Accessibility links

زیاتر لە 240 مامۆستای ئایینی داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد دەکەن


ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی کورد لە نامەیەکی هاوبەشدا داوا لە بەرپرسی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد کە بە سزایەکی نادادپەروەرانە ناوی دەبەن، هەڵبوەشێنێتەوە و ئازادی بکەن.

لەو نامەیەدا کە لەلایەن 242 مامۆستای ئایینی کوردەوە واژۆ کراوە، داوا لە بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران کراوە کە دادگاییکردنی مامۆستا محەمەد خزرنەژاد لەبری دادگای ئینقلاب لە دادگای تایبەتی ڕوحانییەت [ دادگایەکی تایبەتە بە دادگاییکردنی کەسانی ئایینی ] بەڕێوەبچێت.

لە نامەکەی ئەو مامۆستایانەی کە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە سزای محەممەد خزرەنەژاد دەربڕیوە، تۆمەتی ئەندامێتی ئەو مامۆستا ئایینییەیان لە گرووپی داعش بە "درۆیەکی ڕەها " ناوبردووە و جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەو هەمیشە کەسێکی میانڕەو و دژی توندڕەوی بووە.

مامۆستا محەمەد خزرنەژادی تەمەن 45 ساڵ کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ژینا دەستبەسەرکرا، لەلایەن لقی 3ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری ورمێوە بە سەرۆکایەتی دادوەرێک بە ناوی ڕەزا نەجەفزادە، بە تۆمەتەکانی ' گەندەڵی لەسەر زەوی ( افساد فی الارض )، " زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات " و " پڕوپاگەندە دژی حکومەت " سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان پیشتر لە هەواڵێکدا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە شاری ورمێ بڵاویکردبووە کە دادگاییکردنی مامۆستا خزرنەژاد لە چوار دانیشتنی کورتدا بەڕێوەچووە کە دوا دانیشتنیان لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بەبێ مافی پارێزەر بەڕێوەچووە و دادوەرەکە بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوەکان و قسەکانی تۆمەتبارەکە، تەنها بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات ئەو سزایەی بەسەردا سەپاندووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی هەروەها نووسیبووی محەممەد خزرنەژاد لە ماوەی 3 مانگ و نیودا لە ژووری تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕووی قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مانگی یازدەی ساڵی 2022 لەگەڵ کوڕەکەی یاسر خزرەنژاد لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی ناچار بە دانپێدانان کراوە لە دژی خۆی. کوڕەکەی ئەو مامۆستا ئایینیە دوای چەند ڕۆژێک لەدەستبەسەربوونی ئازاد کراوە.

بە گوێرەی هەواڵەکان، دەستگیرکردنی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد دوای مەراسیمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی یەکێک لە کوژروانی خۆپیشاندانەکانی ژینا بووە کە تیایدا لە مزگەوتی فەخری بوکان وتارێکی پێشکەش کردووە و ڕەخنەی لە حکومەت و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هاووڵاتیانی ناڕازیدا گرتووە.

XS
SM
MD
LG