بەدەر کرا لە هەردوو زۆنەکە لەبەرئەوەی بەپێی یاسا فرمانی دەستگیرکردنی بۆ مستەشارێک دەرکردبوو، ئەوانە پێییان وایە ئەگەر یاسا سەروەر بوو سەری خۆیان دەخوات بۆیە نایەنەوێ یاسا سەروەر بێ، کەی ویستییان یاسا بەسەر کێدا بسەپێنن ئەڵێن یاسا سەروەرە، فەرموو سەرۆکی یەکێتی لەبەرچاوی خۆتەوە لەتەنیشت خۆتەوە وا شاخێک کۆمپانیایەک داگیری دەکات ئێخۆ شاخیش موڵکی گشتیە و ڕێک لەتەنیشت خۆتە فەرموو هەمان ئیجرائئتی کوێخا دێرین بەرامبەر ئەوانی تریش بکە!
دەکرێ هاوشێوەی ئەوەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دەستەیەک، نوسینگەیەک، هێڵێکی گەرم دروست بکرێت تا هەرکەس داوای سەرانەی لێکرا دەستبەجێ پەیوەندی بکات بەو هێڵە گەرمەوە، بەس بڕوا بکەن ئەوکات هێڵەکە بەردەوام مەشغوڵ دەبێت لەبەر ئەوەی ئەوەندە پەیوەندی پێوە دەکرێت ئەویش بەرناکەوێ! بەڵام دەبێت ئەو دەزگا و هێڵە گەرمیە حزبیە نەبێ بەشێوەی یاسایی بێت، هیوادارم ئەوە بەردەوام بێت تەنها کوێخایەک یا کەسێک نەگرێتەوە بەڵکو بۆ هەموویان بێت.
ڕووبەڕووبونەوەی سەرانە وەرگرتن وەک نەشتەرگەرییەک وایە دەبێت لەسەری خۆیانەوە دەستپێبکەن نەک لەخوارەوە، ئەگەر کوشتنیان ئەوا دەبێتە قوربانیەکی جوان ئەگەر ماشنەوە ئەوا هەر سەروەرییەکە بۆخۆیان دەمێنێتەوە.
شەماڵ نوری
هەموو ئەوانەی هەیە بەهۆی نەبوونی سیستمێکی ڕێکوپێکی ئابورییە، واتە لەسەر فەلسەفەیەکی ئابوری ڕێک و پێک نەڕۆیشتوین و نازانین ئەمەی هەیە کەرتی تایبەتە، گشتیە، هاوبێسە چیە!! بۆیە کە لە ڕووی ئابورییەوە ئەم سیستمە دیاریکراوە نەبوو ئەوا مافیا و کۆمپانیا و هەرچی بێت دێتە بازاڕەکەوە، هەروەها چۆن دەوترێت، دز حەزی بە بازاڕی شێواوە، من دڵنیاتان دەکەمەوە نەک هەر ئەم کەیسە دەیان کەیسی تری مەتریسیدار تر دروست دەبێتەوە، ئینجا هەندێک جار خۆ هەموو کۆمپانیا و کەسە سەرمایەدارەکان سەرانەیان لێ وەرناگیرێت بەڵکو خۆیان دەچنە پاڵ حزب و کەسێکی سیاسی.
من تێناگەم سەرەڕای بوونی ئەو هەموو کۆمپانیا و دەوڵەمەند و سەرمایەیە کەچی دۆخی خەڵک و هەرێم بەوشێوەیە خراپە بەڵام بەرپرسانیش نایەن لەو کەسانەی ئابوری ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن بپرسنەوە و بڵێن وەرن ئەمە چیە؟ ئەگەر ئەم مەترسییانە چ مەترسی عێراق و دەرەوە، یا ئەم سەرانە و سارانە لەسەر سەرمایەداران بەردەوام بێ ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوو ڕێژەی بێ کاری و هەژاری زیاتر دەبێت چونکە کەس ئامادە نیە ڕیسک بەماڵی خۆیەوە بکات.
