لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە بەرامبەر ژمارەیەک گۆڕانکاری لە ناو پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، ناکۆکی لە نێوان هەریەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان دروست بووە و لە سلێمانی و گوڵەخانە چەند جارێک ناکۆکیەکان گەشتوونەتە ئاستی بەکارهێنانی چەک لە دژی یەکتری .
ئەمڕۆ یەکشەمە 18ی مانگی دووی 2024 پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بە بڕیاری محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، لیوا سەلاح عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای کاروباری پێشمەگە لە پۆستەکەی لادرا و حسێن خەلیفە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالست لە جێگەی دانرا، ئەم گۆڕانکاریانەش گرژیان بە دوای خۆیدا هێنا و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەرەو گوڵەخانە جوڵەیان پێکراو لە بارەگاکانی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و گوڵەخانە حێگیر کران .
مەهدی فایەق نوێنەری ڕێگەپێدراوی محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک بە چەک لە گوڵەخانە ڕووی نەداوە، ئەو گۆڕانکاریانەی کە کراون بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان کراون و هەمویان لە چوار چێوەی بڕیارەکانی حیزبدان" .
عەبدوڵا حاجی مەحمود جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، سەرجەم گۆڕانکارییەکانی پارتەکەی بە ناپەیڕەوی ناو دەبات و لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ڕوداو ئاماژەی بەوەکردوە، "هێزێکی 600 کەسی لە سۆسیالست دروستکراوە کە سەربە یەکەی 80ی پێشمەرگەن و تەقەیان لە ماڵەکەی لە گوڵەخانە کردووە".
لە میانی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و بەپرسی مەڵبەندەکانی هەولێرو بادینان ئەمڕۆ یەکشەمە لە هەولێر عەبدوڵا حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەکردووە " هەر گۆڕانکاریەک بکرێت دەبێت لە چوارچێوەی پەیڕەودابێت".
دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە هەریەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.
هێزێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەشێکیان لە بارەگاکانی حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی بارەگاکان لە سلێمانی جێگیرکران و لە بەردەم گوندی گوڵەخانە، کە بارەگای سەرەکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانی لێیە، بەشێکی دیکە لە هێزەکان جێگیر کراون .
ڕێگەپێدراوی محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕوونکردەوە " هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە چوارچێوەی حزبەکەیان و ماڵی عەبدوڵای حاجی مەحمودیش دەستی بەسەردا نەگیراوە".