هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر پاشگەز دەبێتەوە لە کاندیدکردنی کوڕێکی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە، دوای ئەوەی عەشیرەتێکی گەورەی پارێزگاکە دژی بڕیارەکەی عامری وەستانەوە.
محەمەد جاسم عمێری، کوڕی سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق لەلایەن هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدرەوە بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە کاندیدکرا، بەڵام عەشیرەتی (بەنی تەمیم) دژی کاندیدکردنی وەستانەوەو عامرییان ناچارکرد پاشگەز ببێتەوە لە بڕیارەکەی.
سەرچاوەیەک باڵا و بەشدار لە دانوستانی نێوان لایەنەکانی پارێزگای دیالە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناکۆکی لەناو عەشیرەتی بەنی تەمیم دا هەیە لەسەر پۆستی پارێزگار، موسەنا تەمیمی پارێزگاری ئێستای پارێزگاکە چاوی لە بەدەستهێنانەوەی پۆستەکەیەتی، بەڵام چەند گروپێکی ناو عەشیرەتەکەی دژی ئەوەن پۆستەکەی پێبدرێتەوە."
لە مانگی 5 ی ساڵی 2015، موسەنا تەمیمی وەکو پارێزگاری دیالە دەست بەکاربوو، لەوکاتەوە تا ئێستا پۆستی پارێزگاری دیالە بەڕێوە دەبات و چاوی لەسەر مانەوەیەتی لە پۆستەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
موسەنا تەمیمی هەرچەندە لەسەر لیستی ڕێکخراوی بەدر پۆستەکەی وەرگرتووە، بەڵام ژمارەیەک بەرپرسی ڕێکخراوەکەی دژی مانەوەیین لە پۆستی پارێزگارداو داوای گۆڕینی دەکەن، ئەمەش وایکرد کوڕی سەرۆکی دادگای فیدراڵی لەلایەن هادی عامرییەوە بۆ جێگرەوەی کاندید بکرێت.
سەرچاوە باڵاکەی پارێزگای دیالە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، دەڵێت،"حاجی زیاد بریکاری وەزارەتی دادی عێراق و کەسی یەکەمی ڕێکخراوی بەدر لە دیالە، محەمەد رەزا بەرپرسی عەسایبی ئەهلی حەق و ئەحمەد موسەوی پەرلەمانتاری عێراق، هەموو ئەمانە لە عەشیرەتی بەنی تەمیمن و دژی ئەوەن پۆستەکە بدرێتەوە بە موسەنا تەمیمی."
دەشڵێت،"ئەوانەی دژی پێدانەوەی پۆستی پارێزگارن بە موسەنا تەمیمی و ناڕازین لێی، هەست دەکەن لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەرژەوەندییان لەبەرچاو نەگیراوەو پەراوێزخراون."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ڕێکخراوی بەدرو دەوڵەتی یاسا پێکەوە 4 کورسی، عەسایبی ئەهلی حەق 2 کورسی، کوتلەی ئەساسی موحسن مەندەلاوی 1 کورسی، تەقەدوم 3 کورسی، سیادە 3 کورسی، عەزم 1 کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان 1 کورسییان لەکۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە هەیە.
سەرچاوەکە دەڵێت،"لایەنەکان ڕێککەوتوون پۆستی پارێزگار بۆ بەدر بێت، بەڵام ناکۆکی ناوخۆیی بەدرو عەشیرەتی بەنی تەمیم کێشەی دروستکردووە، گەر حاجی زیادی بەرپرسی یەکەمی بەدر پێداگیربێت لەسەر دژایەتی موسەنا تەمیمی، ئەندامێکی ئەنجومەنی بەدر دەنگی پێنادات."
دوای کاندیدکردنی محەمەد جاسم عمێری بۆ پۆستی پارێزگاری دیالەو جێگرەوەی موسەنا تەمیمی، بەشێک لە عەشیرەتی تەمیم لە پارێزگای دیالە چوونە بەردەم بینای پارێزگاو خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ڕەتیانکردەوە ڕێگە بدەن هیچ کەسێک ببێتە جێگرەوەی موسەنا تەمیمی.
هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو لە بڕیاری کاندید کردنی کوڕی سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ پارێزگاری دیالە پاشگەزبوویەوە، سوپاسی سەرۆکی دادگاشی کرد بۆ ڕازیبوونی بە کاندید کردنی کوڕەکەی.
هادی عامری ڕایگەیاند،"بەهۆی ناکۆکی نێوان ڕۆڵەکانی هۆزی بەنی تەمیم بڕیاریداوە کوڕەکەی دادوەر جاسم عمێری بۆ پۆستی پارێزگار کاندید بکات، ئەمەش وەکو کاندیدی چارەسەر، داوا لە هۆزی تەمیم دەکات لەناو خۆیاندا ڕێکبکەون و کۆتایی بە کێشەکە بهێنن."
سەرباری ناڕەزایەتی عەشیرەتی بەنی تەمیم لە کاندیدکردنی محەمەد جاسم عمێری کوڕی سەرۆکی دادگای فیدراڵی بۆ پۆستی پارێزگار، بەڵام ناوبراو هەندێک لە مەرجە یاساییەکانی بوون بە پارێزگاری تێدا نەبووە، لەوانە تەمەنی کەمتربووە لە 30 ساڵ و 10 ساڵیش خزمەتی وەزیفی نەبووە.
شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی کە خاوەنی کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"خاڵێکی بنەڕەتی لە دیالە کە شیعەو کورد و سونە دانی پێدا ناوە مەسەلەی هاوسەنگییە لە پۆستە سیادییەکان، بەتایبەت پۆستی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکانیان."
ئەو وتیشی،"وردەکاری دانوستان لەسەر پۆستەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەمێنێتەوە بۆ قۆناغی دواتر، گفتووگۆکانمان مەرکەزین و لە موسڵ و دیالەو کەرکوک و سەڵاحەدین گرێدراوی یەکترین."