منیش لەگەڵ ئەوەدام کەرتی تایبەتمان نیە، چونکە هیچ ڕوئیایەکمان نیە و نازانرێت سیستمی ئابورییەکەمان چییە، چەندەها کۆمپانیا هەیە بەهۆی سەرانە و فشارەوە مایەپوچ بوون، جا ڕۆژانە کۆمپانیا هەیە بەهۆی سەرانە و ڕاوەدونان و زۆنەوە مایەپوچ بوونی خۆی ڕادەگەیەنێت، ئیتر دەبێت پێداچونەوە بکەین و چەند ساڵە ئاوا بۆمان چۆتە سەر، ئیتر دۆخەکە خراپتر دەبێت، ئەگەر کۆمپانیا و کەسانی سەرمایەدار ئاوا عەزێت بدرێن بەسەرانە و چەندین فشاری تر، ئەوا من دڵنیاتان دەکەمەوە دۆخەکە زۆر لەئێستا خراپتر دەبێت بێ کاری زۆر زیاتر دەبێت، ڕێژەی تاوان هێندە زۆر دەبێت هیچ دامودەزگایەک فریا ناکەوێ.
چارەسەر ئەوەیە کەسی یەکەمی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە خۆیان بێنە سەر خەت و سنورێک بۆ سەرانەسەندن و فشارخستنە سەر وەبەرهێنەران و بازرگانان دابنێن تا سەرانەسێنەکان چاوترسێن ببن، ئەگەر ئەو دوو کەسە خۆیان نەیەنە سەر خەت ئەوا من بڕواناکەم دادگا و دادوەرێک بە دوو پاسەوانەوە دەرەقەتی بەرپرسێکی سەربازی بێت کە دوو سەد چەکدار بەدواوەیەتی، ئەمە ناچێت بەعەقڵدا، بۆیە ئەم دۆخە پێویستی بەخەمخۆرە وەک ئەوەی کەماڵێک خەریکە تێکدەچێت باوکەکە دەکەوێتە خۆ و خەمخۆرانە ماڵەکە ڕێکدەخاتەوە، دۆخی ئێستای کوردستانیش پێویستی بەو باوکەیە.
بەختیار سەعید
من دەمەوێ بڵێم ئەم حزبانە سەرەتا دوای ڕاپەرین کە هاتن بڕوایان نەدەکرد ئەوەندە بمێننەوە، وایان دەزانی ماوەیەک دوای ڕاپەڕین دەمێننەوە و دواتر دەگەڕێنەوە شاخ هەربۆیە دەستییان چووە فرۆشتنی کەرەستەی گەورەترین بەنداوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بەنداوی بێخمە) بەمستەشارێکی ناوچەی حاجی ئۆمەران ئا لێرەوە کارەساتی سیاسی و ئابوری دەستیپێکرد، بۆیە من نامەوێ باسی ئەو دۆخەی کوردستان لەوەرگرتنی سەرانە یا خاوە لەلایەن گەنجێکەوە کورت بکەمەوە، کێشەی دادوەر و دادگا کە هەر کفری خوایە خەڵک باسی دادگا بکات چونکە دەزانین دادوەرەکان بەفرمان و واژۆی حزبی دادەنرێن، ئەمە کارەساتە لە ٣٣ساڵی حوکمڕانی دوو بەرپرسی هەرێمی کوردستان لە هەرێم لەسەر دزی و گەندەڵی سزا نەدراون، کەچی لە عێراقدا ٦٥هەزار بەرپرسی پلەباڵا لە ئاستە جیاوازەکان تا بەرپرسی بچوک لە هەموو چینەکان لەسەر دزی و گەندەڵی سزادراون، هەتا ئێستا مناڵی یەک بەرپرس دەستگیرنەکراوە لە هەرێم، بە دۆنم زەوی داگیر دەکرێت شاخ دەدرێت بە کەسی حزبی و کۆمپانیا لە سلێمانی و دهۆک و لە هەولێریش چەندان دۆنم زەوی دەدرێت ئەی ئەمانە بەرپرس و دارودەستەکانیان نایکەن؟ ئەمانە نەک ناگیرێن، بەڵکو ئەگەر کەسێکیشیان لەبەرچاوی خەڵک بگرن لەشوێنێکدا دایاندەنێن و دەحەوێننەوە وەک ئەوەی لەدیوەخان بن.
