Accessibility links

سەرۆکی تورکیا هۆشداری دەدات بە ئیدارەی سلێمانی


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا لە دژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تۆمەتباری کرد بە پشتیوانیکردن لە " تیرۆر".

لە دەمی گەڕانەوەی لە میسر لە ناو فڕۆکەکە لە لێدوانیدا بۆ پەیامنێران، ئەردۆغان ڕایگەیاند " بەداخەوە ئیدارەی یەکێتی بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەکانمان."

گوتیشی"دەتوانین ھەموو ھەنگاوەکان لەگەڵ دراوسێیەکانمان لە ناوچەکە بگرینەبەر، بە مەرجێک ڕێگا نەدرێت قەوارەیەکی تیرۆریستیی لەسەر سنوورەمان دابمەزرێت."

ئەردۆغان گوتیشی "کاتێک پرسەکە مانەوە و ئاسایشی نیشتمانییمان بێت، هەتا کۆتایی دەرگاکانی لێبوردەیی دادەخەین و چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین."

بەڵام ئەردۆغان گوتیشی "ئەو به‌ره‌وپێشچونه‌ی لەگەڵ ئیدارەی هەولێر بەدەستمان هێناوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا دەڕوات."

پێشتریش لە سەرەتای ئەم مانگە ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ئانادۆڵۆی‌ توركیا‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژەی بەوە کردووە، هەبوونی پەیوەندی لە نێوان یەکێتی و پەکەکە، "یەکێتی خستووەتە ڕیزی دووژمنانه‌وه‌" بە پێی قسەی ئاژانسەکە هاکان فیدان وتویەتی،" ماوه‌یه‌كی زۆره‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكدایه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی‌ كوردستان بچێته‌ ڕیزی دووژمنانه‌وه‌."

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە سلێمانی، سنوور کەریمی ڕاگەیاند،" ئێمە لەگەڵ ئەو حزبانە پەیوەندیمان هەیە کە فەرمین و غەیری ئەوە پەیوەندیمان نییە. سیاسەتی و نەهجی یەکێتی ئەوەیە هاوکاری پارچەکانی تر دەبین لە ڕووی سیاسی و دپلۆماسی هەتا بە ئامانجەکانی خۆیان دەگەن، وە لەگەڵ ئەوەداین پرسی نەتەوەکەمان بە ئاشتیانە چارەسەر ببێت، وە نەمان شارووەتەوە لە هەموو خیتابێکدا ئەمەمان وتووە کە پشتگیری خەباتی سیاسی پارچەکانی ترین، بەڵام ئەوەی لەم هەرێمە دەگوزەرێت ئەوەیە کە کۆمەڵیک تۆمەت دەخرێتە پاڵ یەکێتی.

لە هەفتەی ڕابردووش وەزیری بەرگری تورکیا یەشار گویلەرسەردانی عێراق و هەرێمی کوردسستانی کرد و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و هەولێر ئەنجامدا، فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و پسپۆڕی بواری سەربازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدەن لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە موسڵ، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوکاریان بکەن و بەشدار بن لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن."

بەرێز یاوەر لە لێدوانەکیدا بۆ پەیامنێرمان سنوور کەریم، گوتیشی " هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئامانج لێی قەناعەت پێکردنیانە بۆ بەشداری شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە. ئەوان دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزەراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕووی ئاسمانی و زەمینی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە گەریلا لە ناو ببەن."

لە مانگی چواری ساڵی 2023 وە هێڵی ئاسمانی تورکیا گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت بەهۆی ئەوەی گوایە جموجۆڵی پەکەکە لە سلێمانی زیادی کردووە و ئەمەش یەکەم جار نەبوو ئەو گەشتانە ڕابگیرێن، پێشتریش لە ساڵی 2017 گەشتی ئاسمانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانیش ڕاگیران.

بەشێک لەم ڕاپۆرتە لە ئاژانیس ئەنادۆڵۆ وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG