Accessibility links

گوهدار زێباری بە بێ ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکەی، لە بەرامبەر بینای فاملی مۆڵی هەولێر ئازاد دەکرێت


گوهدار زێباری و پارێزەرەکەی، بەشدار حەسەن
گوهدار زێباری و پارێزەرەکەی، بەشدار حەسەن

گوهدار زێباری دوای زیندانیکردنی بۆ ماوەی 1213 ڕۆژ بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەمڕۆ 17ی مانگی دوو لە بەرامبەر فاملی مۆڵ لە هەولێر لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئازاد دەکرێت.

زێدان زێباری برایەکی گوهدار لە وەڵامی داواکاری دەنگی ئەمەریکا لەسەر وردەکارییەکانی چۆنییەتی ئازادکردنی براکەی تەنها ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت کە" گوهدار ئازادکراوە و دەیگەڕێنینەوە بۆ ئاکرێ و لەم ڕۆژانەدا خۆی قسەی دەبێت لەسەر ئازادکردنەکەی."

گوهدار لە 22 ی مانگی دەی 2020 دەستگیرکرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ حوکمی 6 ساڵ زیندانی بەسەردا درا بە پێی یاسایەکی کۆنی عێراق. پاشان بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێم سزاکەی بۆ کەمکرایەوە، بەڵام دوو کەیسی دیکەی لە دژ تۆمارکرا بەر لەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە 16 ی مانگی سێی 2023 تەواوببێت، جارێکی دیکە حوکمی زیندانی بە سەردا درایەوە بە تۆمەتی گۆڕینی "لۆگۆی ئۆتۆمبیلەکەی".

گوهدار ئەو ڕۆژەی دەستگیرکرا، وەک هێزە ئەمنیەکان باسی دەکەن چەکێکی تاپڕ لە ئۆتۆمبیلەکەیدا گیراوە. لە 24 ی مانگی هەشت دادگا بڕیاری دا کەیسەکە لە ئاسایشی گشتییەوە بگوێزرێتەوە بۆ دادگای کەتنی هەولێر، بەڵام ئاسایش بڕیارەکەی جێبەجێ نەکرد.

ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیان بادینان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت،" دواجار و دوایی 1213 ڕۆژ و سێجارلە تەواوبوونی ماوەی زیندانیکردنی و فشارێکی زۆری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و چاوەڕوانیەکی زۆر، ڕۆژنامەنوس گوهدار زێباری بە شێوازێکی ناشرین، لە بەرامبەر فاملی مۆڵی هەولێر بە بێ ئاگاداری کەسوکاری ئازادکرا."

ئەیهان باس لەوەشدەکات،" ئەوانەی لە زینداندان ماون، مەترسی جدی( تیرۆری بایلۆجی) لەسەر ژیانیان هەیە و دەسەڵات پیلانێکی دیکەی بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازیەکانی ئەو دەڤەرە داڕشتووە و ڕێگە نادات بەشداری لە هیچ چالاکیەکی مەدەنی بکەن."

دوای ئەوەی لە 16 ی مانگی دووی 2021 گوهدار زێباری و هەریەک لە ئەیاز کەرەم و شیروان شێروانی و هاریوان عیسا و مەلا شڤان لە دادگای هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی سزادران و دواتر لە مەرسومێکی تایبەتی سەرۆکی هەرێمدا سزاکەیان بە ڕێژەی لە %60 کەمکرایەوە.

لەگەڵ ئازادکردنی گوهدار، کەسوکاری شیروان شێروانی ڕایدەگەیەنن، کە هیچ بڕوامان بەوە نیە شیروان ئازاد بکرێت و دڵنیاین دوای تەواوکردنی ماوەی یاسایی، کەیسێکی تری بۆ دروست دەکرێت و سزا دەدرێتەوە.

بارزان شێروانی برای شیروان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئاگادارین کە گوهدار ئازادکراوە و پێی دەڵخۆشین، بەڵام شیروانی برامان کە هێشتا لە زینداندایە و دۆخی هیچ باش نیە و خراپە، چونکە نە خۆیی و نە ئێمە وەکو کەسوکاری هەست بە ئارامی ناکەین کە لە نێو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێردایە و داوامان کردووە لە هەولێرەوە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی."

لە کۆی گشتی دۆسییەی زیندانیانی بادینان، دوای ئەوەی ئەمڕۆ گوهدار زێباری ئازادکرا، لە ئێستادا هەریەک لە ڕۆژنامەنوس شیروان شێروانی و قەهرەمان شوکری و سلێمان ئەحمەد و عەباس ئاڤاشین لە زینداندا ماون.

XS
SM
MD
LG