جگە لە مەکتەبە کۆمەڵایەتییەکانی پارتی و یەکێتی کەدایانناون کێشەی تێدا بەپارە چارەسەر دەکرێت بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ دادگا بکرێت، من داوا لەخودی کاک مەسعود بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانی دەکەم کە بەجدی خۆیان بێنە سەر خەت و گوێ لەم قسانەمان بگرن چونکە ئەم دۆخە وانامێنێ، لەهەولێرەوە تا حاجی ئۆمەران داگیرکراوە، داخلی سلێمانی دەبیت هەمووی داگیرکراوە، بادینانیش هەروا، ئەمە کێ داگیری کردووە؟ هەمووی بووە بە کوڕی تەڕەزان پەنجا کەسی دوای خۆی خستووە لە تیکتۆکدا خۆی عەرز دەکات کەچی هەر ئەوانەن لەشەڕی داعشدا ڕایانکردووە و زۆری ئەوانەن سەرانە دەسێنن، هەیانە لەوانە لە سنوری پارتیدان کە دوو سێ جار دەستگیرکراون و دیوەخانیان هەیە و خاوەن قومارخانەیە، دیسکۆی داناوە، سەرانەش لە خەڵک دەسێنێ، کەچی کە خەڵک لە یاسا هەڵدێت ڕادەکاتە ماڵی ئەو، ئەو دەڵێ ناهێڵم بە یاسا دەستگیرت بکات و من کێشەکەت بە پارە بۆ چارەسەر دەکەم.
ئەم دۆخە کەڵەکەبووی ٣٣ ساڵە، ئەنشتاین و ئەفلاتون بهێنرێت پێییان چاک ناکرێت، وەک دەڵێن بەردێک نەزان بیخاتە ئاوەوە بە هەزار زانا چارەسەر ناکرێت، کە بەئەنقەست نەزانانە وایان لەم وڵاتە کردووە.
خێرە بافڵ تاڵەبانی بۆ خاوەن کۆمپانیای چاڤیلان کە پارە لە نزیکەی ٩٠٠ کەس وەرگیراوە نایەتە سەرخەت! کەچی بۆ کەسێک کە سەرانەی لێوەرگیراوە دێتە سەر خەت؟!! ئەمە جۆرێکە لەگاڵتەکردن بە خەڵک، چۆن دەبێت دەیان کەس کە پارەیان داوە بەو چاڤیلاندە لە ژنەکەی جیابووەتەوە دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی تر ڕوویداوە، من بە تەحەداوە دەیڵێم، بافڵ تاڵەبانی کەی توانی ئیجرائات لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیای چاڤیلاند کرد ئەوکات دەتوانێت زۆر شت بکات، نەک بە تەسفیەی حزبایەتی ئیجرائات لەگەڵ کەسێکدا بکات.
من دەڵێم ئەم دۆخەی کوردستان، بەم سەرانە سەندن و ئەو هەموو گەندەڵیەی کە هەیە، تەنها خوای گەورە دەتوانێت چارەسەری بکات، ئەگەرنا دەبێت لەبناغەوە تێکبچێت تا چاک ببێت، خەڵک هەیە بەلیوایی خانەنشین کراوە بەخانەنشینی بیست پاسەوانی هەیە! لەکوێی دنیادا شتی واهەیە! لە ٦٠%ی دامودەزگاکانی حکومەت لەکرێچیدان کەچی ڤێلا و خانووی بەرپرسەکان بایی ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە! لەم کابینەیە و لە کابینەکانی تریش هەرچی پڕۆژەی موساتەحەیە داویانە بە کۆمپانیا و کەسانی خۆیان بەدەستی دوو.
من هیچ ئومێد و تروسکایەک بۆ چارەسەر نابینم و هیوادارم قسەکانم بەهەند وەربگرن، دڵنیابن ئاشبەتاڵێکی گەورە و ڕوداوێکی وا گەورە بەڕێوەیە کە لە عەقڵی کەسماندا نابێت.