سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا سکاڵاکانی پەیوەست بە ژمارەیەک لە مادەکانی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدڕاڵی یەکلانەبوونەوە، بەڵام هێزە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەن و لیستێکی نوێش لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی دەبێت.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 18ی مانگی دووی 2024 لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشوی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، بەیانامەیەکی بڵاوکردەوە دەڵێت" داواتان لێبکەم کە گرنگە لە ئێستاوە بە هیوا و ئومێدێکی زۆرەوە خۆتان ساز و ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، زۆر گرنگە بە بایەخەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە بڕوانن، کە چەند جارێکە بە ئەنقەست و لە ترسی گۆڕانکاری دوادەخرێ"
شادومان مەلا حەسەن کەسێکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بەدڵنیاییەوە کاک لاهور لیستی تایبەت بەخۆی دەبێت، سەرەڕای ئەو کێشە سیاسیانەی کە لە ڕابردوو ڕوویاندا، ئەو لە پرۆسەی سیاسی دانەبڕواوە، هەموو ئامادەکاریەکانمان کردووە، لەگەڵ کرانەوەی دەرگای تۆمارکردنی قەوارە سیاسیەکان، لیستەکە تۆماردەکەین".
ئەو کەسایەتیە نزیکە لە لاهور شێخ جەنگی وتیشی، " تا ئێستا لیستێکی کراوەیە، داهاتوو بڕیار دەدات وەک حزب تۆماردەکرێت یان نا، دەرگای لیستەکە کراوەیە بۆ هەموو ئەوانەی لە خەمی چاکسازیدان ".
لە دواین دانیشنی داگای فیدڕاڵی کە دوێنێ یەکشەممە بەڕێوەچوو، بۆ جاری دوازدەهەم، داگای فیدڕاڵی یەکلاکردنەوەی سکاڵاکانی پەیوەست بە بەشێک لە مادەکانی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کورستانی بۆ 21-2-2024 دواخست.
دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی نەرێنی درووستکردووە، هیوادارین چوارشەممە، دادگا دواین بڕیار بدات تا سەرۆکی هەرێمی کورستان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمسیۆن کاتێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکات".
چاودێرێکی سیاسی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت " پارتی و یەکێتی" کار لەسەر بەهێزکردنی بلۆکبەندیەکانی سنوری خۆیان و تێکشاندنی بلۆکبەندی سنوری بەرامبەر دەدەن، ئەوەش وایکردووە هەرێمی کوردستان دابەش بێت بەسەر دوزۆندا.
هادی حەمەڕەشید چاودێری سیاسی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند" هەمیشە لەناوخۆی ئەم دوو هێزەدا، لێکتران هەیە و بلۆکبەندی جیاوازی دروست بووە، پارتی و یەکێتی لە فۆڕمی جیاوازدا بلۆکبەندی جیاوازلە سنوری یەکتری دروست دەکەن، لە شەستەکانەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
یەکێتی نشتیمانی کوردستان، دەڵێن سورین لەسەر سکاڵاکەمان لە دادگای فیدڕاڵی و ئامادەی هەڵبژاردنین، دروست بوونی لیستی نوێ لە سنوری زۆنی سەوز هیچ کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکیتی نابێت .
حەیدەر نیعمەت بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی 9ی شارەزوور لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و لە پێناو هەموو هێزە سیاسیەکان سکاڵای لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکردوە، لەگەڵ هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا، دڵنیاین لە ئایندەدا ئەم سکاڵایەی یەکیتی بڕیاری لەسەر دەدرێت ".
حەیدەر نیعمەت سەبارەت بە دروست بوونی لیستێکی نوێ لە سلێمانی لەلایەن لاهور شێخ جەنگی وتی، " یەکێتی هەموو ئۆگانەکانەی ئامادە کردووە، بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، دروست بوونی هەر لیستێکی نوێ کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکیتی نابێت، چونکە خەڵک گەشتووەتە ئەو باوەڕەی دەبێت هاوسەنگی هێز یەکسان بکرێتەوە، لە ڕابردووشدا لیستی دیکە دروست بوون کاریگەریان لەسەر دەنگەکانمان نەبوو".
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت " هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا لیست یان قەوارەیەکی سیاسی دروست بکات، هەر مامەڵەیەکیش لەلایەن حکومەتەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی کراوە، لە چوارچێوەی ڕێکاری ئیداری و یاسایی حکومەتدایە.
بەکر ساڵح لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی لقی 12 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " لە هەرێمی کوردستان یاسای هێزە سیاسیەکان لە وەزارەتی ناوخۆ هەیە، هەر کەسێ بیەوێت حزب یان قەوارەی سیاسی دروست بکات لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە دەتوانێت، ڕێکارەکان بگرێتە بەر، ئەگەر کاک مەسرور یان کاک قوباد لە حکومەتبن دەبێت ئەو مۆڵەتە بدەنە ئەو کەسەی کە داوای کردووە، ئیدی بۆ هەر کەس و قەوارەیەک بێت کە دەرگا یاساییەکاندا بڕوات" .
بەکر ساڵح وتیشی، بزوتنەوەی ئیسلامی بوون بە دووبەشەوە، ئەو بەشەی کە تازە دروست بووە، داوای مۆڵەتیان کردووە، پێویستە یەکێتی و پارتی تێڕوانینی نەرێنیان نەبێت لەسەر ئەم داواکاریانە".
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاندووە، لە نێوان 19 بۆ 30ـی ئایارى 2024 دەتوانێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەرێوەبەرێت.